وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەدواداچوون بۆ دوایین كارەكانی پڕۆژەی ماستەرپلانی هەڵەبجە دەكات

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ لێژنەكانی سەرپەرشتیاری و بەدواداچوونی پڕۆژەی ماستەرپلانی هەڵەبجە كۆدەبێتەوە و بەدواداچوون بۆ دوایین كارەكانی ئامادەكردنی ماستەرپلانی شارەكە دەكات و جەخت دەكاتەوە كە پڕۆژەی ماستەرپلانی هەڵەبجە یەكێكە لە پڕۆژە گرنگەكانی حكوومەت و پێویستە لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 27/5/2025 بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار كۆبوونەوەیەكی گرنگ بەمەبەستی بەدواداچوونی دوایین كارەكانی ئامادەكردنی ماستەرپلانی شاری هەڵەبجە بەڕێوەچوو. لەو كۆبوونەوەیەدا كە بە سەرپەرشتیی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئامادەبوونی ڕاوێژكار، بەڕێوەبەری گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و سەرۆكی شارەوانیی هەڵەبجە و بەڕێوەبەری نەخشەدانانی ئاوەدانیی هەڵەبجە و سەرۆك و ئەندامانی لێژنەكانی سەرپەرشتیاری و بەدواداچوونی پرۆژەكە بەڕێوەچوو، تێیدا دوایین زانیارییەكان لەبارەی بەرەوپێشچوونی پڕۆژەكە و ئاستەنگەكانی بەردەمی و چارەسەركردنیان تاوتوێ كران.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار تیشكی خستە سەر گرنگیی پڕۆژەكە بۆ شاری هەڵەبجە بەوەی دەبێتە هۆی گەشەكردن و بووژانەوەی شارەكە و گرنگییەكی زۆری بۆ دانیشتووانی شاری هەڵەبجە دەبێت، ئاماژەی بەوەش كرد ئەم پڕۆژەیە لەمیانەی سەردانەكەیدا بۆ پارێزگەی هەڵەبجە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا ماستەرپلان بۆ هەڵەبجە دابنرێت بۆ ئەوەی شارەكە ببێتە خاوەن ماستەرپلانی خۆی. هەر لە كۆبوونەوەكەدا جەختكرایەوە كە پڕۆژەی ماستەرپلانی هەڵەبجە گرنگییەكی زۆری بۆ شارەكە هەیە و پێویستە لە كات و وادەی دیاریكراوی خۆیدا تەواو بكرێت و بچێتە بواری جێبەجێكردنەوەوە.