ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەرکەکانی خۆی لە دۆسیەی ونبووەکان و شوێنبزرووەکان جێبەجێ بکات
ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٧ی ئایاری ٢٠٢٥، لە بەغدا بە سەرپەرشتی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە دکتۆر فوئاد حسێن و بە بەشداری شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی پسپۆڕانی هەرێمی سەبارەت بە کەسە ونبووەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بەسترا. لە کۆنفرانسەکە نوێنەرانی هەشت وڵات و نێردە دیپلۆماسییەکان کە لە بەغدا پەسەند کراون، ئامادە بوون.
لە میانەی کۆبوونەوەکەدا، دکتۆر دێندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وتارێکی پێشکەش کرد تێیدا جەختی لە پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ونبووەکان و دڵنیابوون لە لێپرسینەوە لە تاوانەکانی شوێن بزربوونی زۆرەملێ کرد.
هەروەها جەختی کردەوە: گەلی کوردستان زۆرترین زیانی لەوتاوانانە بەرکەوتووە، لە تاوانی بەدناوی ئەنفالەکانوە تا تاوانەکانی داعش دژ بە ئێزیدییەکان و کەمینەکانی تر. ئاماژەی بە ونبوونی زیاتر لە ١٨٢,٠٠٠ هاووڵاتی مەدەنی لە کاتی ئەنفالدا کرد، کە لە نێویاندا ٨,٠٠٠ پیاوی بارزانی بوون، و باسی لە دەرهێنانی بەشێک لە تەرمەکانی قوربانییەکان لە زیاتر لە (٥٠) گۆڕی بەکۆمەڵ لە سەرتاسەری عێراق کرد، کە ٣,٦٥٩ قوربانی روفاتەکانیان گەڕێنراوەتەوە سەر زێدی خۆیان.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان هەروەها باسی لە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ رزگارکردنی قوربانییەکانی داعش کە ژمارەیان ٦,٤١٧هاووڵاتی سڤیله بە هەوڵەکانی حکومەت، ٣,٥٨٧ کەس رزگار کراون، ٢,٨٣٠ کەس هێشتا لە چارەنووسیا نادیارە.
لەلایەکی دیکەو سەرنجی خستە سەر کاری هاوبەش لەگەڵ تیپی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNITAD)، کە بووە هۆی پاراستن و دیجیتاڵ کردنی زیاتر لە ٤٠٨,٠٠٠ لاپەڕە لە پەڕگەکانی لێکۆڵینەوە، کە بناغەیەکن بۆ پرۆسەی دادوەرییەکان دژ بە تاوانبارانی داعش لە داهاتوودا.
هەروەها باسی لە هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێم کرد بۆ یارمەتیدانی ڕزگاکراوان وەک ناردنی زیاتر لە (١٠٠٠) ئافرەتی ڕزگارکراو بۆ وڵاتی ئەڵمانیا، دامەزراندنی پەیمانگای چارەسەری دەروونی لە دهۆک، سەنتەری بەڵگەنامەکردنی تاوانەکانی سێکسی پەیوەندیدار بە جینۆساید، و سەنتەرێکی تایبەت بۆ یارمەتیدانی ئافرەتانی رزگارکراو هەیە. ئەم دامەزراوانە پشتگیری دەروونی و یاساییان بۆ زیاتر لە ١,٢٧٨ رزگاربوو پێشکەش کردووە. هەروەها، پێشکەوتنەکانی پزیشکی دادوەری، لەوانە ناسنامەکردنی DNA بۆ دیاریکردنی تەرمەکان و کۆتاییهێنان بە ئازاری کەسوکاری قوربانییەکان پیشان دران.
دێندار زێباری هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە گەڕانەوەی ئاوارەکان ڕوون کردەوە و وتی: هیچ کەسێک بە زۆر ناگەڕێندرێتەوە، بەتایبەتی بۆ ئەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی داعشدا بوون. گەڕانەوەی ئارامی و سەقامگیری، بنەمایەکی سەرەکی سیاسەتی مرۆیی حکوومەتی هەرێمە.
دێندار زێباری ئاماژەی بە ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە دۆسیەی ونبووەکان و کەسانی بە زۆر ونبووەکان کرد و وتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتگیری لە ڕاسپاردەکان کردووە کە لە کاتی گفتوگۆکانی پانۆرامای خولی گشتگیریی عێراق کە لە ساڵی ٢٠٢٥دا پێشکەش کراون. ئەم پێشنیارانە بریتین لە ناساندنی شوێنبزرکردنی زۆرەملێ وەک تاوانێکی سەربەخۆ، فراوانکردنی توانای لێکۆڵینەوە، دامەزراندنی تۆمارێکی نیشتمانی بۆ ونبووەکان، و پتەوکردنی پاراستنی کەمینەکان، ئافرەتان و منداڵان. ئەم هەنگاوانە بەشێکن لە پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ (٢٠٢١-٢٠٢٥)، کە دادوەری، لێپرسینەوە و پشتگیری رزگاربووان لە کڕۆکیدایە.
لە کۆتاییدا، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان داوای کردکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەرکە مرۆییەکانی خۆی جێبەجێ بکات و پشتگیری تەکنیکی، دارایی و لۆجستی پێشکەش بکات بۆ خێراکردنی لێکۆڵینەوە لە حاڵەتەکانی شوێنبزرکردنی زۆرەملێ. جەختی کردەوە کە بەدەستهێنانی پێشکەوتنی بەرچاو پێویستی بە هاوکارییەکی بەردەوام هەیە لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی فیدراڵی عێراق و هاوبەشانی نێودەوڵەتی، بە مەبەستی رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم تاوانانە، بەدیهێنانی دادوەری، و پێشکەشکردنی وەڵامە چاوەڕوانکراوەکان بۆ کەسوکاری ونبووەکان.