به‌ گوژمه‌ى نزیکەى ( 2 ملیار دینار ).. بەردی بناغەی ( پرۆژەی دروستکردنی شەقامە ناوخۆیەکانی ناوچەی پەرپێدانی نزیک گوندی پیرەش) دانرا

ئەمڕۆ سێشەممە 2025.5.27، لە ژێرچاودێرى ساسان عەونى، وەزیرى شارەوانى و بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، له‌ ڕێوره‌سمێكدا به‌ گوژمه‌ى ( 1 ملیار و 832 ملیۆن و 920 هەزار دینار ) لەسەر بودجەی وەبەرهێنانه وەزارەتی شارەوانی، بەردی بناغەی قۆناغى دووەمى ( پرۆژەی دروستکردنی شەقامە ناوخۆیەکانی ناوچەی پەرپێدانی نزیک گوندی پیرەش) دانرا، کە بەشێوەی راستەخۆ لەلایەن سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر جێبەجێ دەکرێت.

لە رێورەسمەکەدا، کە هەریەک لە کارزان عەبدولهادى، سەرۆکى شارەوانى هەولێر و محەمەد یوسف، بەڕێوەبەرى شارەوانى سێ و ژمارەیەکى تر لە خاوەن زەوییەکانى ناوچەکە ئامادەى بوون، وەزیرى شارەوانى تیشکى خستە سەر پڕۆژەکە و ئاماژەى بەوەدا کە ئەوەش دەرەنجامى ئەو بەڵێنانەیە حکومەتى هەرێمى کوردستان بەهاوڵاتییانى داوە و لە سەر ڕاسپاردەى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەهەر کوێیەک پێویست بێت بۆ باشترکردنى بارو گوزەرانى هاوڵاتییان پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی پێ بگات، هەروەها ئاماژەى بە پڕۆژەى فریاگوزارى خێراى گەیاندنى ئاوى هەولێردا، کە پڕۆژەیەکى ستراتیژى و گرنگى شارى هەولێر و لەماوەى کەمتر لە 8 مانگ کارکردن لەو پڕۆژەی بەرەوپێشچوونى زۆرى بەخۆیەوە بینیوە.

پاشان پارێزگارى هەولێر، وێڕاى پیرۆزبایی لە دانیشتوانى سنوورەکە، ئاماژەی بەوەدا، ئومێد دەکەین دۆخى دارایی باشتر بێت و بودجەى پێویستمان لە بەردەست بێت تاکو بتوانین خزمه‌تگوزاریى زیاتر و باشتر پێشكه‌ش بکەین.

گوتیشى:” بێگومان ئەگەر ئەو زوڵم و ستەمی حکومەتی عێراقی نەبووایە لە بڕینی بوودجەی هەرێمی کوردستان، ئەوا ئەو پێشکەوتن و ئاوەدانیەی ئەمڕۆ لە هەولێری پایتەخت و هەرێمی کوردستان دەیبینن زۆر زیاتر دەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە ژێر فەرمان و ڕاسپاردەی ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بەو چاکسازییانەى ئەنجامدراون بە شێوەیەکى یەکسان لە نێوان شار و دەرەوەی شار ئەنجامدراون، خواستى ئێمەش ئەوەیە خزمەتى زیاتر پێشکەش بە سەرجەم هاوڵاتییان بکەین و دەستى ئاوەدانی بگەێنین بە هەموو ئەو شوێنانەى کە پێویستیان بە ئاوڕلێدانەوە هەیە”.

پارێزگارى هەولێر هەروەها سوپاسى وەزارەتى شارەوانى و وەزیرى شارەوانى کرد، کە لەچوارچێوەى بەرنامەکانى وەزارەت، گرنگى هەولێر لەناو بەرنامە و پلانەکانیاندایە، هەروەها دەست خۆشى لە سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر و بەرێوەبەرایەتى شارەوانى سێ کرد کە ئەوانیش خەمخۆران و پەرۆشانە ئەوکارەیان ئەنجامداوە.

جێگەى باسە، قۆناغى دووەمى ( پرۆژەی دروستکردنی شەقامە ناوخۆیەکانی ناوچەی پەرپێدانی نزیک گوندی پیرەش)پێکهاتووە لە کاری لێدانی کێربستون بۆ سەرجەم شەقامە ناوخۆیەکان بە درێژی( 53 کم ) و تێکەڵە ڕێژی چینی دووەم بە رووبەری (230 هەزار )مەتر2