بە سەرپەرشتى پارێزگارى هەولێر، کۆبوونەوەیەک بۆ بەدواداچوون لە کارەکانى پڕۆژەکانى فریاگوزاریى خێرا، بەستنەوەی هێڵە ناوخۆییەکان، چارەسەرى کێشە و گرفتەکانى ئاو بەڕێوەچوو

بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر، له‌ دیوانى پارێزگا، کۆبونەوەیەکی تایبەت بۆ بەدواداچوون لە کار و دەرەنجامى پڕۆژەکانى فریاگوزاریى خێراى ئاوى هەولێر و بەستنەوەی پڕۆژەکە بە تۆڕە ناوخۆییەکانی ناوشار و پرۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری و چارەسەرکردنى کێشە و گرفتەکانى ئاو لە هاویندا ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکە دا، کە هەریەک لە جێگری پارێزگار و قائیمقامی ناوەندى و سەرۆکى شارەوانى و بەڕێوەبەرى گشتیى شارەوانییەکان و به‌ڕێوه‌به‌ری ئاوی هه‌ولێر و به‌ڕێوه‌به‌ری ئاوى ده‌وروبه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری EJCC و به‌رپرسی مولیده‌ ئه‌هلییه‌كان ئامادەی بوون، پارێزگارى هه‌ولێر، دواى بەدوا داچوون بۆ کارەکانی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر و بەستنەوەی پڕۆژەی خێرای ئاوی هەولێر‌ بە تۆڕە ناوخۆییەکانى ناوشار و پرۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری، دەستخۆشى لە هەرسێ کۆمپانیاى جێبەجێکار ( هێمن گرووپ، کەى وەن، ئاوزان ) کرد و باسی لە گرنگيی پرۆژەكان کرد بۆ شارى هەولێر و بووژانەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی و دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هاوڵاتییان.
هەروەها خۆشحاڵيی خۆی نیشاندا کە پڕۆژەکان قۆناغى باشیان بڕیووە، بەتایبەتى پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر و بەستنەوەی پڕۆژەی خێرای ئاوی هەولێر‌ بە هێڵە ناوخۆییەکان و تۆڕەکانى ناوشار و ئاماژەى بەوەدا بە پێى ڕێژەى ئەو کارانەى ئەنجامدراوە، سەرەتای مانگی حەوت بەشێک لەو گەڕەکانەی کەوتوونەتە نێوان شەقامی ڕەشکین و تاوەکو شەقامی کۆیە و پێشتر بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی دووچاری کەم ئاوی هاتبوون، ئەم هاوینە ئاوی ئەو پڕۆژە ستراتیژیە دەگاتە گەڕەکەکانیان و کێشەی ئاویان نامێنێت.
لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، سەبارەت بە نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەى کەم و کوڕییە تەکنیکیەکانى بیرەکان و چاره‌سه‌ركردن و دابینکردنى کارەباى 24 کاتژمێرى بیرەکانى هەموو ئەو شوێن و گه‌ڕه‌كه‌كانەى کە کارەبایان نەبۆتە 24 کاتژمێرى و بەو هۆیەوە گرفتى کەم ئاوى دروست دەبێت، پارێزگارى هەولێر، ڕایگەیاند لە سەر ڕەزامەندى ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بڕی ( 2 ملیار و 500 ملیۆن دینار ) تەرخانکراوە وەک فریاگوزاریى بۆ چارەسەرکردنى کەم و کوڕى و گرفتەکان، بۆ ئەو مەبەستەش جەختى له‌ سه‌ر خێڕاترکردنى هەنگاوەکانى ئەو پرسە کردەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانى ڕاسپارد بە هەماهەنگى و هاوکارى یەکتر لە بەیانییەوە ڕێکارەکان بگیرێتەبەر لە کەمکردنەوەی کێشەی ئاوی ماڵان.