وەزارەتی دارایی لە راگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە: پاڵپشت بەبڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (279) لە ڕۆژی (19/3/2025) تایبەت بە ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابووری بەهەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ چارەسەرکردنی گرفتی ئەو فەرمانبەرانەی ساڵی 2024 بەشێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێم دامەزراون، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەناو لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کە مانگانە دەچێتە بەغدا قبووڵ نەکراون و ماوەی چەند مانگێکە شایستەکانیان بۆ خەرج نەکراوە، لەمبارەیەوە چەند بڕیارێک لەسەر میکانیزم و شێوازی پێدانی شایستەکانیان درا بەمشێوەیە:-
1- ڕۆژی چوارشەممە ( 28ی ئایاری 2025) مووچەی مانگی نیسانی ساڵی 2025ی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.
2- هاوکات مووچەی مانگەکانی (3، 4، 5، 6، 7) ساڵی 2024 سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەش دابەش دەکرێت کە لەو مانگانە دامەزراون و شایستەکانیان بۆ خەرج نەکراوە.
3- لە مانگەکانی داهاتوودا لەگەڵ خەرجکردنی مووچەی مانگانەیان قۆناغ بە قۆناغ ئەو مووچانەشیان بۆ خەرج دەکرێتەوە کە لە ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا پێیان نەدراوە.
4- لە مانگی داهاتووەوە سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە مانگانە لەگەڵ مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا مووچەکانیان بۆ خەرج دەکرێت کە تێکڕای تەمویلەکەیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە