هەنگاوەکانی سەرۆکوەزیرانی کوردستان تەواو دەستوورییە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەگوتەی بەرپرسانی حکومی و حزبە کوردستانییەکان، ئەو گرێبەستانە بە گوێرەی دەستوور ھیچ کێشەیەکیان نییە و دەبنە ھۆی ئەوەی کۆمپانیای زیاتری ئەمریکا بێنە ھەرێمی کوردستان. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ئەو وەبەرھێنانەی ئەمریکا لە ھەرێمی کوردستان دەیکات ئامادە نییە لە عێراق بیکات، ئەوەش بۆ ئەوەیە بۆ زڵھێزترین وڵاتی جیھان گرنگە قەوارەی ھەرێمی کوردستان بە بەھێزی و ئارامی بمێنێتەوە.

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ١٩ـی ئایاری ٢٠٢٥، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ئەمریکا، لە ڕێورەسمێکدا لە ژووری بازرگانیی ئەمریکا لە واشنتن، سەرپەرشتی و چاودێریی ڕێوڕەسمی ئیمزاکردنی دوو ڕێککەوتننامەی گرنگی لە بواری وزەدا کرد.
ھەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمریکی (ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی) و (وێستێرن زاگرۆس)، بە جیا دوو ڕێککەوتننامەی گەورە و گرنگیان لە بواری پەرەپێدانی کەرتی نەوتی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئیمزا کرد، کە بەھای ڕێککەوتننەکان دەگاتە دەیان ملیار دۆلار و کاریگەرییەکی دیار و ئەرێنییان لەسەر پێشخستنی کەرتی نەوت و وزە و ژێرخانی ئابووریی ھەرێمی کوردستان دەبێت.

ئەو گرێبەستانە پێشتر ھەبوونە و ھیچ کێشەیەکیان نییە
کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە وەکالەت، ئاشکرای کرد، ئەو گرێبەستانەی ئیمزامان کردووە لەڕووی پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ وڵاتێکی زلھێزی وەک ئەمریکا، دەستکەوتێکی باشە، ئەو گرێبەستەی لەگەڵ کۆمپانیای “ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی” ئیمزامان کرد، ھۆی سەرەکی دابینکردنی غاز بووە بۆ وێستگەکانی کارەبا، ئەو کێڵگانەی ئێمە ئیمزامان لەسەری کردووە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە نۆ تریلیۆن پێ سێجا غازی تێدایە.
وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە وەکالەت، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو گرێبەستەی لەگەڵ کۆمپانیای ھوێستێرن زاگرۆس ئیمزامان کردووە بۆ کێڵگەی تۆپخانەیە کە پێنج ملیار پێ سێ جا غاز و نۆ ملیۆن بەرمیل نەوتی تێدایە، ئەو گرێبەستانە دەبنە ھۆی ئەوەی کۆمپانیای زیاتری ئەمریکی بێنە ھەرێمی کوردستان، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئاماژە بەوە دەکات، پشتیوانیی کۆمپانیاکانی خۆیان دەکەن و ئەو گرێبەستانەش گرێبەستی تەواون، پێشتر ھەبوونە و ھیچ کێشەیەکی نییە.

بۆ ئەمریکا گرنگە قەوارەی ھەرێمی کوردستان بە بەھێزی و ئارامی بمێنێتەوە
عەبدولکەریم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون دەڵێت: یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەت، پەرەپێدانی پەیوەندییە ھەمەجۆرەکان بووە لەگەڵ ھاوپەیمانەکانمان، بە تایبەت پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکان، لەم سەردانەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بۆ ئەمریکا، چەندین پرس تاوتوێ کران، گرنگترینیان ئایندەی پرسی وزەیە لە ھەرێمی کوردستان.
سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون باسی لەوەش کرد، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و بەرپرسانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پرسی ڕێکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە و چۆنیەتی کارکردن بوو لە ئایندەدا بۆ ئەو مەبەستە، بە دڵنیاییەوە بەرپرسانی ئەمریکا بایەخێکی زۆر بەم بابەتە دەدەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسیی سەرھەڵدانەوەی تیرۆر، بە تایبەت کە ھێزەکانی پێشمەرگە ڕۆڵێکی سەرەکیان لە تێکشکاندن و لەناوبردنی داعش ھەبوو، ئێستا ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە گۆڕانی تەواودایە، بۆیە بۆ ئەمریکا گرنگە قەوارەی ھەرێمی کوردستان بە بەھێزی و ئارامی بمێنێتەوە، بە درێژایی ساڵانی ڕابردووش، ھەرێمی کوردستان ھاوپەیمانێکی سەرەکیی ئەمریکا بووە لە ناوچەکەدا و ئێستاش کار لەسەر پتەوکردنی ئەم دۆستایەتییە دەکرێت.

بە گوێرەی دەستوور، ھەرێم مافی خۆیەتی پەرە بە سەرچاوەکانی وزە بدات
ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لەمیانی بەشداریی لە پانێڵێک لە چوارچێوەی کۆنفرانسی وزە لە واشنتن، ئاشکرای کرد: ھەمووان دەزانن دەستووری عێراق لەسەر بنەمای فیدراڵیزیم دامەزراوە، ھەر ئەمەش ڕێگە بە ھەرێمی کوردستان داوە سەرچاوەکانی وزەی خۆی پەرە پێبدات، بە داخەوە تا ئێستا دەستوور وەک خۆی جێبەجی ناکرێت، ھیشتا چەندین یاسای سەردەمی ڕژێمی بەعس لە عێراق جێبەجێ دەکرێن، ھەروەھا بە گوێرەی دەستوور، حکوومەتی ھەرێم مافی خۆیەتی پەرە بە سەرچاوەکانی وزەی ھەرێمەکە بدات.
جەختی لەوەش کردەوە، ھەر لەسەر بنەمای دەستووری عێراق حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٧ لە ھەرێمی کوردستان یاسای نەوت و گازی دەرکرد، ھەروەھا کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکانی ئەمریکا بەشدارن لە پەرەپێدانی کەرتی نەوت و گاز لە ھەرێمەکە، بەھۆی ڕاگرتنی ھەناردەکەوە تا ئێستا عێراق ٢٥ ملیار دۆلار زیانی کردووە.

ئەو ھەنگاوەی سەرۆک وەزیرانی کوردستان، تەواو دەستوورییە
نەھرۆ ڕواندزی، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، تا ئێستا یاسای نەوت غاز نەھاتووەتە ناو پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت، تەنانەت ڕێککەوتنی سیاسیشی لەسەر نەکراوە، حکوومەتی فیدراڵی بەدرێژایی ٢٠٠٨وە تاکو ئەمڕۆ دەیان گرێبەستی کردووە لە بواری نەوت و غاز وەبەرھێنانی و ئەو کێڵگانەی ھەیە لەناو پارێزگاکانی عێراق، بەبێ ئەوەی بایەخ بداتە ئەو پاڵاوگانەی لەناو ھەرێمی کوردستاندا ھەیە، ماددەی ١٢ـی دەستووری بڕگەی دوو باس لەوە دەکات کە دەبێت ھەرێم و بەغدا بەیەکەوە سیاسەتی نەوت بەکاربھێنن تاکو بتوانرێت بە شێوەیەک ھەناردەی دەرەوەی بکەین بۆ ئەوەی گەنجینەی عێراق زیاد بکات، عێراق تا ئێستا ھیچی نەکردووە بۆ کوردستان، بۆیە ئێمە ئەوە بە مافێکی دەستووری دەزانین، ئەو ھەنگاوەی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لە کاتی خۆیدا بوو، بابەتێکی تەواو دەستوورییە و ھیچ نایاساییەکی تێدا نییە.

پێگەی ھەرێم بەھێزتر دەبێت
مونا قەھوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر”دەڵێت: ئەنجامدانی دوو گرێبەستی گەورە لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان، پێگەی ھەرێمی کوردستانی دووبارە لەسەر نەخشەی وزەی جیھان زیاتر تۆکمەتر کرد، سێکتەری ئابووری و وزە و سەرچاوە سروشتیەکان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی کوردستان، زیاتر بەھێزتر دەبێت و ھەرێمی کوردستان پارێزراو تر و سەقامگیرتر دەکات، لەلایەکی تر نیشاندانی گرنگیدانی ئیدارەی نوێی ئەمریکایە بە پێگەی ھەرێمی کوردستان و حکوومەت و سیستەمی حکومرانی و سیاسییەکەی.
قەھوەچی، گوتیشی: ئاشکرایە لەسەر دەستی سەرۆک وەزیران لە کابینەی نۆیەمدا، بایەخێکی تەواو بە پەیوەندیی دیبلۆماسی و گەشەی ئابووری و وزە دراوە، ڕۆژ لە ‌دوای ڕۆژ پێگەی ھەرێمی کوردستان لە ئاستی ناوچەکە و دەرەوە بەھێزتر بووە،‌ ھەر بۆیە لەم کاتە ھەستیارەدا ئەنجامدانی ئەو گرێبەستانە، ھۆکارێکی گرنگ دەبن لە فاکتەرەکانی بەھێزکردنی ژێرخانی ئابووری قەوارەی دەستووری ھەرێمی کوردستان، ئێستا دەبینین ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان، زۆر پەرۆشن و بەدواداچوون بۆ ئەم گرێبەستانە دەکەن، چونکە دوای وەستانی ھەناردەی نەوت و ڕێگریە یەک لە دوا یەکەکانی حکوومەتی فیدراڵ، بارودۆخی مووچە و ناردنی شایستە داراییەکانی خەڵکی ھەرێم خراپتر بووە و ھەر مانگە و بە بیانویەک ناینێرێت و دوای دەخات، ئەنجامدانی ئەم گرێبەستانە دەرگای خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی زیاتر بەڕووی ھەرێمەکەمان دەکاتەوە و دواجار ھەرێم و بەغدا سوودمەندی سەرەکی دەبن و گەشەپێدانی زیاتری سێکتەری وزە و ئابووری بەرەو پێشەوە دەچێت و بارودۆخی مووچە و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان بەرەو چارەسەری ھەمیشەیی ھەنگاو دەنێت.