بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، ئەم جارە پێشکەشکردنی ناوی لیستی کاندیدانی پارتە سیاسییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ڕێگەی بەرنامەیەکی ئەلیکترۆنی دەبێت.
مەڕوان محەممەد، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پێشکەشکردنی ناوی لیستی کاندیدانی پارتە سیاسییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ڕێگەی بەرنامەیەکی ئەلیکترۆنی دەبێت.
گوتیشی: سەرەتا پێویستە نوێنەری لایەنە سیاسییەکان سەردانی بارەگای پارتە سیاسییەکان لە بەغدا بکات، بۆ ئەوەی کۆدی تایبەتی خۆی وەربگرێت، بەڵام کاندیدی تاکەکەس دەتوانێت سەردانی ئۆفیسەکان بکات، کە ئێمە وەکوو ئۆفیسی هەولێری هەڵبژاردنەکان، لە ئەمڕۆوە پێشوازییان لێ دەکەین، بۆ ئەوەی ئەو کاندیدە کۆدی تایبەتی خۆی وەربگرێت.
مەڕوان محەممەد ئاماژەی بەوەش کرد، پرۆسەکە لە 25ـی ئایارەوە دەست پی دەکات تاوەکوو 24ـی حوزەیران، هەروەها مەرجەکانی کاندید بوون دەبێت (عێراقی بێت، 30 ساڵی تەواو کردبێت، هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس بێت یان هاوتای بەکالۆریۆس). گوتیشی: سەبارەت بە لیستی هاوپەیمانییەکان یان لایەنە سیاسییەکان هەڵگرانی بڕوانامەی ئامادەیی و دبلۆم ڕێگەیان پێدراوە بەشداریی هەڵبژاردن بکەن بەڵام تەنیا بەڕێژەی 20% نابێت زیاتر بێت.
ڕوونیشی کردەوە، کاندیدانی تاکەکەس کە کێبڕکێ لەسەر کورسیی گشتی دەکەن دەبێت بڕوانامەی بەکالۆریۆسیان هەبێت، بەڵام ئەوانەی کاندیدی تاکەکەسین و کێبڕکێ لەسەر کورسیی پێکهاتەکان دەکەن، دەبێت بڕوانامەی ئامادەیی و یان هاوتاکەی هەبێت. دەشڵێت: ئەو کەسەی خۆی کاندید دەکات، مەرج نییە نیشتەجێی ئەو بازنەیە یاخود خەڵکی ئەو شارە بێت کە دەیەوێت خۆی تێیدا کاندید بکات.
بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ڕاشیگەیاند، دەبێت کاندید خاوەن ڕەفتاری باش بێت وبەتاوانی ئابڕووبەری یان گەندەڵی دارایی و ئابووری، سزا نەدرابێت. ئەگەر هاتوو ئەوتاوانانەی هەبوو بەر لێخۆشبوونی گشتیش کەوتبوو، ئەوە ناتوانێت خۆی کاندید بکات. هەروەها کەسی کاندید نابێت لەڕیزی هێزە چەکدارەکان یان هێزە ئەمنییەکان بێت، جگە لەفەرمانبەرە مەدەنییەکانیان، هەروەها نابێت دادوەر بێت و لەکارەکەی بەردەوام بیت، نابێت کەسی کاندید ئەندامی کۆمیسیارانی هەڵبژاردنەکان بێت لەم خولە و لە خولی پێشووتر.
مەڕوان محەممەد جەختیشی کردەوە، سەربارەت بەکاندیدی تاکەکەس، پێویستە 500 دەنگدەر پاڵپشتیی بکات کە لەڕێگەی ئەو بەرنامە ئەلیکترۆنییەوە داتاکانیان داخل بکات، تەنیا لەوبازنەیەی خۆی تێیدا کاندیدە، هەروەها دەبێت ناویان لە لیستی تۆماری دەنگدانیش هەبێت، بەڵام ئەوانەی کێبڕکێ لەسەر کورسی کۆتا دەکەن ئەوە عێراق بەیەک بازنەی هەڵبژاردن بۆیان هەژمار دەکرێت.
دەشڵێت: هەرلیستێک لە هەڵبژاردنی ڕابردوو سەرپێچی هەبووبێت و پێبژاردنی بۆ کرابێت، بەڵام پێبژاردنەکەی نەدابێت، ئەوە کۆمیسیۆن لیستەکەی پەسەند ناکات، تاوەکوو پێبژاردنەکە دەدات.