حکومەتی هەرێم بەشداری لە کۆبوونەوەی پسپۆڕانی هەرێمی تایبەت بە کەسانی بێسەروشوێن لە بەغدا دەکات

بڕیارە ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی 27/5/2025 بە سەرپەرشتیی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە بەڕێز فوئاد حوسێن، کۆبوونەوەی پسپۆڕانی هەرێمیی تایبەت بە کەسانی بێسەروشوێنکراو لە بەغدا بە بەشداریی شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت.

سەبارەت بەم کۆبوونەوەیە، دکتۆر دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم، ڕوونیکردەوە کە کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتیی وەزیری دەرەوە دکتۆر فوئاد حوسێن بەڕێوەدەچێت و ژمارەیەک لە بریکارانی وەزارەتی دەرەوی وڵاتانی هەرێمی، پسپۆڕ و شارەزایانی وڵاتان، جگە لە ژمارەیەک نوێنەری نێردە دیپلۆماسییە بیانییەکان لە عێراق ئامادەی دەبن و لە میانەی کۆبوونەوەکەدا حکوومەتی هەرێم وتاری خۆی دەبێت.

سەبارەت بە ئامانجەکانی کۆبوونەوەکە، زێباری گوتی: ئامانج لە کۆبوونەوەکە یەکخستنی هەوڵە هەرێمییەکان و فراوانکردنی هاوکارییە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی زۆرترین ژمارەی کەسانی بێسەروشوێنکراو، هەروەها دەرخستنی هەوڵەکانی حکوومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم، و هاوکاریکردن لەگەڵ ڕێکخراو و دەستە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان بە دۆسیەی بێسەروشوێنبووان بەتایبەتی لیژنەی نێودەوڵەتی بۆ کاروباری کەسانی بێسەروشوێنکراو (ICMP) لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێم گوتیشی: “لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکەدا، شاندی هەرێم باس لەو ئازار و نەهامەتیانە دەکات کە بەسەر گەلی هەرێمدا هاتووە، کە بە درێژایی مێژوو ڕووبەڕووی گەورەترین و مەترسیدارترین هێرشی کۆمەڵکوژی و تاوانەکانی دیکە بووەتەوە لەسەر دەستی ڕژێمی بەعس تا ساڵی ٢٠٠٣. یەکێک لەم تاوانانە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ بوو، کە هەزاران ڕۆڵەی گەلی هەرێمی کوردستان بوونە قوربانی. هەروەها تیشک دەخرێتە سەر ئەوەی کە گەلی کوردستان بە هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانییەوە، قوربانیی گەورەترین پرۆسەی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ بووە لە مێژووی عێراقدا، کە بریتییە لە تاوانی ئەنفال، لە بێسەروشوێنکردنی کوردە فەیلییەکانەوە لە نێوان ساڵانی ١٩٨٠-١٩٩٠، تا ئەنفالکردنی هەشت هەزار (٨٠٠٠) بارزانی و سەد و هەشتا و دوو هەزار (١٨٢،٠٠٠) لە خەڵکی گەرمیان و بادینان.”

زێباری ئاماژەی بە پێویستیی تێگەیشتنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد لەوەی کە بەسەر گەلی کوردستاندا هاتووە و گوتی: “بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ دژی گەلی کوردستان بە لەناوچوونی ڕژێمی بەعس کۆتایی نەهاتووە، بەڵکو بەردەوام بوو بەتایبەتی دوای هێرشەکانی تیرۆریستانی داعش و ڕفاندنی هەزاران هاووڵاتی. بۆیە پێویستە لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان لە نزیکەوە ئاگاداری ئەم تاوان و ئاستەنگانە بن، ئەمەش یەکێک دەبێت لەو بابەتانەی کە لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی پێدەکەین.”