هەرێم فازل، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ناوخۆ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران: ئەوانەی دەچنە کوێستانەکان دەبێت سەردانی هەر دوو قایمقامیەتی چۆمان و سیدەکان بکەن

ڕێگە بە مەڕدار، جووتیار و ھەنگەوانان درا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕوو لە ناوچە کوێستانییەکان بکەن، بەڵام چەند مەرجێک ھەنە دەبێت پێش چوونیان جێبەجێ بکەن، بەتایبەتی بۆ ئەو ھاووڵاتییانەی دەچنە دەرەوەی سنووری پێشمەرگە، بەگوتەی لایەنە پەیوەندیدارەکان ھەر کەسێک پابەند نەبێت ڕێکاری یاسایی بەرانبەر دەگیرێتەبەر.

باڵەکایەتی و برادۆست، چەندین کوێستانی تایبەت و دڵگیریان لێیە، لە سنووری پارێزگای ھەولێر، ساڵانە ژمارەیەکی زۆری مەڕدارەکان لە وەرزی ھاویندا بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیان سەردانی ئەو ناوچانە دەکەن، ئەمە جگەلەوەی خاکێکی بەپیتی ھەیە بۆ کشتوکاڵکردن و بەخێوکردنی ھەنگ. سە‌بارە‌ت بە‌و کە‌سانە‌ی بۆ جاری یە‌کە‌م سە‌ردانی ناوچە کوێستانییەکان دە‌کە‌ن، پێویستە پشتگیری یە‌کە‌ی کارگێڕی قایمقامیەت و بەڕێوەبەرایەتی شارەدێی شوێنی نیشتە‌جێبوون و فەرمانگەی ڤێتەرنەری لەگەڵ خۆیان ببەن، ھەروەھا سە‌ردانی قایمقامیە‌تی شارۆچکەی چۆمان یان سیدە‌کان بکە‌ن و ڕە‌زامە‌ندی وە‌ربگرن و ناسنامە‌یان بۆ دروست بکە‌ن، ئە‌وکات ڕێگە‌یان پێ دە‌درێت مەڕ و ماڵاتەکانیان بگوازنەوە، ھەر کەسێک پابەند نەبێت ڕێکاری یاسایی بەرانبەر دەگیرێتەبەر، ئەو مەڕدارانەی دەچنە ئەو سنوورە، لە سنووری شارۆچکەی شەقڵاوە، ھەریر، خەلیفان، ئاکرێ دێن.
دەڤەری برادۆست، دەکەوێتە سنووری کارگێری شارۆچکەی سیدەکان بە دووری ١٤٤کم لە ڕۆژھەڵاتیی پارێزگای ھەولێر، ناسراوترین کوێستانەکانی، مێرگەمیر، مێرگەحەوش، بەربزین، بێرمەسارد. دەڤەری باڵەکایەتی، دەکەوێتە سنووری کارگێری شارۆچکەی چۆمان، بە دووری ١١٢کم لە باکووری ڕۆژھەڵاتیی ھەولێر، لە ناسراوترین کوێستانەکانی: چۆمە، زەنگڵین، بناری ھەڵگورد.
ھەرێم فازل، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ناوخۆ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: سەبارەت بە چوونی ھەنگەوان، مەڕدار و جووتیاران بۆ ناوچە کوێستانەکان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ساڵانە ژووری ئۆپەڕاسیۆن پێکدێت کۆبوونەوە دەکات و دیراسە دەکات و کۆمەڵێک ڕێنمای دەردەکات بۆ ئەوەی ئاژەڵدار، جووتیار و ھەنگەوان بتوانن سەردانی کوێستانەکان بکەن و بە سەڵامەتی بگەڕێنەوە، ساڵانە بەپێی کەشوھەوا ماوەکە دیاری دەکرێت، کە لە چ کاتێکدا سەردانی کوێستانەکان بکەن، ساڵی ڕابروو ١ی ٦ دیاری کرابوو، بەڵام ئەمساڵ دە ڕۆژ زووتر دەتوانن سەردانی کوێستانەکان بکەن، بەڵام کۆمەڵێک مەرج و ڕێنمایی ھەیە دەبێت مەڕدار و جووتیاران بگرنەبەر بۆ ئەوەی سەردانی ئەو ناوچانە بکەن.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ناوخۆ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەشڵێ: مەرجەکان بریتین لەوەی دەبێت ئەوانەی دەچنە کوێستانەکان یەکەمجار سەردانی ھەر دوو قایمقامیەتی چۆمان و سیدەکان بکەن، ئەوانەی ساڵی ڕابردوو کە سەردانی ئەو ناوچانەیان کردبێت ناسنامەیان ھەیە، ئەمساڵ بۆ ئەوانە ڕۆتینیات کەمترە وەکو کارئاسانییەک ناوەکانیان دراوەتە بازگەکان و دەتوانن بچنە کوێستانەکان، بەڵام لەو شوێنەی دێن پێویستە پشتگیرییەک لەگەڵ خۆیان بێنن، بەڵام ئەوانەی بۆ جاری یەکەمە سەردانی ئەو ناوچانە دەکەن دەبێت سەردانی ئەو دوو قەزایە بکەن، کە دەیانەوێت بۆ کام قەزا بچن، پشتگیری وەربگرن و ناسنامەیان بۆ دروست دەکرێت، دواتر پشتگیریەکی نیشتەجێبوون و ڤێتەرنەری لەگەڵ خۆیان دێنن دواتر سەردانی کوێستانەکان دەکەن، ئەو ڕێکار و ڕێنمایانەش بۆ ئەوەیە لەو سنوورەی کە بۆ دیاریکراوە لەوە زیاتر تێپەڕ نەکەن، چونکە ھەندێک لە ناوچە سنوورییەکان مەترسیی بۆردومان و تۆپبارانی لەسەرە، ھەر مەڕدارێکیش مەڕەکانی دەگوازێتەوە دەبێت بە ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر بگوازێتەوە، نەک بە پیادە، چونکە لە ڕێگەوبانەکان قەرەباڵغی دروست دەبێت، لە ھەمان کاتدا ئەو دار و بارانەی کە لەسەر شەقامەکان بۆ جوانی چێنراون لەناو دەبەن.