ئەمڕۆچوارشەممە 2023.5.21، لە پێناو پتەوکردنی پەیوەندیە ئابوورى و بازرگانییەکان و بەهێزکردنی زیاتری جموجۆڵی بازرگانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان، دووەمین ڕۆژى سێەمین کۆبوونەوەی هاوبەشی پارێزگا هاوسنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، بە ئامادەبوونی شاندی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و پارێزگارانی ( دهۆک، سلێمانی، هەڵبجە ) و شاندی کۆماری ئیسلامی ئێران بەسەرۆکایەتی ئارەشی زرێ تەنی لهۆنی، پارێزگاری کوردستان و پارێزگارانی ( کرمانشا، ئازربایجانی ڕۆژئاوا )، بەردەوام بوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە کونسڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر و بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندیەکانی هەرێم – ئێران و سەرۆکی ژوورە بازرگانییەکان و نوێنەرانی وەزارەتی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەی بوون، وێڕای ئەوەی تەئکیدیان لە بەرەوپێشبردن و باشترکردن و بەهێزکردنى جوڵەى بازرگانی و ئابووری، ڕێککەوتنی نێوان هەر حەوت پارێزگا، بۆ بەرە و پێشبردنی زیاتری جوڵەى بازرگانى لە دەروازەیی سنوورییەکانى نێوان هەردوولا و چارەسەرکردنی هەر کەم و کوڕی و کێشە و گرفتێک هەبێت واژووکرا.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا، هەردوولا کۆبوونەوەکەیان بە گرنگ وەسف کردوو و تەئکیدیان لە پتەوکردنی پەیوەندییە گشتییەکان و بەهێزکردنی جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان کردەوە.
لەوبارەیەشەوە ئومێد خۆشناو، سەرۆکی شاندی هەرێمی کوردستان، ئاماژەى بەوەدا گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکەمان لە بارەی بەرەوپێشوەبردنی پەیوەندییەکان دەرەنجامى باشى بەخۆیەوە بینیوە، خواستی حکومەتی هەرێم و ستراتیژیەتی حکومەتی هەرێمیشی بۆ بەروەپێشبردنی زیاتری پەیوەندییەکان لەسەر هەموو ئاستەکان خستە ڕوو.
گوتیشى: بە هیواین ئەو کۆبوونەوە و کۆبوونەوەکانی داهاتووشمان لەگەڵ یەکتر سوودی زیاتری هەبێت بۆ هەردوولامان.
پاشان، ئارەشی زرێ تەنی لهۆنی، سەرۆکی شاندی کۆماری ئیسلامی ئێران، ستایش و سوپاسى پارێزگارانی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ هەموو ئەو هاوکاری و ئاسانکاریانەی لە هەموو بوارەکانەوە پێشکەشیانکردووە، ئومێدیشی خواست کۆبوونەوەی سنە ببێتە دەستپێک وسەرەتاییەکی باش بۆ لەیەکتر نزیکبوونەوەی زیاتری شارە هاوسنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران.