رۆژنامەی ھەولێر

د.دیندار دۆسکی، سیاسەتمەداری کورد: دەبێت لایەنەکان پشتگیری لە پەیامی سەرۆک بارزانی بکەن و هەڵوێستیان ھەبێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

د.دیندار دۆسکی، سیاسەتمەداری کورد، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ سەرانی بەغدا ڕوون و ئاشکرایە، دەبێت لایەنەکان ھەڵوێستیان لە بەرامبەر فشارەکانی بەغدا ھەبێت. دەشڵێ: سەردانی سەرۆکی ھەرێم بۆ ئێران و سەرۆکی حکوومەت بۆ ئەمریکا ئەنجامی باش و دەستکەوتی گەورەیان بۆ ھەرێمی کوردستان دەبێت، چونکە ئەمە گرنگیدانی وڵاتانە بە ھەرێمی کوردستان.

دەبێت لایەنەکان پشتگیری لە پەیامی سەرۆک بارزانی بکەن و ھەڵوێستیان ھەبێت
ئەو سیاسەتمەدارەی کورد، گوتی: کێشە و گرفت لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەنە، زۆر شت ھەنە دەبێت بەغدا بیکات و مووچە وەکو کارتێکی فشار دژی ھەرێم بەکارنەھێنێت، بۆ دروستکردنی فشار لەسەر ھەرێمی کوردستان و مووچەخۆران، چونکە مووچەخۆری ھەرێم ھیچ گوناحێکی نییە و داھاتی تەنیا ئەو مووچەیە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت ھەڵوێستێکی سیاسی لە پشت بڕیارەکانی بەغدایە، نابێت کێشە سیاسییەکان تێکەڵ بە قوتی خەڵکی ھەرێم بکرێن، پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ سەرانی بەغدا زۆر ڕوون و ئاشکرایە، ئێمە خۆ سواڵکەر نین ھەموو مانگێک لە بەغدا بپارێینەوە تا مووچەی کوردستان ڕەوانە دەکات، یان کەسێک بۆمان ئیمزا دەکات، دەبێت ھەموو لایەنەکان پشتگیری لە سەرۆک بارزانی بکەن و ھەڵوێستیان ھەبێت لە بەرامبەر فشارەکانی بەغدا.
سەرۆک بارزانی ڕۆڵێکی گرنگی ھەیە لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و ڕۆژئاوای کوردستان
د.دیندار دۆسکی، سیاسەتمەداری کورد، گوتیشی: سەرۆک بارزانی ڕۆڵێکی گرنگی ھەبووە لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و لە ڕۆژئاوای کوردستانیش بەھەمان شێوە، پڕۆسەی چەکدانانی پەکەکە پرۆسەیەکی زۆر باشە، خزمەت بە ھەموو کوردێک دەکات، بەتایبەتی کوردانی باکووری کوردستان، پەکەکە ببووە بارێکی گران لەسەر خەباتی کورد لە باکوور، چونکە ھەندێک لە وڵاتان وەکو تیرۆریست مامەڵەیان لەگەڵ پەکەکە دەکرد، ئەوەش زۆر کاریگەری لەسەر خەباتی مەدەنی و سیاسی کوردی باکوور ھەبوو، پەکەکە ھەنگاوێکی زۆر باشی نا، تورکیاش دەبێت ھەنگاوی باش بنێت ئەوەش خزمەت بە پرۆسەی ئاشتی و کوردانی باکوور و ئەو وڵاتە دەکات، چونکە گۆڕینی خەباتی چەکداری بۆ خەباتی سیاسی لە وڵاتێکی وەکو تورکیا دەرفەت دەکاتەوە بۆ ئەوەی کورد لەو پارچەی کوردستان بە مەدەنیانە خەبات بۆ بەدەستھێنانی مافەکانی خۆیان بکەن و دەستکەوتی زیاتر بەدەستبھێنن، بۆیە ئەوە ھەنگاوێکی زۆر باشە و جێگەی دڵخۆشی ھەموو جیھانە.
پەیوەندی ھەرێم لەگەڵ ئێران مێژووییە
ئەو سیاسەتمەدارەی کورد، ڕاگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە داوەتێکی فەرمی چووە ئێران و دوو ڕۆژ لەو وڵاتە مایەوە، ھەم لە کۆربەندەکە بەشدار بوو، ھەمیش لەلایەن بەرپرسانی باڵای ئێران پێشوازییەکی گەرمی لێکرا، ئێران وڵاتێکی ھەرێمی گرنگە لەناوچەکەدا خاوەن ئەزموونە، لە عێراق ھەژموونی ھەیە، ھەتا بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان مێژوو و پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئەو وڵاتە ھەیە و ھەندێک جار پشتگیری لەو بزاڤە کردووە، بۆیە ئێران وڵاتێکی ستراتیژییە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، دراوسێی ھەرێمی کوردستانە، بوونی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ ئێران خزمەتێکی باش بە ھەرێمی کوردستان دەکات، ئێستاش لە ھەموو ڕوویێکەوە چ لە بواری سیاسی، بازرگانی و کۆمەڵایەتی جموجۆڵی لەگەڵ ئێران ھەیە، پێشخستنی ئەو پەیوەندییانە و چارەکردنی ھەندێک کێشە لە نێوان ھەرێم و ئێران، خزمەت بە ھەر دوولا دەکات، ھەتا خزمەت بە عێراقیش دەکات، بۆیە سەردانی سەرۆکی ھەرێم بۆ ئەو وڵاتە قۆناغێک دەبێت بۆ پێشخستنی ئەو پەیوەندیانە، ھەروەھا ھەرێمی کوردستان دەتوانێت ڕۆڵێکی باش بگێڕێت لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھەتا لەگەڵ ئەمریکا، ئێران ڕەنگە ھەوڵ بدات سوود لەو ڕۆڵە وەربگرێت، بۆ خۆشکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دیکە، بۆیە ھەر کاتێک سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سەردانی ئەو وڵاتە بکات پەیوەندییەکان باشتر بوونە.
سەردانی سەرۆکی حکوومەت بۆ ئەمریکا دەستکەوت و ئەنجامی باشی بۆ کوردستان دەبێت
د.دیندار دۆسکی، سیاسەتمەداری کورد، ئاشکرای کرد: مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم بە داوەتێکی فەرمی لە ئەمریکایە و دوو ڕێککەوتنی گرنگی لە بواری وزەدا ئیمزا کرد و لە ڕۆژانی داھاتووشدا کۆبوونەوەی زۆر گرنگی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەبێت، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت ئەمەریکا ھەرێمی کوردستان بە جێگەی متمانەی خۆی دەزانێت و دەیەوێت پەیوەندی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، ئەو سەردانە گرینگە بۆ باشترکردنی پەیوەندی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و چارەسەری کێشەکانی ھەرێم لەگەڵ عێراق و ڕۆڵی ئەمەریکا لە چارەسەری کێشە داراییەکان و ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە، ئەمە وادەکات پێگەی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەھێزتر بێت و ئەنجام و دەستکەوتی باشیشی دەبێت، چونکە ھەرێمی کوردستان ئێستا لە پەیوەندی نێودەوڵەتی چۆتە قۆناغێکی دیکەوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت ھەرێمی کوردستان پێشکەوتنێکی زۆر باشی بەدەستھێناوە، ئەوەش جێگەی دڵخۆشی ھەموو تاکێکی کوردستانە.
دابەشکردنی پۆستەکان ٥٠ بە ٥٠ ھیچ مانایەک بۆ ھەڵبژاردن ناھێلێتەوە
د.دیندار دۆسکی، سیاسەتمەداری کورد، زیاتر گوتی: ئەنجامی ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان زۆر ڕوون و ئاشکرایە، وەکو دیارە تەنیا پارتی و یەکێتی حکوومەت پێکدێنن، ھیوادارین بە زووترین کات کابینەی دەیەم پێکبێت و ھەر دوولا بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگرن، چونکە قۆناغەکە، قۆناغێکی ھەستیارە و گۆڕانکارییەکان خێران، ئەوەی سەرۆک بارزانی لەو ڕۆژەدا باسی لێوەکرد دروستە، دابەشکردنی پۆستەکان ٥٠ بە ٥٠ ھیچ مانایەک بۆ ھەڵبژاردن ناھێلێتەوە، دەبێت پێکھێنانی حکوومەت بەپێی ئەنجامی ھەڵبژاردن بێت، ھەر لایەنێک چەند کورسی بە دەستھێناوە ئەوەندە پۆستی بەر بکەوێت، نەک زیاتر لە قەبارەی خۆی داوای پلە و پۆست بکات و ھۆکاریش بێت بۆ دواکەوتنی پێکھێنانی حکوومەت، بۆیە ئەگەر دەرئەنجامی ھەڵبژاردن بکەینە پێوەر بۆ پێکھێنانی حکوومەت کاریگەری دەبێت لەسەر چارەکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا و بەڕێوەبردنی ھەرێم، بۆیە داوا لە ھەر دوو لا دەکەین حکوومەتێکی یەکگرتوو و بەھێز پێکبھێنن بۆ ئەوەی کوردستان لەو کێشە و گرفتانەی ھەنە ڕزگار بێت، بۆ خەڵکی کوردستانیش دواکەوتنی پێکھێنانی حکوومەت شتێکی ناخۆشە.