ئەمڕۆ سێشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن، لەگەڵ کۆنگرێسمان ئەبراهام (ئەیب) حەمادە کۆبووەوە.
کۆنگرێسمان ئەیب ئاماژەی بەوە دا کە شانازی دەکەم لە بنەماڵەکەماندا ڕەگێکی کوردیم هەیە و نەنکم (دایکی باوکم) کوردە و دایکیشم دروزییە.
کۆنگرێسمان ئەیب خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی سەرۆکی حکوومەت بۆ واشنتن و واژۆکردنی دوو ڕێککەوتننامەی گرنگ لە بوارەی وزە دەربڕی کە لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدایە و جەختیشی لە گرنگیی برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا لە هەموو بوارەکاندا کردەوە.
سەرۆکی حکوومەت پیرۆزبایی لە کۆنگرێسمان ئەیب کرد کە ساڵی ڕابردوو بە ئەندامی کۆنگرێس هەڵبژێردرا و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست. هەروەها سوپاسی پشتیوانیيەکەی کرد لە هەرێمی کوردستان.