سێشەممە، 20-05-2025، بە بەشداریی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و ژمارەیەک لە وەزیر و بەرپرسانی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، 15ـەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی بیناسازی و وزە لە هەولێر کرایەوە. پێشانگەکە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ، لە 10:00ـی بەیانی تا 07:00ـی ئێوارە کراوە دەبێت.
دوای کردنەوەی پێشانگەکە، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە سەردانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بۆ واشنتن، قۆناغی دوای 12ـەمین کۆنگرەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، پەیوەندییەکانی هەولێر و تاران و چەند پرسێکی دیکەی کرد.
“کەرتی پیشەسازی و بازرگانی بەرەو پێش دەچێت”
لەبارەی 15ـەمین پێشانگەی بیناسازی و وزە لە هەولێر، وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوە دا “ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانی ناوچەکە و جیهان بەشدارییان لە پێشانگەکەدا کردووە. جێگەی خۆشحاڵییە ئەمساڵ بەشێکی زۆری بەشداربووان، کۆمپانیای ناوخۆیین کە لە لایەن ژمارەیەک گەنجی پێگەیشتووەوە خاوەندارێتیی دەکرێن.”
بە گوتەی وەزیری ناوخۆ “بەشێكی زۆری ئەو بەرهەمانەی لە پێشانگەکەدا پیشان دراون، بەرهەمی ناوخۆیین، لە ئاست پێوەرە نێودەڵەتییەکانن و بازاڕێکی باشیشیان هەیە؛ بە تایبەت ئاسن، چیمەنتۆ و چەندان بەرهەمی دیکەی قورس.”
وەزیری ناوخۆ دووپاتی کردەوە: کردنەوەی ئەم جۆرە پێشانگەیانە، نیشاندەری ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان لەسەر ڕێچکەیەکی ڕاستە و لــە هەموو بوارەکاندا پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە. گوتیشی: ڕۆژ بە ڕۆژ کەرتی پیشەسازی و بازرگانی لە هەرێمی کوردستان بەرەو پێشەوە دەچێت.”
سەردانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بۆ ئەمەریکا
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند ڕۆژێکە بە بانگهێشتێکی فەرمی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە. تا ئێستا ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەی کردووە و بڕیارە ژمارەیەک کۆبوونەوەی دیکە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە بکات.
ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، 19-05-2025، بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، لە ڕێوڕەسمێکدا، دوو ڕێککەوتننامەی بواری وزە، لە نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکی (ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی) و (وێستێرن زاگرۆس) ئیمزا کران.
بە گوتەی وەزیری ناوخۆ، سەردانی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، بۆ واشتن و ئیمزاکردنی ڕێککەوتنامە لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمەریکایی لە بواری غاز، نەوت و کارەبادا، لە کاتێکدا ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت “بەڵگەیە لەسەر ئەوەی هەرێمی کوردستان جێگەی متمانەی کۆمپانیا گەورەکان و دۆست و هەڤاڵانمانە لەم بوارەدا.”
هەر لەبارەی سەردانەکەی سەرۆک وەزیران، ڕێبەر ئەحمەد جەختی کردەوە “کۆمپانیای گەورە لە ئەورووپا و ئەمەریکا چاویان لەوەیە وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەن. هیوادارین داهاتوویەکی گەشتر بۆ هەرێمی کوردستان لە ئەنجامی ئەو ڕێککەتنامەیانە، بەدی بێت.”
وەکوو ئەوەی وەزیری ناوخۆ باسی کرد “سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بایەخێکی زۆر بە بەرهەمی خۆماڵی دەدات و یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی کابینەکەی، بایەخدان و پاڵپشتی لە بەرهەمی خۆماڵی، پەرەپێدانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ڕاکێشانی سەرمایەی بیانی بووە.”
پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان
رۆژی دووشەممە، 12ـی ئایاری 2025 ، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی ڕاگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوە چوو. لەو کۆنگرەیەدا، پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
ڕێبەر ئەحمەد لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، ئاماژەی بەوە دا “هەردوولایەن، تورکیا و پەکەکە لەبارەی پرۆسەی (چەکدادان) لە گفتوگۆدان، بەڵام لە ڕووی کردارییەوە تا ئێستا هیچ هەنگاوێک نەنراوە.”
وەزیری ناوخۆ دووپاتی کردەوە “هەرێمی کوردستان، وەک حکوومەت و سەرکردایەتیی سیاسی، ڕۆڵی خۆی بۆ لێکنزیکردنەوەی هەردوولا گێڕاوە. لە چەندان قۆناغی دیکەی ئاشتیش، هەرێمی کوردستان ڕۆڵی هەبووە، لە داهاتووشدا هەمان ڕۆڵ دەگێڕێت.”
بە گوتەی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان “هێشتا هەندێک شت ڕوون نییە بۆ خودی ئەوانەی گفتوگۆ دەکەن، بە تایبەت لەبارەی چۆنییەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی چەکدادان؛ کەی و لە کوێ دەکرێت؟ پێموایە ئەم بابەتە گفتوگۆی زیاتری پێویستە.”