حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا جەخت لە هەموو ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی خۆی دەکاتەوە وەک قەوارەیەکی فیدراڵی لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق کە بە ڕوونی ماف و تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستانی دەستنیشانکردووە، لە هەمانکاتدا دووپاتی دەکەینەوە کە ئەو دوو ڕێککەوتننامەیەی وەزارەتەکەمان لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئەمەریکی HKN و WesternZagros کردوویەتی ، ڕێککەوتننامە و گرێبەستی نوێ نین بەڵکوو پێش چەندین ساڵە هەن و دادگاکانی عێراقیش دانی بە یاسایی و ڕەواییان دا ناوە و هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە و تەنیا کۆمپانیای ئەنجامدەری گرێبەستەکان گۆڕاون لە چوارچێوەی ڕێکارە یاسایی وگرێبەستییەکانی هاتوو لە ڕێکەوتننامەکان و هەردوو کۆمپانیا ئەمەریکییەکەش، چەندین ساڵە پەرە بە وەبەرهێنان دەدەن لە بواری نەوت وگاز و لە بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکانی نەوتی هەرێمی کوردستانن و وەبەرهێنەری نوێ نین.
ئامانج لەو ڕێککەوتننامە و گرێبەستانەش، پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆییە لە ڕێگای زیادکردنی بەرهەمی گازی سروشتیی بۆ دابینکردنی سووتەمەنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە ئامانجی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی کارەبای بەردەوام بۆ هەموو ناوچەکانی عێراق .
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی
حکومەتی هەرێمی کوردستان
2025/5/20