بەرگریی شارستانیی ڕاپەڕین پلانی پێشوەختەی وەرزی دروێنەی گەنمی ڕاگەیاند

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی ڕاپەڕین دووپاتی دەکاتەوە، بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، ئەمساڵ ڕێکارەکانیان بۆ ڕێگریی لە حاڵەتەکانی ئاگرکەوتنەوە لە گەنمی جووتیاران توندتر کردووە و ژمارەیەک مەرجیش بەسەر جووتیارندا دەسەپێنن.

سێشەممە، 20-05-2025، عەلی قادر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی ڕاپەڕین لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا پلان و ڕێکارەکانی پێشوەختەی بەڕێوەبەرایەتییەکەی بۆ وەرزی دروێنەی گەنم ئاشکرا کرد.

بە گوتەی عەلی قادر، “ئەمساڵ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین، بەراورد بە ناوچەکانی دیکە، ڕێژەیەکی زیاتر باران باریوە، بۆیە بەرهەمی گەنمـیش باشتر بووە. بۆ ڕێگەگرتن لە هەر حاڵەتێکی نەخوازراو، هەموو تیمەکانمان لە قەزا و ناحییەکان، خراونەتە ئامادەباشییەوە و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەماهەنگی تەواودا دەبن.”

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی ڕاپەڕین باسی لەوەش کرد، بەم زووانە بە مەبەستی هۆشیارکردنەوە و پێدانی ڕێنوێنی، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ جووتیارانی دەڤەرەکە دەکەن و کۆمەڵێک مەرجیان بەسەردا دەسەپێنرێن. گوتیشی: پێویستە جووتیارەکان، ئامێرەکانی ئاگرکوژێنەوە و تانکەری ئاویان پێ بێت.

عەلی قادر، جەختی لەوە کردووە، ساڵانی ڕابردوو ژمارەیەک ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی ڕاپەڕین تۆمار کرابوون، بۆیە بۆ ڕێگەگرتن لەو حاڵەتانە، ئەمساڵ ڕێکارەکانیان توندتر کردووە.

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی ڕاپەڕین ئاماژەی بەوەش دا، ژمارەیەک مەفرەزە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکە دادەنێن، تاوەکوو ئەگەر ئاگر لە گەنمی جووتیارێک کەوتەوە، بە زوویی بگەنە شوێنی ڕووداوەکە. وەکوو خۆی گوتی: دانانی ئەم مەفرەزانە لە ساڵانی ڕابردوو، سوودێکی زۆری بۆمان هەبووە.

بەپێی ئامارەکان، ساڵانە نزیکەی 180 هەزار دۆنم زەوی لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین بە گەنم دادەچێندرێت و کۆی بەرهەمی گەنم دەگاتە زیاتر لە 110 هەزار تۆن.