بەسەرپەرشتی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، لە ڕێوڕەسمێک دا دوو ڕێککەوتننامەی بواری وزە، لەنێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکی ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی و وێستێرن زاگرۆس ئیمزا کران.
بەهای ڕێککەوتنەکان دەگاتە دەیان ملیار دۆلار و کاریگەریان لەسەر پێشخستنی کەرتی نەوت و وزە و ژێرخانی ئابووريی هەرێمی کوردستان دەبێت.
لە کاتی ئیمزا کردنی ڕێککەوتنی نێوان کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکی ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی و کۆمپانیای وێسترن زاگرۆس، ستیف لوتس، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمەریکا وێڕای پیرۆزبایی کردن، گوتی: جێگەی خۆشحاڵییە بەخێرهاتنی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری بکەمەوە بۆ ئەمەریکا.
گوتیشی: مەسرور بارزانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکای بەهێزتر و فراوانتر کردووە.
جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمەریکا ئاماژەشی دا، پەیوەندییەکی زۆر باش و بەهێزمان لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان هەیە، هاوکات سەرکردایەتیی سەرۆک وەزیران پەیوەندییە بازرگانییەکانی باشتر کردووە.
باسی لەوەشکرد، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕۆڵی سەرکردایەتی باش و حەکیمانەی گێڕاوە، هەروەها پێشتریش بە شاندێکی بەهێز سەردانی واشنتنی کردووە، ئەمەش پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکای بەهێزتر کردووە.
ستیف لوتس ئاماژەشی دا، ئەو ڕێککەوتنانەی ئێستا لە نێوان کۆمپانیا ئەمەریکییەکان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئیمزا دەکرێن، دوو ڕێککەوتنی بەهێزی وزەن کە هاوبەشی ستراتیژیی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان دەسەلمێنێت.
گوتیشی: بەهای گرێبەستەکانی هەردووک ڕێککەوتنەکە دەگاتە 110 ملیار دۆلار
ڕۆس پێرۆت جونیۆر، خاوەنی کۆمپانیای هیلوود، دوای ئیمزاکردنی ڕێککەوتنەکان گوتی: جێگەی خۆشحاڵییە کە 18 ساڵە ئەزموونمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە.
گوتیشی: شانازییە بتوانین کار و بازرگانییەکانی خۆمان لە هەرێمی کوردستان پەرە پێ بدەین و فراوانتری بکەین.
هیواشی خواست، ئەو ڕێککەوتنە ببێتە داهاتوویەکی باشتر بۆ کۆمپانیاکە و هەرێمی کوردستان.
هەروەها ئێرک ستۆر، نوێنەری کۆمپانیایی وێستێرن زاگرۆس گوتی: شەڕەفیکی گەورەیە ئەم ڕێککەوتنەمان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئیمزا کرد، کە دەرفەتێکە بۆ بەهێزکردن و فراوانکردنی هاوبەشییەکەمان.
گوتیشی: ئەم ڕێککەوتنە لە ژێر سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیری هەرێمی کوردستان، وا دەکات زیاتر پەرە بە کارەکانمان بدەین و فراوانتریان بکەین.
ئاماژەشی دا، لە 2007ـەوە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن و شانازی بە ئەزموونە دوور و درێژەکەیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن.
باسی لەوەش کرد، پەرەپیدانی سێکتەری وزە و غاز لە هەرێمی کوردستان دەبێتە مۆدێڵێکی ئەمەریکی لە بواری وزە.