لە سنووری ئاکرێ ١٢ شوێنی گەشتیاری تۆمار کراون

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

دەیان شوێنی گەشتیاری لە ئاکرێ و دەوروبەری ھەنە، ساڵانە لە ھەر چوار وەرزی ساڵ سەدان ھەزار گەشتیار لە ناوخۆ و دەرەوەی ھەرێم سەردانی ئەو شوێنە گەشتیاریانە دەکەن، ڕۆژبەڕۆژیش ڕێژەکە زیاتر دەبێت، بەرەوپێشچوونی کەرتی گەشتیاری ھەلی کاری بۆ ھەزاران ھاووڵاتی ڕەخساندووە.

ئەوەی بۆتە جێگەی نیگەرانی گەشتیاران و خاوەن پڕۆژەکان نەبوونی گەڕاج و کەمی ھۆتێل و مۆتێلی پێویستە لە ناوچەکە، گەشتیاران داوا دەکەن ژمارەی ھۆتێل و مۆتێلەکان و ژمارەی گەڕاجەکان زیاتر بکەن بۆ ئەوەی نەک تەنیا بە ڕۆژ بەڵکو بە شەویش لە ئاکرێ بمێنەوە، ھەر ناوچەیەکی گەشتیاری سنووری ئاکرێ ئەگەر ڕووی تێ بکەین، بە دەیان ھاووڵاتی لەو شوێنە گەشتیاریانە کار دەکەن، بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری ئاکرێ، ئەمساڵ لە کەرتی گەشتیاری قەزاکە، ھەلی کار بۆ ھەزاران ھاووڵاتی ڕەخسێنراوە، حکوومەت و کەرتی تایبەت دەیانەوێت لە ڕێگەی جێبەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی گەورەی گەشتیاری، ژمارەکە زیاتر بکەن.
ئاکرێ لە ھەموو وەرزەکان گەشتیار ڕووی تێ دەکەن، ئەوەش وای کردووە کە پشت بەو کەرتە ببەسترێت، چەند پلەکانی گەرما بەرز ببنەوە، ڕێژەی گەشتیاران بۆ سنوورەکە زیاتر دەبێت، لە سنووری قەزای ئاکرێ زیاتر لە ١٢ شوێنی گەشتیاری لە بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری ئاکرێ تۆمار کراون، ڕۆژانە بە سەدان گەشتیار ڕوو لە ھاوین ھەواری سیپە، گەلی زنتە و شوێنەکانی دیکە دەکەن، ئەو گەشتیارانەش زیاتر گەشتیاری خواروو و ناوەڕاستی عێراقن، ھەروەھا گەشتیارانی ناوخۆی کوردستانیش ڕوو لەو شوێنە گەشتیاریانە دەکەن.
پشتیوان نامق، بەرپرسی گەشتوگوزاری ئاکرێ، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: ئەگەر ھەندێک پڕۆژەی گەورەی گەشتیاری وەک ھۆتێل، مۆتێل، شاری یاری و تەلەفریک لە شوێنە گەشتیارییەکانی ئاکرێ دروست بکرێن، بەشێکی زۆری گەشتیاران دەتوانن شەوانە لە ئاکرێ بمێنەوە، ئێستا لەبەر نەبوونی شوێنی مانەوە، گەشتیاران ڕۆژانە کە سەردانمان دەکەن، ناچارن پێش ئەوەی ببێتە شەو بگەڕێنەوە، یان بچنە شوێنێکی دیکە، چونکە شوێن نییە لێی بمێنەوە، دڵنیام ئەگەر شوێنی مانەوەی گەشتیاران ھەبێت ژمارەی ئەو گەشتیارانەی ڕوو لە ئاکرێ دەکەن دوو ھەندە زیاتر دەبێت، ئەوەش وا دەکات دەرفەتی کاری زیاتر بۆ ھاووڵاتییان بڕەخسێت.