پارێزگاری هەولێر، پێشوازیی لە بەرپرسی لقی2ی پارتی کرد

ئەمرۆ دووشەممە 2025.5.19، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، پێشوازیی لە بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی2 پارتى و کارگێڕانی لق کرد.

لە دیدارەکەدا، کە هەریەک لە عەلى ڕەشید، سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگا و هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگار و ئەکرەم ئەحمەد، یاریدەدەرى پارێزگار و نەبەزعەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەندیى و کارزان عەبدولهادى، سەرۆکى شارەوانى و عەمید شوان عارەب، بەڕێوەبەرى پۆلیسى هەولێر و عەمید خەسرۆ غازى، بەڕێوەبەرى کاروبارى ناوخۆى پارێزگا ئامادەى بوون، بەرپرسى لقى2، کە مەبەستى سەردانەکەی کۆتایهێنان بوو بە کارەکانی وەکو بەرپرسى لقى2 لە هەولێر و دەستبەکاربوونى وەک بەرپرسى لقى10ى پارتى، سوپاسی پارێزگاری هەولێر و ئیدارەی پارێزگاى هەولێری کرد بۆ ئەو پەیوەندییە و هەماهەنگی و هاوکارییەى نێوان حزب و حکومەت و پارێزگاى هەولێر و لقى2 و هەموو ئەو ئاسانکارییانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا پێشکەشیان کردووە.

لە بەرامبەردا پارێزگاری هەولێر، ڕۆڵى بەرێزیان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان حزب و حکومەت و بە هێزکردنی هەماهەنگى نێوانیان بەرز نرخاند و وێڕای سوپاس هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست، جەختیشى کردەوە لە داهاتووشدا هەمان پەیوەندی و دۆستایەتیان دەبێت لە پێناو خزمەتکردنى زیاترى هاوڵاتییان.