بە سەرپەرشتیی مەلامستەفا بارزانی، لە رێوڕەسمێکدا بەردی بناغەی پرۆژەی کێڵگەی زۆم بۆ بەخێوکردنی مانگای شیردەر لەلایەن کۆمپانیای (GEG Construction)، لە دەڤەری بارزان دانرا.
یەکشەممە 18ـی ئایاری 2025، نووسینگەی مەلامستەفا بارزانی لە ڕاگەیەندراوێکدا، دەڵێت: لە بەردەوامی و درێژەپێدانی پڕۆژە مەزنەکەی زۆم، کە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی و بە پاڵپشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پێناو خزمەتگەیاندن بە خەڵک و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ هاووڵاتییان و برەودان بە کەرتی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری لە هەرێمی کوردستان دامەزراوە، ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی مەلامستەفا بارزانی لە ڕێورەسمێکدا بەردی بناغەی پڕۆژەی کێڵگەی زۆم بۆ بەخێوکردنی مانگای شیردەر لەلایەن کۆمپانیای (GEG construction ) لە دەڤەری بارزان دانرا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: هەنگاوەکانی پڕۆژەی زۆم، کە مەبەست لێی ڕەخساندنی هەلی کاری زیاترە بۆ گوندنشین، جووتیار، هاووڵاتیان و بەرهەمهێنانی بەرهەمی خۆماڵی و پشتبەستن بە داهاتی ناوخۆیی، بۆ ئەم مەبەستە پڕۆژەی کێڵگەی زۆم بۆ بەخێوکردنی مانگای شیردەری ڕاگەیەندرا.
پڕۆژەی کێڵگەی زۆم بۆ بەخێوکردنی مانگای شیردەر، چوار بەشی سەرەکی لە خۆ دەگرێت کە بریتین لە: کێڵگەی زۆم بۆ بەخێوکردنی مانگای شیردەر، پڕۆژەی زۆم بۆ کشتوکاڵ، سەنتەری ڤێتەرنەری زۆم، زۆم مارکێت.