كار بۆ ناساندنی پرسی پاراستنی سامانی ئاو لە كوردستان دەكرێت

ئاریان دەرگەڵەیی – هه‌ولێر

بەمزووانە لە رێگەی پەرتووكێكی تازەوە ناساندنێك بۆ پرسی پاراستنی سامانی ئاو لە باشووری كوردستان دەكرێت.

هەڵگورد عەبدولوەهاب جوندیانی لە رێگەی نووسینی پەرتووكێكی تازەوە و، لە دووتوێی كتێبێكی 286 لاپەڕەی ڕەنگاوڕەنگدا پرسی پرسی پاراستنی سامانی ئاوی ورووژاندووە.
ئەو لە لێدوانێكیدا بە (هەولێر) گوت: هاوینی 2024 دەستم كرد بە گەڕان و كۆكردنەوەی هەموو جۆرە زانیارییەكی چاپكراو و دەنگ و ڕەنگ لە سەرچاوە هەمەجۆر و جیاجیاكانی كوردستان و عێراق، ئێستا دوای زیاتر لە هەشت مانگ كاركردن لەو كتێبەمدا بەرەو كۆتایی دەچێت و، بەمزووانە كتێبی (ناساندنێك بۆ پرسی پاراستنی سامانی ئاو لە باشووری كوردستان) لە دووتوێی كتێبێكی 286 لاپەڕەیی و ڕەنگاوڕەنگدا، كە زیاتر لە ئەتڵەسێكی پڕ زانیاری دەچێت دەكەوێتە بەر دیدی خوێنەران و دەبێتە سەرچاوەیەك بۆ ناسینی ئەو پرسە گرنگە كە لە 15 ساڵی ڕابردوودا برەوی زۆری بەخۆوە بینیوە؛ سەرباری ئەوەی كە كوردستان، وەكو خەڵك و قەوارە سیاسی و كارگێڕییەكەی (حكومەتی هەرێمی كوردستان) ڕووبەڕووی قورسترین شەڕی ڕەق و نەرم بۆتەوە لەلایەن دەوڵەتی عێراق و وڵاتانی تری هەرێمی كە بەرژەوەندییان لە پێشكەوتنی كوردستان و پڕۆژە ستراتیژییەكاندا نییەو تا بۆیان بكرێ ڕێگری لێ دەكەن و هەوڵی پەكخستنی دەدەن. هیوادارم ئەو كتێبە ببێتە سەرچاوەیەكی گونجاو و باشی زانین و ناسینی ئەو پرسە ستراتیژییە گرنگ و هەستیارەی كوردستان.
نووسەر گوتیشی: بۆ دڵنیایی لە زانیاری و ژمارە و پێوانە و قەبارەكان، وا بڕیارە پێش ئەوەی كتێبەكە بەچاپ بگەیەنم، كۆپپیەك بۆ هەردوو لایەنی پەرپرسی ئەو بوارە بگەیەنم، مەبەستم (بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەنداو و كۆگاكانی ئاو)ە كە لایەنی بەرپرسە لە بنیادنانی بەنداوەكان، هەروەها (بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاودێری) كە ئەویش لایەنی بەرپرسە لە بنیادنانی پۆندەكان و هەردوو لایەن لە چوارچێوەی بنیادی وەزارەتی كشتوكاڵ و ئاودێریدان و ڕەنگە ئەو پرسیارە لە لاتان دروست بێ كە بۆچی خەڵكانی پسپۆڕ و خاوەن‌بڕوانامەی بەرز ئەو كارەیان ئەنجام نەداوە و منێك كە تایبەتمەندی و شارەزاییم لەو بوارەدا نییە، دەستپێشخەریم کردووە؟! لەڕاستیدا منیش وەكو كەسێكی دڵسۆز بۆ نیشتمانم هەمان پرسیار دەكەم و هیوادارم ئەو كتێبەم كە پەنجەرەیەكی بچووكە ببێتە دەستپێكێك بۆ واڵاكردنی دەرگایەکی گەورە، كە پسپۆڕان كاری ڕژدی لەسەر بكەن.