دوێنێ، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر بەشداریی پێشانگەیەکی هونەریی کرد و لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن هۆشداریی دایە هاووڵاتیان پابەندی ڕێنماییەکانی خۆپارێزی بن لە تای خوێنبەربوون و ڕایگەیاند؛ بەهۆی پابەندنەبوون بە ڕێنماییەکانی بەرەنگاربوونەوەی تای خوێنبەربوون، حەوت کەسیان داوەتە دادگا. دووپاتیشی دەکاتەوە، بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە هیچ پەیوەندییەکی بە جەژنی قوربانەوە نییە.
پارێزگاری هەولێر، ڕایگەیاند؛ ئەو هاووڵاتییەی کفری کە چەند ڕۆژێک پێش ئێستا تووشی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون ببوو، چاک بووەتەوە و نەخۆشخانەی بەجێ هێشتووە. چەند حاڵەتێکی گوماناویش هەبوون، بە خۆشحاڵییەوە پشکنینەکانیان نەرێیی دەرچوون و ئێستا هیچ کەسێک لە نەخۆشخانە نەماوە.”
وتیشی؛ لە وەزارەتی ناوخۆ و لە دیوانی پارێزگای هەولێریش ژمارەیەک کۆبوونەوەمان لەبارەی چۆنییەتی ڕێگریی لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون کردووە و ژمارەیەک ڕێنماییشمان دەرکردووە. داوا لە هاووڵاتییان دەکەین پێیانەوە پابەندبن، چونکە هۆشیارییان لەسەرووی هەموو شتێکەوەیە.”
پارێزگاری هەولێر، ڕێنمایی هاووڵاتیانی کرد، هیچ جۆرە گۆشتێکی سوور نەکڕن، ئەگەر مۆری ڤێتێرنەری پێیەوە نەبێت. وەکوو خۆی گوتی: زیاتر لە حەوت کەسمان داوەتە دادگا کە گۆشتی سووریان دوور لە ڕێنماییەکان و لەسەر شەقامەکان، فرۆشتووە و دوو لەو کەسانە، کەس دەستگیر کراون. ڕۆژانەش لێپێچینەوە لەگەڵ هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە بەوشێوەیە گۆشت دەفرۆشن.”
داوای لە مامۆستایانی ئایینی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد، هانی هاووڵاتییان بدەن ڕێنماییەکانی تایبەت بە ڕێگریی لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون جێبەجێ بکەن و دووپاتیشی کردەوە “بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە هیچ پەیوەندییەکی بە جەژنی قوربانەوە نییە.”