نێچيرڤان بارزانى و سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى شووراى ئيسلاميى ئێران كۆبوونه‌وه‌

هه‌ر له‌ به‌رده‌واميى سه‌ردانه‌كه‌يدا بۆ تاران، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 2025/5/18 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، له‌ ديدارێكدا لەگەڵ بەڕێز محەمەد باقر قالیباف، سەرۆكی ئەنجومەنی شوورای ئیسلامیی كۆماری ئیسلامیی ئێران، ده‌رباره‌ى پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌.

له‌ ديداره‌كه‌دا، هه‌ردوولا ستايشى به‌ره‌وپێشچوونى په‌يوه‌ندييه‌كانيان كرد. له‌مباره‌يه‌وه‌ نێچيرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانينى بۆ پشتگيرى و هاوكارييه‌كانى كۆمارى ئيسلاميى ئێران له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

هه‌ردوولا دوايين پێشهاته‌كان و بارودۆخی ناوچه‌كه‌ و ئاڵنگارييه‌كانيان تاوتوێ كرد و لەسەر پێویستيی هەماهەنگيى لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ پاراستنی ئارامى و سه‌قامگیری هاوڕا بوون، هه‌روەها داكۆكييان له‌سه‌ر هاريكاريى هه‌مه‌لايه‌ن لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە هاوبەشەكان، كردەوە.