ئهمڕۆ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە کۆڕبەندی دیالۆگی تاران بەشداریی پانێڵێکی کرد و لە پانێڵەکەدا تێڕوانینی هەرێمی کوردستان بۆ داهاتووی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و چەند بابەتێکی دیکەی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان و ناوجەکە خستەڕوو.
دەقی پانێڵەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی دیالۆگی تاران:
کۆڕبەندی دیالۆگی تاران: زۆر سوپاست دەکەین جەنابی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەوەی بانگهێشتەکەی ئێمەت قبوڵکرد. دڵخۆشم ئەو هەلە درا بە من لەگەڵتان گفتوگۆ بکەم. کەمتر لە مانگ و نیوێک لەمەوبەر میوانی ئێوە بووم و زۆر سوپاسی هەوڵی ئێوە دەکەم لە بەڕێوەچوونی ئەو دیدارە بەپێزە، هیوادارم کە ئەو کۆمەڵە، کە کۆمەڵەیەکی هەڵکەوتەن، بتوانن گفتوگۆی ئەمڕۆمان بە باشی هەڵسەنگێنن و ئێمە بتوانین تیشکێک بخەینە سەر بەشێک لە بابەتەکان؟
نێچیرڤان بارزانی: سەرەتا ئەگەر من چەند وشەیەک بە کوردی قسە بکەم. من زۆر خۆشحاڵم لەوەی کە بەشدار دەبم لەم رێوڕەسمە و سوپاس و پێزانینی خۆشم بۆ جەنابت کە بانگهێشتت کردووین و هاتووین بۆ تاران. زۆر خۆشحاڵم. هەوڵ دەدەم بە فارسی قسە بکەم، ئەگەر فارسییەکەم تۆزێک کێشەی تێکەوت، ئەوکات..
ئێمە بە فارسی دەستپێدەکەین. پێشم گوتن ئەگەر فارسییەکەم کێشەی هەبوو..
وتت مانگێک و نیو لەمەوبەر هاتن بۆ کوردستانی عێراق، من لەڕاستیدا بانگهێشتی بەڕێز دکتۆر زەریفیشم کرد و ئێستاش بانگهێشتی دەکەمەوە. ئێستاش دەتوانێت لە ئێوەوە بیبیستێت کە ئەو دیدارەی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو زۆر باش بوو. پشت بە خودا دێن “بۆ هەرێمی کوردستان”.
کۆڕبەندی دیالۆگی تاران: من شایەتی ئەوە دەدەم کە دیدارەکە نایاب بوو لە سلێمانی، کولتووری گفتوگۆ، کولتوورێکی لەمێژینەیە لە ناوچەی ئێمە. بەڕێز جەنابی بارزانی، گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە زۆر خێران، ئێوە لە هەولێر کە قسەتان دەکرد، ئاماژەت بەوە دا کە عێراق و هەرێمی کوردستان رۆڵی زۆر گرنگیان لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا هەیە، ئاماژەت بەوەش کرد کە ئێوە بە چ رادەیەک لە پەیوەندیگرتن لەگەڵ وڵاتانی دیکە سەرکەوتوو بوون بۆ ئەوەی بتوانن پەیوەندیی لەسەر بنەمای رێزگرتن لە یەکترتان بۆ هەرێمی کوردستان دەستەبەر بکەن، ئێوە رۆڵی عێراق لە داهاتووی ئەو گۆڕانکارییانە چۆن دەبینن؟
نێچیرڤان بارزانی: عێراق وڵاتێکی گرنگە لە ناوچەکە و دەتوانێت لە داهاتووی ناوچەکە رۆڵێکی گرنگ بگێڕێت. دەتوانم بڵێم بارودۆخی عێراق، ئەگەر ئێستای سەیر بکەی و بە چەند ساڵ لەمەوبەر بەراوردی بکەین، ئێستا لە عێراق گەورەترین گرفت کە دەتوانین ناوی کێشەی لێ بنێین، لە بەغدا ترافیکە. عێراق لەڕووی سیاسییەوە لە قۆناخێکەوە خەریکە دەچێتە قۆناخێکی نوێوە. من مەبەستم هەموو عێراقە. چەند رۆژێک لەمەوبەر خانەخوێی لوتکەی کۆمکاری عەرەبی بووین لە بەغدا، جا بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخەی لە ناوچەکە هەیە، ئێمە پێمان وایە کۆنفرانسێکی زۆر سەرکەوتوو بوو کە برایانی عەرەبی ئێمە لە وڵاتانی دیکە بەشدارییان کرد. عێراق وڵاتێکە کە پرسی شەڕ و کێشەکانی تێپەڕاندووە و خەریکە دەچێتە نێو قۆناخێکی سیاسیی گرنگەوە کە دەتوانێت رۆڵی کاریگەر بگێڕێت وەک وڵاتێک کە لە ناوچەکەدا گرنگە. عێراق هەم لەڕووی سەرچاوە سرووشتییەکان و لەڕووی سەرچاوەی مرۆییش وڵاتێکی زۆر دەوڵەمەندە. بە سیاسەتی دروست و روانین بۆ داهاتوو، دەتوانێت رۆڵێکی کاریگەر و گرنگی لە ناوچەکەدا هەبێت.
کۆڕبەندی دیالۆگی تاران: بەڕێز بارزانی ئێوە کوردستانێک یان هەرێمێکی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا چۆن پێناسە دەکەنەوە و لە روانینی خۆتانەوە چ مۆدێلێکتان پێیە بۆ هەرێمی کوردستان؟
نێچیرڤان بارزانی: بەر لەوەی ئەمریکییەکان بێنە عێراق، پێش ساڵی 2003 ئێمە هەر ئەو دۆخەمان هەبوو. ئەمریکییەکان هاتن و بە ئێمەیان گوت سیستمی عێراق دەبێتە سیستمێکی دیموکرات و فیدراڵی، ئێمە هاوکاریمان کردن بۆ نەهێشتنی سەدام. پێناسەی ئەو سیستمە لە عێراق ئەگەر لێی بڕوانن، پێناسەیەکە کە دەڵێت سیستمی فیدراڵی، بەداخەوە من دەمەوێت باس لەوە بکەم کە ئێمە تاوەکو ئێستا بەمە نەگەیشتووین، واتا عێراق رێگەیەکی زۆر دووری لەپێشە لە بابەتی فیدرالیزم، ئێمە لەگەڵ دۆستانمان لە بەغدا گفتوگۆکانمان لەسەر ئەوەیە کە دەڵێین هەرچۆنێک بێت ئێمە لە جوگرافیایەکدا دەژین کە پێی دەگوترێت عێراق، ئێمە دەبێ مۆدیلێک لە عێراق دابڕێژین کە جێگەی پەسندی هەمووان بێت، ئەو مۆدێلەش لە دەستووری عێراقدا پێناسە کراوە. 80٪ـی خەڵکی عێراق دەنگیان بەو دەستوورە داوە. ئێمە لە هەرێمی کوردستان ئایندەی خۆمان هەر لە چوارچێوەی عێراقدا دەبینین و دڵنیاین لەوەی ئەگەر دەستووری عێراق پیادە بکرێت، دەتوانێت زۆریەک لەو گرێکوێرانەی ئێستا وەکو کێشە لەنێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان هەن، بکرێنەوە. من نامەوێ ئەوە وەکو گلەیی باس بکەم، بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە هەڵسوکەوتی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک هەڵسوکەوتێکی فیدراڵی نییە، هەڵبەت من ئەوەم بە دۆستانمان لە بەغدا گوتووە، گوتومە کێشەکە ئەوەیە کە کاتێک ئێوە دەڕواننە هەرێمی کوردستان، وا بیر دەکەنەوە کە زۆر بەرزترین، تەنانەت لەگەڵ د. عادل عەبدولمەهدیش کە ئێستا لێرەیە و ئەوکات سەرۆکوەزیران بوون، ئەو گفتوگۆیەم کردووە. پێم گوتووە کاتێک کە ئێوە سەیری هەرێمی کوردستان دەکەن پێتان وایە ئێمە زۆر زیاتر لە دەستووری عێراق دەسەڵاتمان داوەتە خۆمان. ئێمە دەبێ دابنیشین و بەیەکەوە، بەبێ شەرمکردن لەیەکتر بزانین لە کام خاڵدا دەتوانین بگەینە یەکتر و ئەوە بکەین بە بنەمایەک بۆ عێراقی نوێ و ئەوەش کارێکی کردەییە. ئەو کێشانەی لە عێراق هەبوون، خەریکە وردە وردە چارەسەر دەبن، عێراق یەکەم کاری کە دەتوانێ بیکات بۆ ئەوەی بگات بە ئاسایشی سیاسی، دەبێ پرسی فیدراڵی لەگەڵ کوردستان چارەسەر بکات.
کۆڕبەندی دیالۆگی تاران: من شایەتی گفتوگۆکانی ئێوە لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بووم، گفتوگۆکان زۆر زیندوو و بەهێز بوون، بە شێوەیەکی راستگۆیانە ئەو بابەتانە دەخرانە بەر باس، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش هەندێک بابەتی باس دەکرد، بیرمە ئێوە گوتتان ئەوە جوانی ئەو گفتوگۆیانەیە کە بە شێوەی راشکاوانە ئەنجامدەدرێت و دڵنیام لەوەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سەروەری سیاسی عێراق و یەکپارچەیی عێراقدا دەتوانێت رۆڵی زۆر کاریگەری هەبێت، هەروەکو تا ئەمڕۆ بوویەتی. کاتی ئەوە هاتووە لێتان بپرسم، پێتوایە رۆڵی هەرێمی کوردستان لە بەهێزکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق چییە و چەندە دەتوانێت رۆڵی کاریگەری هەبێت؟
نێچیرڤان بارزانی: ئێمە لە هەرێم پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران، پەیوەندییەکی مێژووییە، بنەماکەی پەیوەندییەکی مێژوویی و فەرهەنگییە و ئێمە لەیەکەوە نزیکین. ئێستا ئەگەر لەڕووی ئابوورییەوە لێی بڕوانیت، نزیکەی 60٪ـی ئەو بازرگانییەی کە ئێران لەگەڵ عێراقی دەکات، لە هەرێمی کوردستانەوە بەرەو عێراق دەچێت، واتا ئێمە لەڕووی ئابوورییەوە پەیوەندییەکی زۆر باشمان هەیە. ئێستا رۆژ لەدوای رۆژ دەبینین ئاستی ئەو پەیوەندییانە بەرەوپێش دەچێت، بۆ نموونە ئێمە لە هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی دیکەمان هەیە کە پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران بەیەکەوە کۆدەبنەوە و دواتریش سەردانێکیان بۆ تاران دەبێت بۆ ئەوەی سەرۆککۆمار ببینن. ئەو پەیوەندییە فەرهەنگی و مێژووییەی لەگەڵ ئێران هەمانە، با وەکو یەک دراوسێ باسیان لێ بکەین، لە هەموو بڕگە مێژووییەکان کاتێک تووشی گرفت بووین، ئێران هاوکاری ئێمەی کردووە. یەکەمجار ئەگەر لە بابەتی هەڵەبجە سەیر بکەن و دوای هەڵەبجەش چەندین ساڵ ئاوارەبوون و لە شەڕی داعشیش ئێران یەک لەو وڵاتانە بوو، لەڕاستیدا یەکەم وڵات بوو کە لە شەڕی داعش هاوکاری کردین، خودا لێی خۆشبێت سەردار سلێمانی لە یەکەم کەسان بوو کە هاتە هەولێر، لە هەمان ئەو شەوەدا کە زۆر کێشە هەبوو. ئێمە لە هەموو شوێنێک باسی ئەوەمان بە ئاشکرا کردووە. ئەو پەیوەندییەی ئێمە لە هەموو بوارەکاندا پەیوەندییەکی باشە، باسی ئەوەم بۆ کردن کە دوای سەردانەکەی بەڕێز پزیشکیان، سەرۆککۆمار بۆ بەغدا و دواتر کە هاتن بۆ هەولێر، ئێمە ئێستا پەرەسەندنی ئەو پەیوەندییانە لە هەموو بوارەکاندا دەبینین، لەڕووی سیاسی، فەرهەنگی و زانکۆیی و بازرگانی، بەرەوپێشچوونی باشمان لە هەموو رەهەندەکاندا هەیە.
کۆڕبەندی دیالۆگی تاران: ئاماژەت بە سەردانەکەی د. موسعود پزیشکیان بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق کرد، پێدەچێت ئەو سەردانە لاپەڕەیەکی نوێی لە پەیوەندییەکانی نێوانتان کردەوە؟
نێچیرڤان بارزانی: بێگومان، ئێمە بە هەر حاڵ کۆمەڵێک بەرزی و نزمیمان لە پەیوەندییەکانماندا هەبوو. من لەو سەفەرەی بۆ تاران هەمبوو، بەر لەوەی د. پزیشکیان ببێت بە سەرۆککۆمار، خوا لێی خۆشبێت ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆمار بوو، ئەوکات چوومە لای رێبەری باڵا و پرسەکانمان زۆر بە راشکاوانە باس کرد. خاڵێکی وەرچەرخان کە لە پەیوەندییەکانماندا دروستبوو، دوای ئەو دیدارە بوو کە لەگەڵ رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجاممدا. ئەوە خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە پرسی پەیوەندییەکانماندا. بەڕێز د. پزشکیان گوتی لە یەکەم سەفەرمدا سەردانی عێراق دەکەم، منیش گوتم بە دڵنیاییەوە ئێمە بانگهێشتت دەکەین بۆ ئەوەی بێن بۆ هەولێر. ئەو پێشتر هاتبوو بۆ هەولێر، بەڵام کاتێک کە مامۆستا یان سەرۆکی زانکۆی تەورێز بوو، بۆیە شارەزاییەکی لەسەر هەولێر هەبوو. نازانم تۆ لەگەڵ سەرۆککۆمار بوویت یان نا، شاندەکەی لەگەڵی بوو بینیان کاتێک سەرۆککۆمار هات بۆ بەغدا و هەولێر. لە هەولێر بە کوردییەک قسەی کرد کە هەموومان سەرمان سوڕما.
کۆڕبەندی دیالۆگی تاران: من بینیم.
نێچیرڤان بارزانی: خۆ بینیت. داوای لە منیش کرد بە فارسی قسە بکەم کە پێموایە سەرۆککۆماریش سەری سوڕما. دوای سەفەرەکەی سەرۆککۆمار ئێمە بە کردار دەبینین کە لە هەموو بوار و ئاستەکاندا بەرەوپێش دەچین. هەر ئەو پرسی ئابووری و ئەو کۆبوونەوەیەی کە بڕیارە بەم زووانە لە سنە بەڕێوەبچێت، یەکێک لە دەستکەوتە گرنگەکانی بەڕێز سەرۆککۆمارە، ئەو بڕوای بەو قسانە هەیە کە دەیانکات. گوتی ئێمە دەبێ لە ناوچەکە هاوکاریی یەکتر بکەین، دەبێ لەگەڵ یەکتر بین، ئێستا ئێمە ئەوەی لێ دەبینین. ئێستا شایەتی ئەوەین کاتێک ئەو پۆستی سەرۆککۆماری گرتە دەستەوە، پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق و بەتایبەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بەرەوپێش دەچن، بۆ نموونە لەو دیدارانەی کە لەدوای سەفەرەکەی هەمانبووە، وەکو زیارەتکارانی ئێرانی کە لە کوردستانەوە بەرەو کەربەلا و نەجەف دەچن، ئێستا لە جاران زیاتر بە سیستەم کراوە. ئێمە ئێستا لە هەموو بوارەکاندا بەرەوپێشچوونمان هەیە.
کۆڕبەندی دیالۆگی تاران: گۆڕانکارییەکانی پرسی کورد تەنیا پەیوەست بە هەرێمی کوردستان نییە، گۆڕانکارییەکان سەبارەت بە پەکەکەش هەیە، دەمەوێ بەر لە دوا پرسیارم لێتان بپرسم کە ئەو ئاڵوگۆڕانەی سەبارەت بە پەکەکە هاتوونەتە پێش، دەتوانێت پێشەکییەک بێت بۆ کۆتاییهاتن بە ناکۆکییەکی لەمێژینە، دەبینن کە کۆماری ئیسلامی ئێرانیش تێبینی ئەمنی تایبەتی لە رابردوودا هەبووە، سەبارە بە چەند هێرشێک کە هەبوون لە کۆمەڵێک ناوچەوە کە زانیارییەکان لای ئێوەش هەبوون، پێدەچێت لەدوای سەردانەکەی د. پزشکیان لەو رووەشەوە ئێمە دەستکەوتی زۆر باشمان هەبووە؟
نێچیرڤان بارزانی: لە رووی ئەمنییەوە ئێمە بەرەوپێشچوونی زۆر باشمان هەیە، بەغدا و هەولێر و کۆماری ئیسلامی بەیەکەوە میکانیزمێکمان داڕشتووە. پرسێک بەلای ئێمەوە زۆر گرنگە، ئێمە رێگە نادەین هەرێمی کوردستان سەرچاوەی هەڕەشە بێت بۆ دراوسێکان و بەتایبەتی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران. ئەوە یەک لەو پرەنسیپانەیە کە ئێمە لە کوردستانی عێراق پێوەی پابەندین و بە هاوکاری عێراق میکانیزمێکمان داڕشتووە و بەردەوام کۆبوونەوە دەکرێت، بە خۆشییەوە من دوێنێ شەویش لە تاران کۆمەڵێک کۆبوونەوەم هەبوو، هەموومان لەسەر ئەوە کۆکین کە تاوەکو ئێستا کۆمەڵێک قۆناخی باشمان بڕیوە، واتا لەڕووی ئەمنییەوە. ئێمە دووپاتی دەکەینەوە، خاکی هەرێمی کوردستان سەرچاوەی مەترسی نییە و ناشبێت بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران.
کۆڕبەندی دیالۆگی تاران: ئەوە پەیامێکی روونە، ئەی لەبارەی پەکەکە؟
نێچیرڤان بارزانی: لەبارەی پەکەکەوە، پرۆسەیەک لە تورکیا دەستی پێ کردووە، ئێمە لە هەرێمی کوردستان پشتیوانی لەو پرۆسەیە دەکەین. راستییەک هەیە کە پرسی کورد ناکرێ بە شەڕ و خوێنڕشتن چارەسەر بکەین. ئەو رۆڵەی ئێمە لە کوردستانی عێراق دەیگێڕین ئەوەیە کە یارمەتیدەر بین، ئێمە دەستوەردان ناکەین. نە لە کاروباری ناوخۆی تورکیا و نە لە کاروباری ناوخۆی هیچ وڵاتێکی دیکەش. بەڵام ئەگەر بتوانین لە چوارچێوەی ئەو پرسەدا هاوکارییەکی تورکیا بکەین، ئەو ئامادەییەمان تێدایە. ئەو پرۆسەیە دەستیپێکردووە و پرۆسەیەکی رژدە لەناو تورکیادا کە لایەنێکی پەکەکەیە و لە لایەکی دیکەوە حیزبی دەم پارتی و لە لایەکی دیکەشەوە خودی بەڕێز ئۆجەلانە. ئەو سێیە کۆڵەکەی سەرەکیی ئەو پرۆسەیەن کە ئێستا دەستیانپێکردووە و ئێمەش رامانگەیاندووە، ئەوان پێویستییان بە هەر هاوکارییەکی ئێمە هەیە، ئێمە ئامادەین ئەو دەورە ببینین، رۆڵێک کە پشت بە خودا کێشەی پەکەکە و تورکیا چارەسەر بکات. لەبەر ئەوەی ئەو کێشەیە بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی چارەسەر ناکرێت.
کۆڕبەندی دیالۆگی تاران: دوایین پرسیارم، پرسیارێکە لە دەرەوەی سیاسەتە، رێگەم پێ دەدەی بیکەم؟
نێچیرڤان بارزانی: تکایە فەرموون.
کۆڕبەندی دیالۆگی تاران: کاتێک دێی بۆ ئێران، چ شتێکی ئەو وڵاتە لە هەمووان زیاتر سەرنجت رادەکێشێت، جگە لە زمانی فارسی و ئەو بیرەوەرییانەی کە هەتە؟
نێچیرڤان بارزانی: هەر ئەو بیرەوەرییانەی کە ئاماژەت پێدا، ئێران وڵاتێک بوو کە ئێمەی وەکو پەناهەندە لە سەردەمێکدا قبوڵکردووە و لە راستیشدا ئێمە لێرە پەنابەر نەبووین، ئێمەیان وەکو هاووڵاتییەک قبوڵکردبوو، تەنانەت میوان نەبووین و خاوەن ماڵ بووین. ئەو بیرەوەرییانەی ئێمە لە ئێران هەمانبووە، دەمێننەوە. لە لایەکی دیکەشەوە هەمیشە کاتێک دێم بۆ ئێران، کاتێک دەمەوێ بچم بۆ شوێنێک و دووبارە بیبینمەوە، عەزیمییەی کەرەجە. ئێمە خاڵی هاوبەشی زۆرمان هەیە. هەمیشە ئەو وڵاتە بە ماڵی خۆمان دەزانین.
کۆڕبەندی دیالۆگی تاران: من دەتوانم شایەتی ئەوە بدەم کە ئێوە یەک لە ئەندازیارانی پەیوەندی زۆر باشی نێوان دوو وڵاتن، هەم بەو بابەتە قووڵانەی کە لاتانە و هەم بە تێڕوانینەکانتان. سوپاس بۆ ئەوەی هاتن و ئەو گفتوگۆیەتان قبوڵکرد.
نێچیرڤان بارزانی: زۆر سوپاس.