گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، له هه‌ندێ ناوچه‌ی هه‌رێمی كوردستان وشكه‌ساڵییە، ده‌شڵێ “پلانمان ناردووه بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وەزیران به مه‌به‌ستی بەرەنگاربوونه‌وەی وشكه‌ساڵی و گۆڕانكارییه‌كانی كه‌شوهه‌وا.”
هیوا عه‌لی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند “وشكەساڵی به‌پێی تایبه‌تمه‌ندی شوێنه‌كانه، كه‌می باران و دابه‌زینی ئاستی ئاو كاریگه‌ریی كردووەته سه‌ر كه‌رتی كشتوكاڵ، ڕاسته ئەمساڵ له هه‌رێمی كوردستان بارانی پێویست نه‌باریوە، به‌ڵام ده‌كرێت بڵێین نیمچه وشكه‌ساڵییه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر ناوچه‌یه‌ك تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه، بۆ نموونه له‌وانه‌یه له هه‌ولێر وشكه‌ساڵی بێت، له دهۆك ڕه‌وشه‌كه جیا بێت، له سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه و گه‌رمیان جۆرێکی دیکە، هه‌ر شاره و تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه، ئاستی دابه‌زینی ئاو و به‌رهه‌می كشتوكاڵ له هه‌موو شوێنێك وه‌ك یه‌ك نییه.”
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ گوتی “نا‌توانیت بڵێین وشكه‌ساڵی سه‌رتاسه‌رییه، به‌و پێیه‌ی كاریگه‌ری كه‌می باران زۆرتره له‌سه‌ر هه‌ندێ ناوچه، له‌و ناوچانه وشكه ساڵییه، به‌تایبه‌تی ڕێژه‌ی وشكه‌ساڵی زیاتر له هه‌ردوو پارێزگای هه‌ولێر و دهۆكه.”
هیوا عه‌لی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد “به به‌رده‌وامی پلانی به‌رەنگاربوونه‌وه‌ی وشكه‌ساڵی و گۆڕانكارییه‌كانی كه‌شوهه‌وا هه‌یه، وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ پلانی خۆی پێشكه‌شی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران كردووه، یه‌كێك له‌وانه‌ش پاڵپشتی داراییە بۆ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ، هه‌روه‌ها زیادكردنی توانای گلدانه‌وه‌ی ئاوە له هه‌رێمی كوردستان، له ڕێگه‌ی زیادكردنی ژماره‌ی به‌نداو و پۆنده‌كان، خاڵێكی دیكه‌ی پلانه‌كه گواستنه‌وه‌ی ئاوه له كه‌ناڵه‌كانی ئاودێری بۆ جووتیاران، ئەوە جگە لە دابینكردنی بنه‌تۆ بۆ جووتیاران و ئاشناكردنی جووتیاران به گۆڕانكاریه‌كانی كه‌شوهه‌وا و چه‌ندین خاڵی دیكه‌ش.”