بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەشکەوتی پڵنگان گەلی چناران لە شارەدێی سرێشمەی سنووری شارۆچکەی خەلیفان، بە هەوڵی هاوبەشی شوێنەواری سۆران و زانکۆی بارسلۆنەی ئیسپانی، دۆزینەوەیەکی مێژوویی ناوازەی تێدا ئەنجام دراوە، کە سێ چینی گرنگی تێدا دەستنیشان کراوە:
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دۆزینەوەی چەند شوێنەوارێکی لە ئەشکەوتی پڵنگان لە سنووری شارەدێی سرێشمە ڕاگەیاند، کە بەهاوبەشی شوینەواری سۆران و زانکۆی بارسلۆنە کاری کنە و پشکینینی بۆ کراوە و مێژووەکەیان بۆ 20 هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیاندراوەکە،یەکەمیان؛ دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئێپی پالیۆلیسیک (10 هەزار بۆ 20 هەزار ساڵ لەمەوبەر)، ئەم دۆزینەوەیە دوای 50 ساڵ لە نەبوونی بەڵگەی شوێنەوارناسی لە ناوچەی زاگرۆس دۆزراوەتەوە.
چینی دووەم؛ بۆ چاخی بەردینی نوێ و چینی سێیەم بۆ سەردەمی برۆنز دەگەڕێتەوە.
لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران چەندین شوێنەوار هەن، کە گرنگییەکی تایبەتیان هەیە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، لەوانە ئەشکەوتی شانەدەر، کە بە یەکێك لە کۆنترین و گەورەترین ئەشکەوتەکانی جیهان دادەنرێت، مێژوویەکی 110 هەزار ساڵەی جیۆلۆجی لە خۆ دەگرێت.