بازاری هەینیان قەزای خەبات: وێستگەیەکی کۆمەڵایەتی و ئابووری کە تەنها یەک رۆژ لە هەفتەدا دەکرێتەوە

فۆتۆستۆری – هەولێر – تایبەت بە رۆژنامەی هەولێر

بازاری هەینیان لە قەزای خەبات، وێستگەیەکی سەرەکی بۆتە بۆ دانیشتوانی ناوچەکە و گوندەکانی دەوروبەر. ئەم بازاڕە تایبەتمەندە تەنها یەک رۆژ لە هەفتەدا لەدوای بانگی بەیانییەوە دەکرێتەوە، کە پەیتا پەیتا کڕیار و فرۆشیار ڕووی تێدەکەن.

لە نێو گۆڕەپانێکی کراوەی ناو قەزاکەدا، بۆنی بەهارات، سەوزە، میوە، ماسی زێی گەورە، باڵندە و ئاژەڵەکان لەگەڵ دەنگی فرۆشیارەکاندا تێکەڵ بووە. فرۆشیاران کاڵاکانیان بە نرخێکی هەرزانتر لە بازاڕ و دوکانەکانی ناو کۆڵانەکان نمایش دەکەن.

بازاڕەکە کەلوپەلی جۆراوجۆر پێشکەش دەکات: سەوزە و میوەی تازە، جلوبەرگ، کەلوپەلی ناوماڵ، مۆبیلیاتی بەکارهێنراو، بەرهەمە ناوخۆییەکانی وەک پەنیر، هەنگوین و شیرینی، هەروەها ئاژەڵ و پەلەوەر، ئامێر، کەل و پەلی کارەبایی، ئاو و ئاوەڕۆ و کۆمەڵێک بابەتی تر.

محەمەد کاکەیی، دانیشتووی قەزای خەبات، بۆ رۆژنامەی هەولێر دەڵێت: “من بازاڕەکەم خۆشدەوێت، چونکە هەموو شتێکی لێیە، هەرچیت بە خەیاڵ دێت لەم بازارە بەرچاوت دەکەوێت. هەروەها هەموو شتێک هەرزانترە لە بازاڕە گەورەکان. جگە لەوە، دیمەنەکە یادی جارانم بیردەخاتەوە.”

سامی گۆران، یەکێک لە فرۆشیارەکان، باسی کارەکەی دەکات: “خۆم و پیکابەکەم پڕ لە سەوزە، کودی و باینجان دەکەم کە لەسەر لێواری زێی گەورە چاندوومە و لەم بازارە جوانە ساغی دەکەمەوە. لە کاتژمێر ٣ی بەیانییەوە دێم، شوێنێک بۆ خۆم داگیر دەکەم تا کاتژمێر ١١ی نیوەڕۆ دەست بە فرۆشتن دەکەم.”

ئەوەی لە بازاڕەکەدا جێی سەرنجە، هەمەچەشنی کڕیار و فرۆشیارەکانە، کە گوندنشینەکان تێکەڵ بە خەڵکی شار دەکات. دەوڵەمەند و هەژار بەیەکەوە لە یەک شوێنن، ئەمەش پەیوەندی کۆمەڵایەتی و ئابووری دروست دەکات کە ڕەنگدانەوەی سروشتی کۆمەڵگای کوردییە لە ناوچەکەدا.