پارێزگاری دهۆک داوا لە پەکەکە دەکات سنووری پارێزگاکە چۆڵ بکەن

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: “بەهۆی ململانێی چەکداریی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا، لە هەرێمی کوردستان، پارێزگای دهۆک زۆرترین زیانی بەرکەوتووە. ئاماژەی بەوەش کرد، نزیکەی 30%ی گوندەکانی پارێزگاکە وێران کراون و بەتەواوی چۆڵکراون، هۆی سەرەکی نەگەڕانەوەی دانیشتووانیش بۆ ناوچەکانیان سیاسەتەکانی پەکەکەیە، هەروەها هاووڵاتیانی ئەو گوندانە زیاتر لە 38 ساڵە، بەهۆی بەردەوامیی گرژییە ئەمنییەکان و بوونی چەکداران، نەگەڕاونەتەوە ناوچەکانیان.
عەلی تەتەر، داوای لە چەکدارانی پەکەکە کرد ئەو گوند و شاخانەی کە تێیدا جێگیرن، چۆڵ بکەن بۆ ئەوەی دانیشتووان بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دەست بە ژیانی ئاسایی خۆیان بکەنەوە.
پارێزگار، پاڵپشتیی ئیدارەی پارێزگاکەی بۆ هەوڵەکانی ئاشتی نێوان ئەنقەرە و پەکەکە دووپات کردەوە، هەروەها داوای تەواوکردنی پرۆسەی ئاشتی بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی ناوچەکە و گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی بۆ گوندەکانی سنوورەکە کرد.
ڕوونیشی کردەوە “حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێستاوە دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی هەندێک پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوە لە ناوچە زیانبەرکەوتووەکان، لەوانەش قیرتاوکردنی ڕێگای گەلیی باڵندە کە بەرەو ناوچەکانی نێروە و ڕێکان دەڕوات، جگە لە تەواوکردنی ئەو پڕۆژانە لە ناوچەکانی دیکەی وەک ئەو گوندانەی کە دەکەونە بناری چیای گارە و چیای مەتین.