هەولێر.. چوارەمین فێستیڤاڵی گوڵ و باخچە کرایەوە

چوارەمین فێستیڤاڵی گوڵ و باخچە لە شاری هەولێر کرایەوە، کە زۆربەی ئەو گوڵانەی نمایش کراون لە کوردستان بەرهەم هێنراون.

هاوکار عبدالعزیز، لە بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پارکەکان و سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکە بە رۆژنامەی هەولێر راگەیاند: “ئەمڕۆ فێستیڤاڵی گوڵ لە هەولێر لەبەردەم پارکی شانەدەر کرایەوە و تێیدا کۆمپانیا و نەمامگەکان بەشداریان کردووە.”

ئەمە چوارەمین فێستیڤاڵە لە هەولێر دەکرێت، تێیدا 40 کۆمپانیا و نەمامگە بە گوڵی جۆراوجۆر و دار و بەرهەمەکانیان بەشدار دەبن.

هەروەها سەبارەت بەو گوڵانەی کە نمایش دەکرێن، گوتی: “زۆربەی گوڵەکان لە کوردستان بەرهەم دەهێنرێن و گرنگیان پێ دەدرێت لەلایەن نەمامگەکانی کوردستانەوە و هەندێکیش لە گوڵەکان لە دەرەوە هاوردە دەکرێن و لە فێستیڤاڵەکەدا نمایش دەکرێن.”

ئاماژە بەوەش کرا کە مەبەست لەو پێشانگایە، ئاشناکردنی هاووڵاتیانە بە دار و گوڵ و گوڵزار، هەروەها زیادکردنی رێژەی گوڵ و سەوزایی لە هەولێر.

“ساڵانە ئەو فێستیڤاڵە لە هەولێر بەڕێوە دەچێت و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.”