هۆنیار عەبدوڵڵا – ههولێر
بەکارهێنانی ماددەی ھۆشبەر و بازرگانی پێوەکردنی لە عێراقدا، ھەڕەشە لە ئاسایشی کۆمەڵگا دەکات و داھاتووی نەوەی نوێ دەخاتە مەترسییەوە.
سەرەڕای ھەوڵەکانی حکوومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەمو کێشەیە، ئێستا دیاردەکە گۆڕاوە و بووەتە بازرگانییەکی قازانجبەخش؛ ئەوەش بووەتە ھۆی زۆربوونی کێشەکە و فراوانبوونی بازنەکەی. ئەم ڕاپۆرتە ڕووناکی دەخاتە سەر ڕەھەندە جیاوازەکانی ئەم پرسیارە، لە ھۆکارە ڕیشەییەکانی بڵاوبوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکانەوە دەست پێ دەکات.
ژمارەیەکی زۆر ھۆکار بەشدارن لە تەشەنەکردنی ماددە ھۆشبەرەکان لە عێراقدا، دەکرێت لەمانەی خوارەوە پوخت بکرێنەوە:
ئاستەنگە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان: فشاری دەروونی کە لە ئەنجامی بێکاری و ھەژارییەوە پەیدا دەبێ، لەگەڵ کەمداگەڕانی دەستکەوتی دارایی و کەمیی دەرفەتی بەردەست، وا لە ھەندێک کەس دەکات لە ڕێگەی بەکارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکانەوە لە واقیع ڕابکەن. زۆربوونی کێشەی کۆمەڵایەتی و خێزانی و کاریگەریی ھاوڕێیان یان ژینگەی کۆمەڵایەتی و کەمئاگایی لە مەترسییەکانی ماددە ھۆشبەرەکان، ھەموو ئەمانە ڕێژەی خزان بەرەو هۆکارەیی (ئالوودەبوون) زیاتر دەکەن.
یاسای لاواز و بڵاوبوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان: بەئاسان دەستکەوتنی ماددە ھۆشبەرەکان لە بازاڕی ڕەشدا و لاوازیی یاساکان کە پەیوەندییان بە بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکانەوە ھەیە، بەشداری لە بڵاوبوونەوەیاندا دەکەن.
فشاری دەروونی و کۆمەڵایەتی: بێھیوایی و بێئومێدیی کە لە ئەنجامی بارودۆخی سەختی ژیانەوە پەیدا دەبێت، ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێ لە پاڵنانی گەنجان بەرەو ماددەی ھۆشبەر.
نەبوونی چاودێریی خێزانی و کۆمەڵایەتی: لاوازداگەڕانی ڕۆڵی خێزان و کۆمەڵگا لە ھۆشیارکردنەوەی گەنجان دەربارەی مەترسییەکانی ماددە ھۆشبەرەکان و چاودێریکردنی ڕەفتارەکانیان دەرفەتی خلیسکان بەرەو هۆکارەیی (ئالوودەبوون) و پێوەبوون زیاتر دەکات.
کاریگەریی ماددە ھۆشبەرەکان لەسەر ئاسایشی عێراق و کۆمەڵگا
ھەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵگا: پسپۆڕانی ئاسایشی پێیان وایە کە مەترسیی ماددە ھۆشبەرەکان لە مەترسیی تیرۆر زیاترە، چونکە دەبێتە ھۆی ھەڵوەشانەوەی خێزان و هەڵکشانی ڕێژەی تاوان، لەوانە تاوانی توندوتیژانەی وەکو کوشتن و لاقەکردن (دەستدرێژیی سێکسی).
کاریگەریی خراپی تەندروستی و دەروونی: بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر، بە نەرێنی کار دەکاتە سەر ھەموو ئەندامەکانی جەستە، بەتایبەتی کۆئەندامی دەمار و دەبێتە ھۆی نەخۆشینی وەکو شێرپەنجە و لاوازداگەڕانی دەمارەکان. ھەروەھا دەبێتە ھۆی کێشە بۆ دڵ و سیپەلاک و گورچیلە و جگەر، لەگەڵ لاوازیی سێکسی. لە ڕووی دەروونییەوە، هۆکارەیی (ئالوودەبوون) دەبێتە ھۆی خەمۆکیی درێژخایەن، گۆشەگیری کۆمەڵایەتی و، دڵەڕاوکێ و، تەنانەت ڕەنگە بگاتە دۆخی پارچەبوونی کەسایەتی.
دەرئەنجامە ئابوورییەکان: بازرگانیی ماددە ھۆشبەرەکان سەرچاوەکانی دەوڵەت بەفیڕۆ دەدات و، دەبێتە بەربەستی گەشەپێدانی ئابووری و، چارەسەر و بووژاندنەوەیشی تێچوویەکی زۆری تێدەچێت.
جۆرە باوەکانی ماددە ھۆشبەرەکان لە عێراق:
(کریستاڵ): هۆشبەرێکی هەرە مەترسیدار و بەربڵاوە لە عێراقدا؛ هەر زوو بەکارهێنەر ئالوودە و گیرۆدە دەکات و دەبێتە هۆی وێرانکردنی کۆئەندامی دەمار.
کەپتاگۆن: هۆشبەرە کیمیاییەکی ورووژێنەر و بەھێزە کە بە شێوەیەکی نایاسایی دروست دەکرێت و، بازرگانییەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی پڕقازانجی پێوە دەکرێت؛ بە قاچاخ دەبرێتە وڵاتانی کەنداو و ئەورووپا.
حەشیش و ماددە ئۆپیۆیدییەکان: ھۆشبەری دیکەیش ھەن کە لە عێراقدا بڵاو بوونەتەوە و بەشداری دەکەن لە قووڵکردنەوەی کێشەی گیرۆدەیی (ئالوودەبوون).
سەرچاوەکانی ماددە ھۆشبەرەکان لە عێراق:
وڵاتانی دراوسێ: ئێران و لوبنان و سوریا بە سەرچاوە سەرەکییەکانی ئەو ماددە ھۆشبەرانە دادەنرێن کە دەچنە عێراقەوە، بەجۆرێک تا ئێستا سوریا بووبوو بە ناوەندێک بۆ ھەناردەکردنی کەپتاگۆن.
وڵاتانی کەنداو و پاکستان و ئەفغانستان: ماددە ھۆشبەرەکان لە ڕێگەی ئاوەوە لە ھەندێک وڵاتی کەنداوەوە دەگەنە عێراق، ھەروەھا لە پاکستان و ئەفغانستانەوە بە ڕێگەی ئێراندا.
قاچاخچێتی لە ڕێگەی سنوورەکانەوە: قاچاخچێتیی گەورە لە سنوورەکانی عێراقەوە دەکرێن، بەتایبەتی سنووری ئێران و سوریا و سوود لە ڕووبەرە فراوانە کۆنترۆڵنەکراوەکان و گەندەڵی لە بازگە سنوورییەکان وەردەگرن.
ھەوڵی بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان لە عێراق:
ھەوڵەکانی حکوومەت:
چڕکردنەوەی ڕێوشوێنە ئەمنییەکان بۆ ڕاوکردنی بازرگانانی ماددە ھۆشبەرەکان و دەستبەسەرداگرتنی ماددە ھۆشبەرەکان.
پشتیوانیکردنی وەزارەتەکانی تەندروستی و ناوخۆ بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاری دەربارەی مەترسییەکانی ماددە ھۆشبەرەکان.
تەرخانکردنی بوودجەیەکی مانگانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان.
لێپرسینەوەنەکردن لە بەکارھێنەران لە ڕووی یاساییەوە و، ناردنیان بۆ نەخۆشخانە زۆرەملێکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ بۆ وەرگرتنی چارەسەر.
کاراکردنی ژوورە ھاوبەشەکانی ئۆپەراسیۆن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و زیادکردنی ھاوکاریی زانیاری.
بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ لە چاودێریکردنی ڕێڕەوەکانی بازرگانیی ماددەی ھۆشبەردا.
ھەوڵەکانی کۆمەڵگای مەدەنی:
ڕێکخستنی ھەڵمەتەکانی ھۆشیارکردنەوە لە قوتابخانەکان و زانکۆکان و کۆمەڵگە ناوخۆییەکاندا.
پێشکەشکردنی پشتیوانی دەروونی و کۆمەڵایەتی بە کەسانی گیرۆدە و هۆکارە (مودمن) و خێزانەکانیان.
داواکردنی توندکردنی یاساکان و سزاکان کە پەیوەندییان بە ماددەی ھۆشبەرەوە ھەیە.
ھاوکاریکردنی لایەنە حکومییەکان لە بەرەنگاربوونەوەی ماددەی ھۆشبەردا.
ئاستەنگ و بەربەستەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان لە عێراق:
گەندەڵی: گەندەڵی ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێت لە ئاسانکردنی بازرگانیی ماددە ھۆشبەر و قاچاخکردنی لە ڕێگەی سنوورەکانەوە.
لاوازیی چاودێریکردنی سنوور: ڕووبەرە فراوانەکانی سنوور کە کۆنتڕۆڵ نەکراون بە شێوەیەکی ئەمنی، وادەکات کۆنترۆڵی قاچاخکردنی ماددە ھۆشبەرەکان زەحمەت ببێت.
کەمیی سەرچاوەکان: کەمیی سەرچاوەی دارایی و دەزگای پێشکەوتوو دەبێتە بەربەستی ھەوڵی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی ھۆشبەر.
بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری: بێکاری و ھەژاری و بێهیوایی، ڕێژەی بەکارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکان زیاد دەکات.
کەمیی سەنتەرەکانی چارەسەر و بووژاندنەوە: ژمارەی سەنتەرەکانی چارەسەر و بووژاندنەوەی پسپۆڕ لە عێراقدا ھێشتا بەشی پێویست نییە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکان.
نەنگی کۆمەڵایەتی: ترس لە نەنگی کۆمەڵایەتی وا لە هۆکارە و گیرۆدە دەکات شەرم و شوورەیی بکات و داوای یارمەتی نەکات.
چارەسەرە پێشنیارکراوەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی ھۆشبەر لە عێراق:
توندکردنی چاودێری لەسەر سنوورەکان و دەروازەکان: بەکارھێنانی تەکنەلۆژیای نوێ و کاراکردنی ڕۆڵی ھەواڵگری بۆ چاودێریکردنی سنوورەکان و ڕێگرتن لە قاچاخکردن.
بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی: لێپرسینەوە لەوانەی تێوەگلاون لە بازرگانیی ماددە ھۆشبەر و قاچاخکردنی، لەنێویاندا دەستڕۆیشتووانی سیاسی.
گەشەپێدانی یاساکان و سزاکان: توندکردنی سزاکان لەسەر بازرگانانی ماددە ھۆشبەر و بڵاوکەرەوەکان و، دەستکاریکردنی یاساکان بۆ ئاسانکردنی بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەر.
زیادکردنی ھۆشیاریی کۆمەڵایەتی: ڕێکخستنی ھەڵمەتی ھۆشیارکردنەوەی چڕ بۆ ڕۆشنبیرکردنی گەنجان و کۆمەڵگا دەربارەی مەترسییەکانی ماددە ھۆشبەر.
دابینکردنی سەنتەری چارەسەر و بووژاندنەوەی بەس: دروستکردنی زیاتری سەنتەری تایبەتمەند بۆ چارەسەرکردنی ئالوودەبووان و ئامادەکردنیان بۆ گەڕانەوە بۆ ناو کۆمەڵگا.
دابینکردنی پشتیوانیی دەروونی و کۆمەڵایەتی: پێشکەشکردنی پشتیوانیی دەروونی و کۆمەڵایەتی بە ئالوودەبووان و خێزانەکانیان بۆ یارمەتیدانیان لە چاکبوونەوەدا.
چارەسەرکردنی ھۆکارەڕیشەییەکان: بەرەنگاربوونەوەی بێکاری و ھەژاری و دابینکردنی دەرفەتی کار بۆ گەنجان.
ھاوکاریی ناوچەیی و نێودەوڵەتی: ھاوکاریکردن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری و شارەزایی لە بوارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکاندا.
کۆتایی:
پرسی ماددە ھۆشبەرەکان لە عێراقدا بە ئاستەنگێکی مەترسیدار دادەنرێت کە پێویستی بە یەکخستنی ھەوڵەکان ھەیە لە ھەموو لایەنەکانەوە، حکومەت و کۆمەڵگای مەدەنی و تاکەکان، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی و کەمکردنەوەی کاریگەرییە وێرانکەرەکانی. لە ڕێگەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی یەکلاکەرەوە و گشتگیرەوە، عێراق دەتوانێت گەنجانی و کۆمەڵگاکەی لە مەترسیی ماددەی ھۆشبەر بپارێزێت و داھاتوویەکی باشتر بۆ ھەمووان دروست بکات.