نێچیرڤان کەلاری، سکرتێری یەکێتیی قوتابییانی کوردستان: ھەموو ئامادەکارییەک کراوە و لەناو کۆنگرە سکرتێر و ئەندامانی سکرتاریەت ھەڵدەبژێردرێن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بڕیارە سبەی کۆنگرەی یەکگرتنی ھەردوو ڕێکخراوی یەکێتی قوتابییان و لاوانی کوردستان بکرێت و لە لایەن ئەندامانی کۆنگرە سکرتێر و ئەندامانی سکرتاریەت ھەڵدەبژێردرێن. سکرتێری یەکێتیی قوتابییانی کوردستان، دەڵێت: ھەر دوو ڕێکخراو بوونەتە پردێک لە نێوان قوتابییان و لاوان و دەستەڵات بۆ چارەکردنی کێشەکان. دەشڵێ: دەمێکە ئامادەکاری بۆ کردنی کۆنگرە و یەکگرتنی ھەردوو ڕێکخراو کراوە و یەکگرتنەوەیان دەبێتە ھۆی بەرەو پێشبردنی کاری ڕێکخراوەیی.

ھەر دوو ڕێکخراوی یەکێتی قوتابییان و یەکێتی لاوانی کوردستان لە ساڵی ١٩٥٣ لەسەر دەستی باوکی ڕۆحی نەتەوەی کورد بارزانیی نەمر دامەزران، کە ئەو کات لەناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و لەناو قوتابییان و لاوان جۆش و خرۆشێکی بێ وێنە ھەبوو، حەماسەتێکی نەتەوایەتی بەرز ھەبوو، ئەو کات پێویست بوو ڕێکخراوێک دابمەزرێت بۆ ئەوەی قوتابییان و لاوان لە چوارچێوەی ئەو ڕێکخراوەدا ھێز و توانای خۆیان دەربخەن، بۆیە ئەو ھەر دوو ڕێکخراوە بۆ بەرەو پێشچوونی ئاستی زانست و خزمەتکردنی قوتابییان و لاوانە.
ئەو دوو ڕێکخراوە ھیچ کاتێک لە بەرپرسیارەتیان ڕانەکردووە و پرسە نیشتمانی و نەتەوەیی و کێشەکانی قوتابییان و لاوانی بە ئەستۆوە گرتووە و بۆ ھەر سەردەمێک وەڵامی تایبەت و گونجاوی خۆیان ھەبووە و بوونەتە پردێک لە نێوان قوتابییان و لاوان و دەستەڵات بۆ چارەکردنی کێشەکان، ئەندامان و لایەنگرانی ھەردوو ڕێکخراوی قوتابییان و لاوان بە درێژایی ٧٢ ساڵی تەمەنیان گەنجینەیەک لە بەرھەم و دەستکەوتیان بۆ توێژی قوتابییان و لاوان بەدەستھێناوە.
لە ساڵی ١٩٩٩ پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی ١٨ی شوباتی بە ڕۆژی لاوان و قوتابییانی کوردستان دەستنیشان کردووە.
بەگوتەی بەرپرسانی کۆنگرە، یەکگرتنی ھەردوو ڕێکخراوی یەکێتی قوتابییان و لاوان پێشتر دیراسەتی بۆ کراوە و دەمێکە ئامادەکاری بۆ کردنی کۆنگرە و یەکگرتنی ھەردوو ڕێکخراو کراوە و یەکگرتنەوەیان دەبێتە ھۆی بەرەو پێشبردنی کاری ڕێکخراوەیی، ھەیکەلی ھەردوو ڕێکخراوەکە دەبێتە یەک سکرتاریەت و سکرتێرێکی دەبێت، لەناو کۆنگرە لەلایەن ئەندامانی کۆنگرەوە سکرتێر و ئەندامانی سکرتاریەتی ڕێکخراوی یەکێتی قوتابییان و لاوان ھەڵدەبژێردرێن.
نێچیرڤان کەلاری، سکرتێری یەکێتیی قوتابییانی کوردستان، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی ڕاگەیاند، لە چوارچێوەی بڕوا بوون بە پڕەنسیبەکانی دیموکراسیەت کە یەکێک لەو بنەمایانەی کە ھەر دوو ڕێکخراوی یەکێتی قوتابییان و یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان، بە درێژای تەمەنی کارکردنی خۆیان پەیڕەویان کردووە لەو چوارچێوەیەدا ھەر دوو ڕێکخراو ئەمڕۆ کۆنگرەی خۆیان دەبەستن ئەوەش لە پێناو نوێبوونەوە و بەردەوامی دانە بە ڕەوتی کارکردنی ھەر دوو ڕێکخراو.
سکرتێری یەکێتیی قوتابییانی کوردستان، گوتیشی: ئەمڕۆ ١٥ی مانگ کۆنگرەی یەکگرتنی یەکێتی قوتابییانی کوردستان و یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان لە ھۆڵی مامۆستا سەعد عەبدوڵڵا لە شاری ھەولێر دەکرێت، لە کۆنگرەی یەکگرتنی ھەردوو ڕێکخراودا ٢٦٠ ئەندام بەشداری دەکەن، لە ھەمان کاتدا لەسەر ئاستی باڵای پارتیمان بەشداری کۆنگرە دەکرێت، یەکگرتنەوەیان دەبێتە ھۆی بەرەو پێشبردنی کاری ڕێکخراوەیی.
نێچیرڤان کەلاری، سکرتێری یەکێتیی قوتابییانی کوردستان، ئاشکراشی کرد: پرسی یەکگرتنەوەی ھەر دوو ڕێکخراو و دەرئەنجامەکانی کۆنگرە و چاوەڕوانییەکانی قوتابییان و لاوانی کوردستان بێگومان چەقی بیرکردنەوەی سەرجەم کادیرانی ئەو دوو ڕێکخراوەیە، ھەروەھا لەناو کۆنگرە تاوتوێی ھەموو ئەو ئالیەت و شێواز و میکانیزمانە دەکرێت کە بتوانرێت بە شێوازێکی باشتر لە خزمەت قوتابییان و لاوانی کوردستاندا بن لە داھاتوودا، لە ھەمان کاتدا سرووشتی گفتوگۆکان تەحەکوم بە کاتی کۆنگرەکەوە دەکات بەپێی ئەو گفتوگۆیەی کە لەسەر پڕۆگرام و پەیڕەوی ناوخۆیی و ئالیەتی کارکردن و ڕۆئیا و کارنامەی داھاتووی کارکردنی ئەو دوو ڕێکخراوەکە دەکات.
سکرتێری یەکێتیی قوتابییانی کوردستان، زیاتر دەڵێ: یەکێتی قوتابییانی کوردستان بۆ خزمەتکردنی توێژی قوتابی دامەزراوە سەنتەری گرنگی پێدان لەلایەن یەکێتی قوتابییان کاتی قوتابی بووە، ھەوڵدان بووە بۆ بەرەو پێشبردنی سیستەمی پەروەردە و سیستەمی خوێندن بۆ ئەوەی زیاتر بتوانێت ھاوکار بێت لە پێگەیاندن و پەروەردەکردنی قوتابی بۆ ئەوەی داھاتوویەکی باشی ھەبێت، لە ئەنجامی پێگەیاندن و پەروەردەکردن و داھاتوویەکی باش بۆ ئەو توێژە، بتوانین داھاتوویەکی باش بۆ وڵاتەکەمان مسۆگەر بکەین، فیدباک و ھەڵسەنگاندنی قوتابی و تێڕوانینی قوتابی تەحەکوم دەکات، ئەگەر تەماشای ژمارەی ئەندامانی خۆمان بکەین، بەدەمەوە ھاتنی قوتابی بۆ کار و چالاکییەکانی یەکێتی قوتابییان دەبینین کە بە چ شێوەیەکە، پێمانوایە یەکێتی قوتابییان لە جێبەجێ کردنی ئەو ئەرکەی خۆی سەرکەوتوو بووە و لە داھاتووشدا بێگومان ئالیەتێک پەیڕەو دەکات کە زیاتر لە ئاست چاوەڕوانی قوتابییەکاندا بێت.