لە ڕوونكردنەوەیەكی ئاسایشدا كە ڤیدیۆیەكی تاوانەكانیشی لەگەڵدایە، هاتووە: “دوای ئەنجامدانی بەدواداچوون لە لایەن تیمی تاوانی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان و بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، سێ تۆمەتبارمان دەستگیر کرد بە ناوەکانی (م ، ح ، خ) و(ج ، ح ، خ) و (د ، م ، س)، کە لەناو شاری هەولێر بە ئەنجامدانی تاوانی دزیکردن و ڕێگریکردن لە چەند هاووڵاتییەک هەستاون، کە دووکانی ئاڵوگۆڕی دراویان هەیە.”
دەشڵێ: “دوای ئەوەی چاودێریی خاوەن دووکانەکانیان کردووە، لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە هێرشیان کردووەتە سەریان و ڕێگەیان لێگرتوون و سەرجەم پارەکانیان بردووە، هەروەها هەستاون بە دزینی چەند ئۆتۆمبلێک و بەهەمان ئەو ئۆتۆمبیلانەی کە دزیویانە تابلۆکانیان گۆڕیوە و چەند تاوانیکی تری ڕێگری و دزیکردنیان ئەنجام داوە.”
ڕاشیگەیاندووە: “لە کاتی دەستگیرکردنیاندا دەست گیراوە بەسەر چەند چەکێکی بێمۆڵەت و ژمارەیەک تابلۆی ئۆتۆمبیلی ساختە و سێ ئۆتۆمبیلی دزراو؛ تۆمەتبارانی ناوهاتوو پێشینەی تاوانیان هەیە و پێشوتریش دەستگیر کراون و سزای یاسایی دراون. داوا دەکەین هەر هاووڵاتییەک سکاڵای یاسایی لەسەریان هەیە، سەردانمان بکات.