شارەزایەكی كەشناسی ئاگاداری هاووڵاتییان و شوفێران دەكاتەوە بەوەی كە پێشبینی دەكات، سبەی پێنجشەممە لە هەندێك ناوچەی هەرێمی كوردستان تەرزە بە قەبارە گەورە ببارێت، دەشڵێت كە ئێوارەی سبەی پێنجشەممە كۆتایی بە شەپۆڵی خۆڵبارین دێت.
ئاراس جەبار شارەزای كەشناسی دەڵێت: ئەمڕۆ لە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان خۆڵبارین بەردەوامی هەبووە لەگەڵ چالاکبوونی خێرایی با، هەروەها لە ھەندێك ناوچەی سنووری پارێزگای ھەولێر و ئیدارەی راپەرینیش بارانی بەخوڕ باریوە.
دەشڵێت: بۆ سبەی پێنجشەممە کاریگەری ئەم ناجێگیرییەی كەشوهەوا زیاتر دەبێت، لە کاتەکانی بەیانی تا ئێوارە ناو بە ناو لە ھەولێر و دھۆک و سلێمانی و ھەڵەبجە ئەگەری دروستبوونی بارانێکی کەم دەبێت.
هەروەها دەڵێت: لە سنووری ئیدارەی سۆران و ناوچە شاخاوییەکانی ئیدارەی راپەرین ئەگەر ھەیە ھەندێک کات تەرزەی بە قەبارە گەورە ببارێت.
شارەزاكەی كەشناسی ئاماژە بەوەش دەكات كە کاریگەری خۆڵبارین و ناجێگیری کەشوھەوا ئێوارەی سبەی پێنجشەمە کۆتایی دێت.
ئاراس جەبار جەختیش دەكاتەوە كە لە سەرەتای ھەفتەی داھاتوو کەشوھەوای گەرم و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەست پێ دەکاتەوە و شەپۆلەکانی خۆڵبارینیش بۆ ئەم مانگە کۆتای پێ دێت.