پارێزگاری هەولێر، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێری کرد

نیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەممە 2025.5.14، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئەرک و کارەکانیان، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێری کرد و لە لایەن عەمید شوان عارەب، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر پێشوازیی لێکرا.

لە سەردانەکەیدا، کە عەمید خەسرۆ غازى، بەڕێوەبەرى کاروبارى ناوخۆى پارێزگا ئامادەى بوو، پارێزگاری هەولێر، دەستخۆشى لە بەرێوەبەر و ئەفسەر و پلەدار و کارمەندانى بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر کرد، لە بەرقەرارکردنی یاسا و پاراستنی سەر و ماڵ و گیانی هاوڵاتییان و کەمکردنەوە و ئاشکراکردنى تاوان و دەستگیرکردنى تاوانباران و هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ خواستن، ڕاشیگەیاند: “وەک پارێزگای هەولێر بە هەموو شێویەک پاڵپشت و هاوکارتانین بۆ باشتر بەڕێوەچوونی ئەرک و کارەکانتان”.

لەلایەن خۆیەوە، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، زۆر سوپاسی پارێزگاری هەولێر کرد بۆ سەردانەکەی و تەئکیدی لەوەکردەوە وەک هێزەکانی پۆلیس لە هەولێرى پایتەخت هەموو هەوڵێکی خۆیان خستۆتەگەڕ لە پێناو پاراستنی سەر و ماڵ و گیانی هاوڵاتییان و بەشەو و ڕۆژ لەو پێناوەدا لە ئەرکدان.