مەسرور بارزانی لەگەڵ یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە

 ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی ئایاری 2025 ، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ سکرتارییەت و بەرپرسی لق و ناوەندەکانی یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان کۆ بووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا ، ڕێبوار یەڵدا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، کورتەیەکی دەربارەی ئامادەکارییەکانی بەستنی کۆنگرەی یەکگرتنی هەردوو  ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان خستەڕوو، کە بڕیارە سبەینێ پێنجشەممە بە ئامادەبوون و سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی، لە هەولێر بەڕێوە بچێت.

هەر لەدیدارەکەدا نێچیرڤان حوسێن و مەیسەر نهێلی، سکرتێرانی یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی لاوان باسیان لە کار و چالاکی و خەباتی ڕێکخراوەی و گرنگیی یەکگرتنەوەی هەردوو ڕێکخراوەکە کرد.

لەمیانی کۆبوونەوەکەدا، مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی، ئاماژەی بە گرنگیی ڕۆڵ و خەباتی پڕ لەسەروەری هەردوو ڕێکخراوەکە کرد، کە ئێستا بە یەکگرتنەوەیان بەرەو قۆناخێکی نوێ و مێژوویی هەنگاو دەنێن.

هەروەها جێگری سەرۆکی پارتی، دەستخۆشی لە مەکتەبی سکرتارییەت و بەرپرسی لق و ناوەندەکان و کادیرانی هەردوو ڕێکخراوەکە کرد بۆ ئەرک و ماندووبوون و خەبات و کارکردنیان لە پێناو خزمەتکردنی توێژی قوتابیان و لاوانی کوردستان، هەروەها ڕایسپاردن کە بە شێوەیەکی کاراتر و چالاکانەتر بەردەوام بن لە ئەرکی نیشتمانیی خۆیان لە پێناو زیاتر پەرەپێدانی تواناکانیان لە هەموو بوارەکاندا و برەودان بە هزری نیشتمانپەروەری و داکۆکی لە قەوارەی دەستووری و دەستکەوتە نیشتمانییەکان .