بە ڕاگرتنی شەڕ و سەرگرتنی پرۆسەی ئاشتیی تورکیا ئارامی و ئاوەدانی بۆ ٦٥٠ گوندی کوردستان دەگەڕێتەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئەگەر پرۆسەی ئاشتی سەر بگرێت و پەکەکە چەک دابنێت، ٦٥٠ گوندی ھەرێمی کوردستان ئاوەدان دەبنەوە، کە بەھۆی شەڕی پەکەکە و تورکیا زیاتر لە سی ساڵە چۆڵکراون، جگە لەوەی حکوومەتی ھەرێم دەستی ئاوەدانی بۆ ئەو گوندانە درێژ دەکات، بەوەش ئەو ناوچانە بووژانەوەیەکی باش بەخۆیەوە دەبینن و ھەلی کاریش زیاتر دەبێت.

پارتی کرێکارانی کوردستان حزبێکی کوردی چەپە و لە ساڵی ١٩٧٨ لە باکوری کوردستان دامەزراوە و دواتر لە چیای قەندیل ماونەتەوە، زیاتر لە چل ساڵە لەگەڵ تورکیا شەڕ و ناکۆکییان ھەیە، ڕۆژی دوو شەممە ١٢-٥-٢٠٢٥، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەنجامی ١٢ـەمین کۆنگرەی خۆی ڕاگەیاند کە لە نێوان ٥ بۆ ٧ـی ئەم مانگە، لە ژێر ڕۆشنایی بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، بەڕێوەچوو، بە شێوەیەکی فەرمی ھەڵوەشاندنەوەی خۆی و چەکدانانی ڕاگەیاند و کۆتایی بە شەڕی چەکداریی لەگەڵ تورکیا ھێنا.
بەپێی بەدواداچوونەکانی ڕێکخراوێکی ئەمریکی، تورکیا ٧٦ بارەگای سەربازیی لە ھەرێمی کوردستان ھەیە، ٦٧ بارەگا و ٩ـیان بنکەی سەربازین، کە نزیکەی ٥٠ لەوانە دەکەونە سنووری پارێزگای دھۆک، ٢٣ بارەگا لە ئامێدی، شێلادزێ، کانێ ماسی، بامەڕنێ و دێرەلووک، ١٨ بارەگا لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ھەروەھا ٩ بنکەی سەربازی ھەن، کە شەشیان لە حەفتەنین و سێیان لە سیدەکانن، بەگوتەی شارەزایانی بواری سەربازی بە چەکدانانی پەکەکە، تورکیا لە خاکی ھەرێمی کوردستان دەکشێتەوە، کە ئێستا تورکیا بە قووڵایی ١٠٥ کم ھاتووەتە نێو خاکی کوردستانەوە.
یەکێک لە کاریگەرییە سەرەکییەکانی چەکدانانەکەی پەکەکە، گەڕانەوەی خەڵکی گوندە سنوورییەکان دەبێت کە بەھۆی شەڕ و پێکدادانەوە زیاتر لە سی ساڵە گوندەکانیان چۆڵکردووە، ھاووڵاتییانی ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان لەبارەی بڕیاری خۆھەڵوەشاندنەوەی پەکەکە خۆشحاڵن و دەڵێن، باشترین بڕیار بوو و لە بەرژەوەندیی ھەموو کەسێکدایە، بەتایبەتی ئێمە کە زیاتر لە سێ دەیە لە گوند و ئاوایەکانی خۆمانەوە دوورین، ھەموومان چاوەڕێین بڕیاری ھەڵوەشانەوەی پەکەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە گوندەکانمان.
بەھۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا و بوونی چەکدارانی پەکەکە سەد و ھەژدە گوند لە سیدەکان، شەست و پێنج گوند لە سنووری قەزای مێرگەسۆر و سێزدە گوند لە سنووری قەزای چۆمان و چوار گوند لە قەزای ڕواندز سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران چۆڵکراون، ھەروەھا زیاتر لە سەد ھاووڵاتیی لەو سنوورە شەھید بوونە، کە ھەشتا کەسیان لە دەڤەری برادۆست بوونە، لە سنووری ھەر دوو پارێزگای دھۆک و سلێمانی زیاتر لە ٤٠٠ گوند چۆڵکراون یان مەترسی چۆڵبوونیان لەسەرە، لە سنووری ئامێدی ١٩٥ گوند، لە سنووری ئاکرێ ٢٥ گوند، لە زاخۆ ٤٥ گوند و لە قەزای شێخانیش ١٠ گوند چۆڵکراون، جگە لەوەی بە سەدان کەس بەھۆی شەڕی پەکەکە و تورکیا شەھید و بریندار بوونە، چەندین جار بەھۆی بوونی چەکدارانی پەکەکە گوندەکانی سەر بە قەزای پێنجوین و ماوات و شارباژێر لە سنووری پارێزگای سلێمانی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە بۆردومان کراون، کە وێرای شەھید بوون و برینداربوونی ژمارەیەک ھاووڵاتی، ترس و نیگەرانیشی لە ناوچەکە دروست کردووە، ھاوکات گوندەکانی بناری قەندیل کە ژمارەیان زیاتر لە پەنجا گوند دەبێت لە ماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردوودا زیانێکی زۆری گیانی و ماددیان پێگەیشتووە، لە ساڵی ٢٠٠٦ـەوە بەھۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە نزیکەی چل ھاووڵاتی مەدەنی لەو سنوورە شەھید بوونە و بە دەیانی دیکەش بریندار بوونە، ھیچ گوندێک نییە لە بناری قەندیل کە بۆردومان نەکرا بێت، بە سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی، ئەو گوندانە جارێکی دیکە ئاوەدان دەبنەوە، جگە لەوەی چەندین ناوچەی گەشتیاری گرنگ دەکەونە ئەو ناوچانە، بە کشانەوەی گەریلای پەکەکە و سوپای تورکیا، کەرتی گەشتیاری لەو ناوچانە زیاتر دەبووژێتەوە.
بەگوتەی بەرپرسانی ئەو ناوچانە، کە بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” قسەیان کردووە، پەکەکە بە درێژایی ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ ھاووڵاتییان بوونەتە کێشە و لێ ناگەڕێن خەڵک بە ئازادانە ھاتووچۆ بکات، جگە لەوەی ھۆکارە بۆ ھێنانی سوپای تورکیا بۆ ناو خاکی ھەرێمی کوردستان، داواکاری سەرەکی خەڵکی ئەو گوندانەی چۆڵکراون ئەوەیە پەکەکە لە گوند و ئاواییەکانی ئەوان نەمێنێت، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بگەڕێنەوە سەر گوند و ئاوایەکانی خۆیان و کاری ئاژەڵداری و جووتیاری بکەن، ئێستاش بەو بڕیارەی پەکەکە کە چەکدانان و خۆ ھەڵوەشاندنەوەیە خۆشحاڵن و بەو ھیوایەن لە ماوەیەکی نزیکدا بگەڕێنەوە سەر گوند و ئاوایەکانی خۆیان.
لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ئەگەر پەکەکە لە گوند و ئاواییەکان نەمێنێت، گوندەکان ئاوەدان دەبنەوە، دەستی ئاوەدانی دەگاتە ھەموو ئەو ناوچانەی کە پێشتر لەبەر پەکەکە چۆڵکراون، جگە لەوەی ئەو قەرەباڵغیەی لە شارەکان ھەیە کەم دەبێتەوە، ئەوەش وا دەکات دەرفەتی کار زیاتر ببێت. پێشتر غەفوور ئەحمەد، قایمقامی قەزای مێرگەسۆر، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوتبوو، چەکدارانی پەکەکە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ لە سنوورەکە ھەنە و بەردەوام سەر ئێشە بوونە بۆ حکوومەت، لە سنووری قەزای مێرگەسۆر شەست و پێنج گوند لەبەر پەکەکە ئاوەدان نەکراونەتەوە، پێشتر ھەوڵێکی زۆردرا و ئەو گوندانە ئاوەدانبوونەوە، بەڵام لەبەر شەڕی پەکەکە و تورکیا دووبارە چۆڵکرانەوە و ھەتا ئێستاش ئاوەدان نەکراونەتەوە و خەڵکی ئێمە ناتوانن بچنە ئەو شوێنانە.
قایمقامی قەزای مێرگەسۆر، دەشڵێ: ئەگەر ئەو گوندانە ئاوەدان ببنەوە خەڵک دەتوانێت بگەڕێتەوە سەر گوند و ئاواییەکانی خۆیان و ھەلی کاریش زیاتر بۆ ئەو خەڵکە دەرەخسێت، بەوەش داھاتیان باشتر دەبێت، ئێمەش وەکو حکوومەت دەستی ئاوەدانی بۆ ئەو گوندانە درێژ دەکەین، بۆ گوند و ئاوایەکانی دیکە چی کراوە بۆ ئەوانیش ئەوە دەکەین، بەوەش خەڵکەکە دەگەڕێتەوە و کۆچی پێچەوانە دەست پێ دەکات و خەڵک لە شارەکانەوە بۆ گوندەکان دەگەڕێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە ئیحسان چەلەبی، قایمقامی قەزای سیدەکان، ئاشکرای دەکات، ئەگەر پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە سەربگرێت، زیاتر لە ٨١٠ کیلۆمەتر دووجا دەگەڕێتەوە ژێر دەستەڵاتی ئیدارەی قەزاکە کە ١١٨ گوند لە خۆ دەگرێت.
ئەو بەرپرسە یەکە ئیداریانە، جەخت لەوەش دەکەنەوە، ئەو ناوچانەی کە بەھۆی شەڕی پەکەکە و تورکیا چۆڵکراون، زۆربەیان ناوچەی گەشتیارین، بۆیە بە کشانەوەیان، کەرتی گەشتیاری لە ھەرێمی کوردستان زیاتر دەبووژێتەوە، ئارامی سنوور و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە چۆڵکراوەکان، دەبێتە ھۆی پەلکێشکردنی گەشتیاری زیاتر، بەمەش داھاتێکی زۆر بۆ حکوومەت دەگەڕێتەوە و دەرفەتی کاریش بۆ خەڵکەکە پەیدا دەبێت.