مانگی ئایار زیاتر لە 12هەزار خانەنشین مووچەی پێنج مانگیان وەردەگرن

ڕۆژی سێشەممە ( ١٣ ی ئایاری ٢٠٢٥ ) بەسەرپەرشتی بەڕێز ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و ئامادەبوونی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیەکانی خانەنەنشین لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەک لەسەر ڕاییکردنی مامەڵەی خانەنشینان بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی جەختی لەسەر چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ هەرچی زوو تەواو کردنی دۆسیەی خانەنشیان کردەوە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕێکارانەی پێشتر لەلایەن وەزارەتی داراییەوە گیراونەتەبەر کە خۆی لە دابەزاندنی دەسەڵاتەکان و کاراکردنی سیستەم و دابینکردنی فەرمانبەر و زیادکردنی دەوامی بەڕێوەبەرایەتیەکان دەبینیەوە.

لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا دەرئەنجامی هەوڵەکان خرایەڕوو کە توانراوە لەماوەی ڕابردوودا کاروبارەکانی مامەڵەی خانەنشینان خێراتر بکرێت و لەسەرەتای مانگی شوباتەوە تا ئێستا زیاتر لە ١٠ هەزارو ٢٠٠ مامەڵەی خانەنشیان تەواو کراوە و بۆ مانگی ئایار زیاتر لە ٢ هەزار خانەنشینی تر ناوەکانیان داخڵی لیستی مووچە دەکرێت و مووچەی پێنج مانگیان بۆ خەرج دەکرێتەوە، داواش لە وەزارەت و فەرمانگەکان دەکرێت بەزوویی دۆسیەی ئەو فەرمانبەرانە بنێرن کەبڕیاری خانەنشین بوونیان بۆ دەرچووە.

وەزیری دارایی داوای کرد پەلەبکرێت لە دەرکردنی ڕێنمایی بۆ جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق لەسەر سەرجەم ئاستەکان و گواستنەوەی دۆسیەی خانەنشینانی سەربازی لەوەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ سەر وەزارەتی دارایی.