سلێمان تاشان – هه‌ولێر
هەرێمی کوردستان لە ماوەی لانی کەم دەیەی ڕابردوودا ئاوڕی جیددی لە کەرتی ڕێگاوبان داوەتەوە بەو ژمار زۆرە پڕۆژانەی لە کوردستان جێبەجێ کراون گۆڕانکارییەکی زۆریان بە سیمای کەرتەکە و کوردستان بەخشیوە. جگە لەو دەیان پڕۆژە ستراتیجییەی جێبەجێ کراون ژمارەیەک پڕۆژەی تری ڕێگاوبان لە جێبەجێکردندان کە بە تەواوبوونیان هەرێمی کوردستان دەخەنە قۆناغێکی نوێی گەشەسەندنەوە.
یەکێک لەو پڕۆژە گرنگانەی زۆر بە خێرایی لە جێبەجێکردندایە بریتییە لە جووتسایدی هەولێر-کۆیە و خەریکە کارەکانی دەگاتە نیوە. پڕۆژەکە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو، دوای چەندین ساڵ لە وەستان و پشتگوێخرانی، جارێکی دیکە لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی دانرایەوە و بڕی چوارسەد و سی و پێنج ملیار دیناری بۆ تەرخان کرا.
پڕۆژەکە زۆر گرنگە و کۆیە بە پایتەخت گرێ دەدات و دوای تەواوبوونی، بڕینی ڕێگاکە لە سەعاتێک بۆ کەمتر لە نیو سەعات کەم دەبێتەوە. بەهۆی ئەوەی ڕێگاکە یەک ساید و پڕ هەوراز و نشێو بووە ساڵانە دەیان ڕووداوی هاتوچۆ تۆمار کراون کە بە داخەوە هەندێک جار گیانلەدەستدانی لێ کەوتووەتەوە. خێراترکردنی ڕێگاکە بە واتەی ئەوە دێت کۆیە لە ناوەندی ئابووری و سیاسی و پایتەخت نزیکتر دەکەوێتەوە و دەرفەتی وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکان زیاتر گەشە دەکات و هەلی نوێی کار دێتە کایەوە.
هەوراز و گرد و دۆڵ و تەپۆڵکەی زۆر کەوتووەتە نێوان هەولێر و دهۆک و بۆیەش ڕاستکردنەوە و بنیاتنانی جووتسایدەکە پێویستی بە ماندووبوونێکی زۆر هەیە و تەنیا شەقام بنیات نانرێت. رێگاكە سی و هەشت کیلۆمەترە سی و دوو مەتر پان دەبێت و پردێك بە درێژیی دووسەد و پەنجا مەتری لەسەر دروست دەكرێت، پێنج ئۆڤەرپاس و کۆمەڵێک خزمەتگوزاری تر لەخۆ دەگرێت.
جێی باسە جگە لەم پڕۆژەیە هەر ئێستا لە کوردستان پێنج پڕۆژەی دیکەی ڕێگاوبان لە جێبەجێکردندان لەوانەش ڕێگه‌ی جووتسایدی به‌رده‌ڕه‌ش بۆ كه‌ڵه‌ك كه به گوژمه‌ی سەد ملیار دینار، پڕۆژه‌ی ڕێگه‌ی باعدرێ-ئێتیت به گوژمه‌ی سەد و سی و چوار ملیار دینار، پڕۆژه‌ی ڕێگا‌ی ئاكرێ بۆ قه‌ندیل به نزیكه‌ی سی ملیار دینار و پڕۆژه‌ی ڕێگه‌ی كه‌لار بۆ ده‌ربه‌ندیخان به‌گوژمه‌ی سەد و سی و شەش ملیار دینار، پڕۆژه‌ی كۆڕێ بۆ شه‌قڵاوه و له‌وێوه بۆ قه‌ندیل به گوژمه‌ی نەوەد و پێنج ملیار دینار لە جێبەجێکردندان.
زۆربوونی ژمارەی ئۆتۆمبێل، فراوانبوونی شارەکان و هەڵکشانی ژمارەی دانیشتووان و گەشەسەندنی بازرگانی ئەو پێویستییەی هێناوەتە کایەوە لە ڕێگاوبانەکانیش گۆڕانکارییان بەسەردا بهێنرێت و ئەگەر ئەو ژێرخانە تۆکمە نەکرێت، جەنجاڵییەکە ئەوەندە زۆر دەبێت کە کاریگەریی نەرێنی دەخاتە سەر سەرجەم کەرت و چالاکییەکان.
بەپێی ئاماری فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا له‌م کابینەیەدا بودجەی دوو تریلیۆن و هەشتسەد ملیار دینار لە پڕۆژەکانی ڕێگاوبان لە تەواوی شارەکانی کوردستان خەرج کراوە و بەگشتی دوو هه‌زار و پێنجسەد و پەنجا و دوو پڕۆژه‌ی گه‌وره و بچووك جێبه‌جێ كراون.
تەنیا له ناوه‌وه‌ی شاره‌كان سێزدە پڕۆژه‌ی گرنگ و ستراتیجی جێبه‌جێ كراون. پڕۆژه‌ی سەد و بیست مه‌تری کە لە کابینەی هەشتدا بەشی زۆری جێبەجێ کرابوو لەم کابینەیە کۆتایی پێ هێنرا. پڕۆژەی شەقامی جووتسایدی بازنەیی سەد و پەنجا مەتری یەکێکی ترە لە پڕۆژە نایابەکان کە لە ئاستی عێراق و ناوچەکەدا بە پڕۆژەیەکی زۆر گەورەی بواری ڕێگاوبان دادەنرێت. تا ئێستا سەرووی حەوتسەد و هەشتا ملیار دینار لەو شەقامە خەرج کراوە کە ڕێی هەولێر-دهۆک بە ڕێی هەولێر-کۆیە گرێ دەدات.
به‌ده‌ر له‌مانه قۆناغی یه‌كی ئۆڤه‌رپاس و ئه‌نده‌رپاسی بناڤێ به‌ره‌و یوتێرنی مالتا و شه‌ش هه‌زار مه‌تر ڕێی خزمه‌تگوزاری بۆ ڕێگه‌ی بارزان، ئه‌نده‌رپاسی مزگه‌وتی ئیمام حه‌مزه‌ی دهۆك، ئه‌نده‌رپاسی نزیك فه‌رمانده‌یی دهۆك له‌سه‌ر ڕێگه‌ی بارزان، ئه‌نده‌رپاسی نزیك قوتابخانه‌ی سه‌فین و چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی تر جێبەجێ کراون.
لە سلێمانی شه‌قامی سەد مه‌تریی سلێمانی به گوژمه‌ی چوارسەد و بیست و هەشت ملیار و پێنجسەد ملیۆن دینار، یه‌كێكی تره له پڕۆژه ستراتیجییه‌كان. هه‌ر له سلێمانی یه‌كتربڕی ئارام به گوژمه‌ی دە ملیار و سێسەد ملیۆن دینار جێبه‌جێ كراوه، یه‌كتربڕی فاروق به گوژمه‌ی حه‌وت ملیار و سێسەد ملیۆن دینار، یه‌كتربڕی حه‌پسه‌خانی نه‌قیب به گوژمه‌ی پێنج ملیار و شەشسەد ملیۆن دینار و یه‌كتربڕی والی به شه‌ش ملیار، یه‌كتربڕی باخی به‌ختیاری به گوژمه‌ی دوازدە ملیار و نۆسەد ملیۆن دینار جێبه‌جێ كراوه.
لە ٢٠١٩ەوە هه‌زار و نۆسەد و شەست و حەوت پڕۆژه‌ی دروستكردن و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی شه‌قامه‌كان له ناوه‌وه‌ی شاره‌كان، به گوژمه‌ی تریلیۆنێک و هەشتسەد و شەست و سێ ملیار دینار جێبه‌جێ كراون.
لە دەرەوەی شارەکانیش به درێژیی هەشتا و شەش كیلۆمه‌تر ڕێگا‌ی نێوانی هه‌ولێر و دهۆك كراوه‌ته جووتساید و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته سێسەد و نەوەد و نۆ ملیار دینار خه‌رج كراوه. هاوکات ڕێگه‌ی سپیلك بۆ خه‌لیفان به گوژمه‌ی شەست و چوار ملیار دینار به درێژیی هه‌شت كیلۆمه‌تر و نیو جێبه‌جێ كراوه.
تونێلی پیرمام یه‌كێكی تره له پڕۆژه ستراتیجییه‌كان كه درێژییه‌كه‌ی دوو هه‌زار و پێنجسەد مه‌تره و مه‌ودای نێوان هه‌ولێر و شه‌قڵاوه‌ی زۆر نزیك كردووه‌ته‌وه. پردی ده‌ربه‌ندی ڕانیه کە درێژییەکەی چوارسەد مەترە یه‌كێكی تره له‌و پڕۆژانه‌ی كه له ماوه‌ی پێنج ساڵی ڕابردوودا جێبه‌جێ كراوه. پردێکی دیکە له‌سه‌ر زێی گه‌وره بنیات نراوە کە درێژییەکەی نۆسەد مەترە. ڕێگا‌ی نێوان كه‌لار و كفری پڕۆژه‌یه‌كی تر بووه له په‌ره‌پێدان و بنیاتنانی ڕێگاكانی ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان. درێژیی ئه‌و ڕێگا‌یه بیست و پێنج كیلۆمه‌تره و چل و سێ ملیار دیناری لێ خه‌رج كراوه.
پڕۆژەکانی ڕێگاوبان تا سەردەمیانەتر و فراوانتر بن ئەوا ڕۆڵی زیاتریان لە گەشەی بازرگانی و گواستنەوە و ئابووریی هەرێم دەبێت و سیمایەکی پێشکەوتووتر بە هەرێمی کوردستان دەبەخشن.