ئەمڕۆ دووشەممە 2025.5.12، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بەمەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارەکان، بە یاوەری جێگری پارێزگار و قائیمقامی قەزایی خەبات و بەڕێوەبەری گشتیی ڕێگاوبان و سەرۆکی شارەوانی و بەڕێوەبەری ناحییەی ڕزگاری و بەڕێوەبەری شارەوانی شەش، پڕۆژەى نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنى ڕێگاى ( هەولێر – خەبات )ی بەسەرکردەوە، کە بە گوژمەی ( 5 ملیار دینار) لە سەر بودجەی پارێزگاى هەولێر دەست بەجێبەجێکردنى کراوە.
لە بەسەرکردنەوەکەیدا، پارێزگارى هەولێر، دەستخۆشى لە ئەندازیار و سەرپەرشتیارى پڕۆژەکە و کۆمپانیاى جێبەجێکار کرد بۆ ئەنجامدانى کارەکان بە دروستى و جەختى لەوە کردەوە، پارێزگاى هەولێر لە پێناو خزمەتکردنى زیاترى هاوڵاتییان و باشترکردنى ڕەوشى هاتووچۆ و گرنگیدان بە ڕێگا و بان و شەقامەکان و کەمکردنەوەی ئاستەنگەکانى هاتووچۆ هەوموو هەوڵێکى خۆى خستۆتەگەڕ، گوتیشى، ویستى پارێزگاى هەولێر بۆ گەیاندن و پێشکەشکردن و گەیاندنى خزمەتگوزارییەکان لە سنوورى پارێزگاى هەولێر زۆر لەوە زیاترە.
ڕاشیگەیاند: “سوپاس بۆ ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان کە ڕەزامەندیدا بۆ جێبەجێکردنى ئەم پرۆژەیە، کە داخوازیى هاوڵاتییانە و ماوەیەک وەستا بەهۆى کەمى بودجەکەى دووبارە دەست بەکارەکانى کرایەوە و داواکارییەکى زۆر هەبوو بۆ نۆژەنکردنەوەى چونکە لە پێشوتردا بەهۆى خراپى ڕێگاکە بەداخەوە ڕووداوى نەخوازراوى هاتووچۆى لێدەکەوتەوە”.
گوتیشى: “پشتیوان بەخودا بەپێى ئیمکانیاتى بەردەست ئامانجان ئەوەیە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بگەێنین بە هەموو گوند و قەزا و ناحییە و ئەو جێگا و شوێن و گەڕەکانەى کە پێویستیان بە زیاتر ئاوڕلێدانەوە هەیە”.
جێگەى باسە، پڕۆژەى نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنى ڕێگاى ( هەولێر – خەبات )، کە ڕێگایەکى ستراتیژى گرنگ و بازرگانییە و پارێزگاى هەولێر بە هەردوو پارێزگاى دهۆک و موسڵ دەبەستێتەوە، پێکهاتووە لە هەڵگرتنى تەواوى قیڕە کۆنەکەى و دووبارە ڕاخستنى هەردوو چینى بەردى شکا و وجارێکى تر قیڕتاوکردنەوە بە شێوازێکى نوێ و گونجاندنى لەگەڵ ئەو هەموو بارهەڵگرانەى ڕۆژانە لەو ڕێگایەدا هاتووچۆ دەکەن، ئەوە جگە لەوەى لە گەڵ نۆژەنکردنەوەى ئەم ڕێگایە، سایدى هانتەوەش لە خەبات بۆ هەولێر وەکو سایدى چوون بۆ قەزایی خەبات فراوان دەکرێت، کە لە پێشووتر بەهۆى تەسکى ڕیگاکە زۆر جار گرفتى بۆ هاتووچۆى هاوڵاتییان دروست دەکرد و ڕووداوى نەخوازراوى لێدەکەوتەوە.