هاووڵاتیان چاوەڕێی بڕیاری گونجاوی ئەنجوومەنی وەزیرانن لە بارەی نرخی کارەبای ٢٤ کاتژمێرییەوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

به‌پێی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی ساڵێكه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە ژێر ناوی پڕۆژەی ڕووناکی ده‌ستی به‌ جێبه‌جێكردنی كردووه‌، تا كۆتایی ساڵی داهاتوو كاره‌بای سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێته‌ بیست و چوار سەعاتی. گەورەترین دەستکەوتی ئەو پڕۆژەیە ئەوەیە خزمەتێکی یەکجار زۆر بە کەرتی ژینگە دەکات و بەهۆیەوە هەزاران موەلیدە دەکوژێنرێنەوە و خەڵک لە ژاوەژاو و دووکەڵی پیسی موەلیدە ڕزگاریان دەبێت.

دواین ئاماره‌كانی پڕۆژه‌ی ڕووناكی ده‌یسه‌لمێنن تا ئێستا، شەشسەد هه‌زار كه‌س لەو خزمه‌تگوزارییه‌ سوودمەند بوون. بڕیارە بەمزووانە زیاتر له‌ نیو ملیۆن کەسی دیکە له‌ هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانی سوودمه‌ند ده‌بن کە بەهۆیەوە ژمارەی سوودمەندبووانی ئەو خزمەتگوزارییە دەگاتە ملیۆنێک و سەد هەزار کەس. هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە زۆر بە خێرایی دەنرێن و تا کۆتایی ئەمساڵ شاره‌كانی دهۆك، هه‌ولێر و سلێمانی کارەباکەیان دەبێتە بیست و چوار سەعاتی.
لەو گەڕەکانەی پڕۆژەکەیان بۆ جێبەجێ کراوە شتێک بە ناوی پچڕانی کارەبا لەئارادا نییە و خەڵک لە دووکەڵ و ژاوەژاوی موەلیدەکانیش ڕزگارییان بووە.
دەستکەوتی سەرەکیی پڕۆژەکە بریتییە لە پاکترکردنی ژینگە و تا ئێستا حەوتسەد موەلیدەی ئەهلی کوژێندراونەتەوە، بەرپرسانی پڕۆژەی ڕووناکی دەڵێن ئەو ژمارە موەلیدەیە وەک ئەوە وایە سەد و بیست و پێنج هەزار ئۆتۆمبێل لە شەقامەکان دوور خرابنەوە کە هۆکارێکی پیسبوونی ژینگەن. پلان هه‌یه‌ تا كۆتایی ساڵی ٢٠٢٧ زیاتر له‌ حه‌وت هه‌زار موەلیدە بكوژێنرێنه‌وه‌.
دوای کوژانەوەی موەلیدەکان ئاسمان و ژینگەی کوردستان زۆر پاکتر دەبێت و هەرێمی کوردستان لە زۆر ڕووەوە گۆڕانکاری بەسەر ژینگە و ژیانیدا دێت. وەک ئاشکرایە بەشێک لە هۆکارەکانی پەرەسەندنی نەخۆشییەکانی هەناسە لە دوو دەیەی ڕابردوودا ئەو مۆلیدانە بوون کە لە گەڕەکەکان داگیرساون، هەر چەندە ئەوان لە دابینکردنی کارەبا خزمەتێکی زۆری هەرێمی کوردستانیان کردووە بەڵام بێ زیانیش نەبوون و ژینگەی کوردستانیان پیس کردووە و بوونەتە هۆی پەرەسەندنی نەخۆشییەکان.
ئەو دووکەڵەی لە موەلیدەکان دەردەچێت بەتایبەتی ئەو مۆلیدانەی گازئۆیلی خراپ و ناستاندارد بەکار دەهێنن زۆر ژەهراوییە و پەنگدانەوەی ئەو دووکەڵە هەندێک جار وایکردووە تەمێکی ڕەش بەسەر ئاسمانی هەولێردا دیار بێت و لە پایز و زستانی ڕابردوو چەندین جار خەڵک هەستیان بەو پیسییە لەرادەبەرەی ژینگەی پایتەخت کرد. کاریگەرییەکانی کوژاندنەوەی بەشێک لە موەلیدەکان و پەرەپێدانی پڕۆژەی ڕووناکی بەسەر ئاسمانی هەولێر دەرکەوتوون و لە داهاتوودا زیاتر هەست پێ دەکرێت.
خەڵک بەم پڕۆژەیە دڵخۆشن و تاکە نیگەرانییان ئەوەیە هێشتا بە تەواوی نازانن بۆ هەر یەکەیەکی کارەبا چ بڕە پارەیەکیان لێ دەسیتێنرێت، لە خەرجیی کارەبای نیشتمانی کە بەیاسا دیاری کرابوو، نرخی هەر کیلۆواتێک کارەبا لە هەژدە دینارەوە دەستی پێ دەکرد و لە دوای بەکارهێنانی چوارسەد و پەنجا کیلۆوات نرخەکەشی پلە بە پلە بەرز دەبووەوە. بۆ نموونە لە سەرووی چوارسەد و پەنجا کیلۆواتەوە تا نۆسەد کیلۆوات بیست و چوار دینار دەستێنرا، لە سەرووی نۆسەد دینارەوە تا هەزار و پێنجسەد کیلۆوات دەبوو بە چل و دوو دینار و پاشان هەر بەم شێوازە بۆ حەفتا و دوو دینار، نەوەد دینار و تەنانەت سەد و هەشتا دینار زیادی دەکرد.
بڕیاره‌ له‌م هه‌فته‌یه‌دا ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، كۆ ببێته‌وه‌ و ده‌نگ له‌سه‌ر نرخی نوێی كاره‌با له‌ هه‌رێمی كوردستان بدات. به‌پێی ئه‌و بنه‌مایه‌ی بۆ نرخی نوێی كاره‌با دانراوه‌، ئه‌وانه‌ی كه‌متر كاره‌با به‌كار ده‌هێنن پاره‌ی زۆر كه‌متر ده‌ده‌ن و هاووڵاتی خۆی به‌رپرسه‌ له‌ به‌كارهێنانی كاره‌باكه‌ی. حكوومه‌ت پاڵپشتیی زیاتری ئه‌و ماڵ و یه‌كه‌ بازرگانییه‌ بچووكانه‌ ده‌كات كه‌ كاره‌بایه‌كی كه‌متر به‌كار ده‌هێنن.
دوێنێ یەکشەممە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دهۆک لە نزیکەوە ژمارەیەک ماڵی لە گەڕەکێکی ئەوشارە بەسەر کردەوە کە کارەبای بیست و چوار سەعاتییان بۆ دابین کراوە و لە میانەی ئەو سەردانە روون بووەوە زۆربەی ماڵەکانی ئەو گەڕەکە پاره‌ی كه‌متر له‌ سی و پێنج هه‌زار دیناریان بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.
پڕۆژەی رووناکی جگە لە پاکڕاگرتنی ژینگە دەبێتە هۆی دروستکردنی کلتووری بەکاربردنی کارەبا کە بە سەرمایەکی زۆر بەرهەم دەهێنرێت، زێدەڕۆییکردن لە بەکارهێنانی وزە خەرجیی زیادە دەخاتە سەر شانی هاووڵاتییان و بەکاربردنی کەمیشی هاوشێوەی ئەو گەڕەکەی دهۆک خەرجییەکان کەم دەکاتەوە.