ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی ئایاری 2025، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، کابینەی نۆیەم کەمکردنەوەی ڕۆتین و هاوسەنگی و یەکسانی لە خزمەتگوزارییەکانی تەندروستیی دابین کردووە و ئەوەش بە تەواوی ڕەنگدانەوەی لە هەڵەبجەدا هەبووە.
وەزیری تەندروستیی دەڵێت: هەر شەش مانگ جارێک، خزمەتگوزارییەکی نوێ، پرۆژەیەکی نوێ لە پارێزگای هەڵەبجەدا هەیە، ئەمڕۆ ئێمە لە کردنەوەی دوو ئامێری گرنگ ئامادەین، کە هەردووکیان بۆ یەکەمین جارە لە هەڵەبجە دادەنرێت، لە ئەمڕۆ بە دواوە دەیان نەخۆش کە ڕۆژانە و مانگانە سەردانی سەنتەری شاری سلێمانیان دەکرد، دەتوانن لە نەخۆشخانەی شارەکەیان چارەسەر وەربگرن.
دەشڵێت: یەکێک لە ئامێرەکان بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشیی پێشوەختەی شێرپەنجەی نەخۆشییەکانی مەمک و سینگە لە ئافرەتان، ئەوەش زۆر گرنگە؛ نەخۆشیی شێرپەنجە یەکێکە لەو نەخۆشیانەی زۆر باوە لای ئافرەتان و پێویستی بە زوو دەستنیشان کردن هەیە، ئەو ئامێرە دەتوانێت ئەو نەخۆشییە دەستنیشان بکات و بەتەواوی سوودی دەبێت بۆ تووشبوانی شێرپەنجە.
سامان بەرزنجی ڕاشیگەیاند “بەپێی ڕێنماییە تەندروستییەکان. وادەیەک بۆ ئافرەتان دیاری دەکرێت کە بەم ئامێران پشکنینی شێرپەنجەی مەمکیان بۆ دەکرێت، گوتیشی: دەستخۆشی لە سندوقی کۆمەک بۆ تووشبووانی شێرپەنجە دەکەین، کە هاوکاریی بۆ تووشبوانی شێرپەنجە دابین دەکەن.”