٦٥ هەزار و ٦٦٧ پێشمەرگە لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا بەردەوامە، لەم چوارچێوەیەدا ناوی زیاتر لە ٢٣ ھەزار کەسی دیکە بۆ پەسەندکردنیان ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت. خەسرۆ ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی ئیدارەی سۆران، دەڵێت: تا ئێستا تەنیا ٢٢ ھەزار و ٥٠٠ ناومان بۆ گەڕاوەتەوە، ھەر کاتێک ناوی ھەموو فەرمانبەرانی ئیدارەی سۆران گەڕانەوە و وردبینی کران دەست بە دابەشکردنی زەوی دەکەین.

ڕۆژی ٢٧-٣-٢٠٢٤، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی کە سوودمەندنەبوونە بەپێی یاسا و ڕێنوێنییەکان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە ڕاسپارد. ھەر فەرمانبەرێک بەپێی سیستمی خاڵبەندی زەوی پێدەدرێت و ساڵانی خزمەت لەبەرچاو دەگیرێت، ھەروەھا باری خێزان و ژمارەی منداڵ، شوێنی نیشتەجێبوون لەبەرچاو دەگیرێن.
بڕیاری پێدانی زەوی لە ساڵی ٢٠٠٧ بۆ ٢٠٠٨ ڕاگیراوە و تا ئێستا فەرمانبەران بەشێکیان سوودمەند نەبوونە، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەو بڕیارە ھیوای بۆ فەرمانبەران گەڕاندەوە. ساسان عەونی، وەزیری شارەوانیی و گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد، دابەشکردنی زەوی بڕیارێکی گرنگ بوو کە لە ساڵی ٢٠٠٦ـەوە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشنەکراوە و دوای ١٨ ساڵ، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بڕیارێکی گرنگی لە بەرژەوەندیی ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانە دەرکرد کە تاوەکو ئێستا سوودمەند نەبوونە، ئەوەش دەرفەتێکی گرنگە بۆ خەڵک کە دۆخی ناھەمواری ئابوورییان سووکتر دەکات.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندی ھاووڵاتییان کار دەکات و تا ئێستا بە دەیان بڕیاری لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان داوە، کە باری سەرشانی ھاووڵاتییان ئاسانتر بکات، لەپێناو ئەوەی کارئاسانی زیاتر بۆ ھاووڵاتییان بکرێت، یەکێک لە بڕیارەکانیش دابەشکردنی زەوییە بەسەر فەرمانبەران، فەرمانبەران و ھێزەکانی ئەمنی و پێشمەرگەش بەو بڕیارەی سەرۆکی حکوومەت دڵخۆشن و دەڵێن بڕیارێکی گرنگە، بەتایبەتی بۆ ئێمە کە ماوەیەکی زۆرە لە چاوەڕوانی پێدانی زەویداین.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بڵاویکردەوە، بەمەبەستی بەخێرایی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دابینکردن و دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، ھەنگاوی کردەیی بۆ ئامادەکردنی پارچە زەوی لە سنووری شارەوانییەکان نراوە و ئێستاش کارکردن لەسەر ئەو بابەتە بەردەوامە، ھاوکات سەرۆکایەتیی شارەوانییەکان سەرجەم تیمە ئەندازیارییەکانی خۆیان ڕاسپاردووە بۆ ئەوەی ھەنگاوەکانی ڕووپێویکردنی زەوی، چڕتر و خێراتر بکەنەوە بەمەبەستی دەستنیشانکردنی نەخشەکان لە نزیکترین کاتدا، تاوەکو فەرمانبەران بەزوویی لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند بن، کە بەشێک لە فەرمانبەران لە شار و شارۆچکەکان لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند بوونە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ناوی ھەزاران پێشمەرگە لە یەکەی ٧٠ و ٨٠ بۆ وەرگرتنی زەوی ڕەوانەی وەزارەتی شارەوانی دەکرێت، ھاوکات تاوەکو ئێستا نۆ ھەزار پێشمەرگە لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند بوونە، لە قۆناغەکانی داھاتووشدا ڕێژەکە بەرز دەبێتەوە، کۆی گشتیی ٦٥ ھەزار و ٦٦٧ پێشمەرگە بە حەوت قۆناغ بەپێی نزیکییان لە ناوچەکانی نیشتەجێبوونیان لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن. سەربەست مەولوود، سەرپەرشتیاری تیمی وردبینیکردنی پێدانی زەوی بە فەرمانبەران لە وەزارەتی شارەوانی، دەڵێت: زیاتر لە سێ ھەزار فۆرمیان لە یەکەی ٧٠ و زیاتر لە پێنج ھەزاریشیان لە یەکەی ٨٠ـەوە بۆ نێردراون، ھەروەھا ناوی ١٣ ھەزار پێشمەرگەی دیکەی یەکەی ٨٠ ماوە بنێردرێن، تاوەکو وردبینیکردن بۆ تەواوی فۆرمەکانی یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ نەکرێن، ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران ناکرێن، واتە دەبێت تەواوی ناوەکان بە یەک لیستی تایبەت ئامادە بکرێن و بە یەکجار ڕەوانە بکرێن.
سەرپەرشتیاری تیمی وردبینیکردنی پێدانی زەوی بە فەرمانبەران لە وەزارەتی شارەوانی، گوتیشی: ناوی زیاتر لە ٢٣ ھەزار خانەنشین و فەرمانبەر بۆ پەسەندکردن ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراون، سێ لەسەر یەکیان لە خانەنشینانن و ئەوانی دیکەش فەرمانبەرن.
خەسرۆ ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی ئیدارەی سۆران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: لە دواین کۆبوونەوەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڕیار درا تەواوی ئەو ناوانەی کە شایستەن بۆ وەرگرتنی زەوی بگەڕێنەوە و وردبینی بکرێن دواتر دەست بە دابەشکردنی زەوی بکرێت، ھەر ئەوەش ھۆکار بووە کە تا ئێستا لە ئیدارەی سۆران نەتوانراوە دەست بە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا بکرێت.
بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی ئیدارەی سۆران، گوتیشی: تا ئێستا ٢٢ ھەزار و ٥٠٠ ناومان بۆ گەڕاوەتەوە، لەگەڵ ئەوەش ھەندێک لە وەزارەتەکان ناوەکانیان بۆ ئێمە نەناردووە، بۆیە چاوەڕێی تەواوی ناوەکانی ھەموو وەزارەتەکان دەکەین کە ھەموو گەڕانەوە و ناوەکان بۆ ئێمە نێردران ئەو کات دەست بە دابەشکردنی زەوی دەکەین.
خەسرۆ ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی ئیدارەی سۆران، ئاشکراشی کرد: ئیدارەی سۆران ناوچەیەکی شاخاوییە، ئەو زەوییەی کە پێویستە لەبەر دەست نییە، بۆیە پێشنیازمان کردووە دوای گەڕانەوەی تەواوی ناوەکان کە دەستمان بە دابەشکردنی پرۆسەکە کرد ئێدی پێشنیار دەدەینە وەزارەت بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو ناوانە بکات کە زەوییان بەرناکەوێت، یان ناوەکان بگوازرێنەوە، یان چارەسەرێکی دیکەی گونجاویان بۆ بدۆزرێتەوە.