لە سنووری هەر دوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش ژمارەیەک پڕۆژە لە قۆناغی جێبەجێ کردندان

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەگوژمەی شەش ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار کۆمەڵێک پڕۆژە لە سنووری قەزای ئاکرێ لە بواری جێبەجێ کردندانە، لە ھەمان کاتدا بە گوژمەی حەوت ملیار دینار ڕەزامەندی وەرگیراوە بۆ ئەوەی کۆمەڵێک پڕۆژەی دیکە لە بواری ڕێگەوبان لە گوند و ئاوایەکانی سنووری ھەر دوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش دروست بکرێن، ھاووڵاتییانیش سوپاسی حکوومەتی ھەرێم دەکەن بۆ جێبەجێکردنەی ئەو ھەموو پڕۆژانە.

ئەندازیار موحسێن میرانی، بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانی ئاکرێ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: سوپاسی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین کە ھەردەم پاڵپشت و ھاوکاری ئێمە بووە بۆ جێبەجێ کردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، بەتایبەتی لە بواری ڕێگەوبان، پڕۆژەی ڕێگەی شرداو- ئاڤدەلکا و چەند گوندێکی دیکە بە درێژایی زیاتر لە ١٠ کیلۆمەتر لە قۆناغی جێبەجێ کردندایە، ھەروەھا چەند پڕۆژەیەکی دیکە ھەن کە لەبەر وەرزی زستان کارکردن تێدا ڕاگیراوە، لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بە دروستکردن و تەواوکردنی ئەو ڕێگەوبانانە دەکرێتەوە.
بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانی ئاکرێ، گوتیشی: حەوت پڕۆژەی دیکە ھەن ئێستا کار لەسەر دەکرێت، ئەوانیش دەکەونە سنووری ھەر دوو کەرتی ئاکرێ و بەردەڕەش ئەو پڕۆژانە بە گوژمەی ٦ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێن، ھەروەھا ڕەزامەندی وەرگیراوە بە گوژمەی ٧ ملیار دینار کۆمەڵێک پڕۆژەی دیکە لە بواری ڕێگەوبان جێبەجێ بکرێن، ئەو پڕۆژانەش ھەم لەسەر بودجەی پارێزگاری دھۆک، ھەمیش لەسەر بودجەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە جێبەجێ دەکرێن، پڕۆژەی ڕێگەی گوندەکانی لەکان ھەتا ئیسماوا بە درێژای ١٠ کیلۆمەتر کە ڕێگەی چەند گوند و ئاوایەک لە خۆ دەگرێت، ھەروەھا لە سنووری ھەر دوو ناحیەی بجیل و دینارتە ڕێگەی چەند گوند و ئاوایەک چاک دەکرێت، لە ھەمان کاتدا لە سنووری قەزای بەردەرەش کە ئەو قەزایەش دەکەوێتە سنووری بەڕێوەبەرایەتیەکەمان ڕێگەی کەلەک بشیریان، ڕێگەی گوندی نزراوا و ڕێگەی گوندی شێخاڵک چاک دەکرێت، لە ھەمان کاتدا ڕێگەی ئاکرێ بۆ ڕووڤیا کە دەکرێتە دوو ساید ١٥ کیلۆمەتر بوو کرایە ٣٠ کیلۆمەتر و ھەر دوو سایدەکە چاک دەکرێت.
ئەندازیار موحسێن میرانی، بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانی ئاکرێ، ئاشکراشی کرد: لە سنووری قەزای ئاکرێ زیاتر لە ٣٠٠ گوند ھەن، ھەموو گوندەکان ڕێگەوبانیان بۆ چووە، بەڵام ڕەنگە ڕێگەی ھەندێک گوند خۆڵ بێت، بۆیە ھەوڵدەدەین ڕێگەکە قیڕتاو بکەین، بۆ ئەوەی ھیچ کێشەیەکیان نەمێنێت بەتایبەتی لە بواری ڕێگەوبان، ھەروەھا ئەو ڕێگەوبانانەی کە قیڕن، ساڵ نییە ئەو کەند و قۆرتانەی ھەنە چاک نەکەینەوە و قیڕ نەکەین.