شەمممە 10ـی ئایاری 2025، پارێزگای هەولێر، لەبارەی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرایی ئاوی هەولێر، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، پرۆژەکە توانای هەیە لە یەک کاتژمێردا 20 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ هەولێر دابین بکات کە دەکاتە 60%ـی پێویستیی هەولێر بە ئاو و 40%ـەکەی دیکەش لە ڕێگەی هەر سێ پرۆژەی ئیفراز (یەک، دوو، سێ) دابین دەکرێت.
پارێزگای هەولێر، دەڵێت: تاوەکوو کۆتایی ئەمساڵ هەموو پرۆژەکە تەواو دەبێت. هەروەها تاوەکوو سەرەتای مانگی حەوتیش یەک هێڵی پرۆژەکە تەواو دەبێت و دەتوانێت ئاو بنێرێت بۆ ژمارەیەک گەڕەکی نێو هەولێر.
باسی لەوەش کرد، بە تەواوبوونی هێڵی یەکەمی پرۆژەکە، ئاو دەگاتە گەڕەکانی هەشتی حەسارۆک، دارەتوو، قەتەوی، بنەسڵاوە، باغولمنارە و ژیان. بەگشتی گەڕەکەکانی سنووری شارەوانی چوار، پێنج و شەش ئاویان پێ دەگات.
پارێزگای هەولێر، جەختی لەوە کردەوە، بڕیارە بە تەواوبوونی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، کێشەی چەند ساڵەی کەمیی ئاو لە هەولێر کۆتایی بێت.
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەرەتای دەست بەکاربوونییەوە، بایەخکی تایبەتیداوە بە چارە کردنی گرفتی کەم ئاوای شارو شارۆچکەکانی کوردستان.
ساڵی ڕابردوو، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاوی بۆ هەولێری دانا، کە بە گوژمەی 480 ملیۆن دۆلار و لەلایەن کۆمپانیایەکی ناوخۆیی جێبەجێ دەکرێت