سه‌رۆك بارزانی ئاماژه به‌وه ده‌كات، مه‌لا مسته‌فا بارزانی وه‌كوو سه‌ركرده، كاریگه‌رییه‌كی زۆری له‌سه‌ر بونیاتی كه‌سایه‌تییه‌كه‌یدا هه‌بووه؛ ده‌شڵێت، كاتێك باوكی چووه یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت، ته‌نیا ته‌مه‌نی شه‌ش مانگ بوو، كه گه‌ڕایه‌وه‌ش بووبووه 12 ساڵ، به‌ڵام هه‌رزوو زانی له پێناو دۆزی گه‌له‌كه‌ی په‌نای بۆ ئەو وڵاتە بردووە.
پێنجشه‌ممه، 8ـی ئایاری 2025، سه‌رۆك بارزانی له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی “شه‌مس” له به‌رنامه‌ی “The Capitol Hill Show”، كه له لایه‌ن ڕۆژنامه‌نووس “تیم کنستانتین” پێشكه‌ش كرا، ڕایگه‌یاند: مێژووی خه‌باتی ماڵباته‌كه‌یان له شێخ عه‌بدولسه‌لامه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات كاتێك له پێناو به‌دیهێنانی مافی نه‌ته‌وه‌كه‌ی و چه‌سپاندنی حه‌ق و عه‌داله‌ت ساڵی 1914 له لایه‌ن عوسمانییه‌كانه‌وه له مووسڵ له سێداره درا.
سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، كورد به درێژایی مێژوو، ڕووبه‌ڕووی ئازار و ئه‌شكه‌نجه بووه‌ته‌وه و له ماوه‌ی مێژووی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ییدا كاره‌ساتی گه‌وره‌ی به‌سه‌ردا هێنراوه، بۆ نموونه: ئه‌نفال و جینۆساید و هێرشی كیمیایی له مێژووی نوێ‌دا له دژی كراوه، به‌ڵام خاڵێكی گرنگه هه‌یه كه گه‌لی كورد سه‌رباری هه‌موو ئه‌و دوژمنكارییانه هیچ كات نا‌ئومێد نه‌بووه، به‌ڵكوو هه‌میشه گه‌شبین و ئومێده‌وار بووه به ئامانجه‌كانی ده‌گات، ئه‌مه‌ش بۆ به‌رخودانی هه‌موو گه‌لی كورد ده‌گه‌ڕێته‌وه و له‌م پێناوه‌شدا خه‌ڵكێكی زۆر گیانیان به‌خت كرد، ئه‌و دۆخه‌ی هه‌شه به‌رهه‌می خه‌بات و خوێنی هه‌زاران كه‌سی گیانفیدایه و ئه‌م دۆخه مایه‌ی شانازییه، به تایبه‌ت كه منه‌تی هیچ كه‌سی تێدا نییه و به‌رهه‌می خوێنی شه‌هیدانه.
سه‌رۆك بارزانی باسی له‌وه‌ش كرد، كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كه و له كۆنه‌وه بوونێكی مێژوویی له‌م ناوچه‌یه‌دا هه‌یه ته‌نانه‌ت زۆر پێش نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی ناوچه‌كه لێره‌یه، به‌ڵام به درێژایی مێژوو سته‌می لێ كراوه به تایبه‌تر دوای جه‌نگیی یه‌كه‌می جیهانی، به شێوه‌یه‌ك به‌بێ ئه‌وه‌ی پرسی پێ بكرێت، دابه‌ش كرا. هاوپه‌یمانانی براوه‌ی جه‌نگه‌كه یه‌كه‌م جار له میانی ڕێككه‌وتننامه‌ی سیڤه‌ر مافیان به كورد دا، به‌ڵام دواتر له په‌یماننامه‌ی لۆزان په‌شیمان بوونه‌وه. ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌م دابه‌شكردنه دۆخێكی تاڵی بۆ كورد دروست كرد و به‌جێ هێشت. كورد ده‌زانێت گۆڕینی ئه‌م دۆخه ئاسان نییه، به‌ڵام مانای ئه‌وه نییه له مافه‌كانی بێبه‌ش بكرێت. كورد وه‌كوو نه‌ته‌وه سته‌مێكی گه‌وره‌ی لێ كراوه، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئاشتیخوازه، نایه‌وێت ئه‌م دۆخه تاڵه به‌زۆر بگۆڕدرێت، به‌ڵكوو ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كانی ناوچه‌كه به‌یه‌كه‌وه ژیانێكی به‌خته‌وه‌ر و به شێوه‌یه‌كی دیموكراتی و ئاشتییانه پیاده‌ی مافه‌كانی بكات، با له چوارچێوه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌شدا بمێنێته‌وه كه به سه‌ریدا دابه‌ش كراوه، به‌ڵام ناكرێت هه‌تاهه‌تایه له مافه‌كانی بێبه‌ش بێت.
سه‌رۆك بارزانی له باره‌ی سووریا و پێشهاته‌كانی ئه‌م وڵاته گوتی: ئه‌و گۆڕانكارییه‌ی له‌م وڵاته ڕووی دا، پێشبینیكراو بوو، به‌ڵام به‌و خێراییه نا! ئه‌وه‌ی ڕووی دا، گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌یه و وه‌رچه‌رخانێكی مێژووییه له ناوچه‌كه‌دا. “پاشخانی سه‌ركردایه‌تیی نوێی سووریا ده‌زانین، به‌ڵام كاتێك ده‌سه‌ڵاتیان گرته ده‌ست، په‌یامی ئه‌رێنییان بۆ ئێمه نارد، هه‌ر چه‌نده تا ئێستا په‌یوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆمان نییه، به‌ڵام ناڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیمان هه‌یه، په‌یامه‌كه‌یان بۆ ئێمه ئه‌رێنییه، كه ده‌خوازن ئاشتیی له وڵاته‌كه‌یان به‌رقه‌رار بێت و شه‌ڕ نه‌بێت و ده‌یانه‌وێت له‌گه‌ڵ كورد بگه‌نه لێكگه‌یشتن، له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه له‌گه‌ڵ كوردی سووریا هه‌وڵمان دا یه‌ك هه‌ڵوێستیان هه‌بێت و یه‌ك بۆچوونیان بۆ داواكاریی كورد له حكوومه‌تی نوێی سووریا هه‌بێت. 26ـی نیسانی 2025، كۆنفرانسێك له قامیشلی به‌ڕێوه چوو، كورد له‌م كۆنفراسه‌دا ڕێك كه‌وتوون كه یه‌ك هه‌ڵوێستیان هه‌بێت و به یه‌ك هه‌ڵوێستیش بچنه دیمه‌شق، ئێمه‌ش پشتیوانی له‌وه ده‌كه‌ین، چاره‌سه‌ری كێشه‌كان به ئاشتییانه بكرێت.”
سه‌رۆك بارزانی له باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئێران گوتی: له مه‌هاباد كه شارێكی كوردییه له ئێران له‌دایك بووه، به گشتیی ئێران ده‌وڵه‌تێكی گرنگیی ناوچه‌كه‌یه و دراوسێی هه‌رێمی كوردستانه كه هه‌رگیز نه‌یویستووه كێشه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران هه‌بێت، به‌ڵام ده‌بێت په‌یوه‌ندییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێزگرتنی دوولایه‌نه و به‌رژه‌وه‌ندییه هاوبه‌شه‌كان بێت. هه‌رێمی كوردستان هیچ كات نایه‌وێت كێشه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران هه‌بێن، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا نایه‌وێت نه ئێران و نه هیچ وڵاتێكی دیكه ده‌ست بخاته ناو كاروباره ناوخۆییه‌كانی. په‌یوه‌ندییه‌كان هه‌ندێك جار گرفتی تێ كه‌وتووه، به‌ڵام ئێستا ئاسایی و باشه. “نامانه‌وێت كه‌س ده‌ست بخاته ناو كاروباره‌كانمان.”
هاوكات له باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێرانیش، سەرۆک بارزانی رایگەیاند: چاره‌كردنی كێشه‌كان له نێوان دوو وڵات یاخود له نێوان لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای گفتوگۆ زۆر زۆر باشتره له‌وه‌ی په‌نا ببرێته به‌ر شه‌ڕ وه‌كوو ئامرازێك بۆ چاره‌سه‌ری. هه‌رێمی كوردستان ئومێده‌واره گفتوگۆكانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران ئه‌نجامێكی باشی هه‌بێت، كه چاكه و به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لی ئێران و هه‌موو گه‌لانی ناوچه‌كه‌ی تێدا بێت و ببێته هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاسایش و سه‌قامگیریی ناوچه‌كه، واته ڕێككه‌وتنێك نه‌بێت له‌سه‌ر حیسابی خه‌ڵكی دیكه.
سه‌رۆك بارزانی له باره‌ی هه‌ڵوێستی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كه ده‌ڵێت: “ده‌بێت ئێران خاڵی بێت له ئه‌تۆم”. گوتی، ئه‌م لێدوانانه‌ی ئه‌م دواییانه وه‌كوو ده‌بینرێت دژ به یه‌كدین. “من له باره‌ی بابه‌تی ئه‌تۆم زۆر شاره‌زا نیم و ئاخۆ به چ شێوه‌یه‌كه؟ به‌ڵام جارێكی دیكه ده‌یڵێینه‌وه ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین كێشه‌كان به گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكرێن، جه‌ختیش ده‌كه‌ینه‌وه، ئه‌مه ڕێككه‌وتنێك نه‌بێت كڕین و فرۆشتنی خه‌ڵكی دیكه‌ی تێدا بێت.”
سه‌رۆك بارزانی تایبه‌ت به په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مه‌ریكا باسی له‌وه كرد: “ئێمه ده‌بێت به ویژدان بین، ئه‌و دۆخه‌ی ئێستا بینیوته، ئه‌گه‌ر بیست، سی ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بینیبات، هه‌ولێرێكی دیكه‌ت ده‌بینی، ساڵی 1991 ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا نه‌بووایه، ئه‌و ده‌رفه‌ته بۆ ئێمه نه‌ده‌ڕه‌خسا، كه ئێمه بتوانین وڵاتی خۆمان ئاوه‌دان بكه‌ینه‌وه و هه‌وای ئازادیی هه‌ڵبمژین، ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی بووین ناوچه‌ی دژه‌فڕینیان دانا. جارێكی دیكه ئه‌مه‌ریكا له شه‌ڕی داعش له ساڵی 2014ـدا پشتیوانی هه‌رێمی كوردستانی كرده‌وه و پشتیوانییه‌كه‌ی زۆر كاریگه‌ر بوو و پێشمه‌رگه توانی ئه‌فسانه‌ی داعش تێك بشكێنێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ئه‌م په‌یوه‌ندییانه هه‌وراز و نشێویان تێدا بووه، په‌یوه‌ندییه‌كانمان باشن، به‌ڵام چاومان له‌وه‌یه باشتریش بن.”
سه‌رۆك بارزانی له باره‌ی كه‌سایه‌تیی دۆناڵد تره‌مپ، گوتی: به داخه‌وه تا ئێستا نه‌مبینیوه، به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه شێوازی كاركردنی له سه‌رۆكه‌كانی پێش خۆی جیاوازه، هیوادارین تره‌مپ و گه‌لی ئه‌مه‌ریكا سه‌ركه‌وتوو بن. “من هه‌ندێك شتی تره‌مپم زۆر به دڵه، بۆ نموونه هه‌ندێك بڕیاری دا، من پشتیوانی لێ ده‌كه‌م و پێم وایه بڕیاری زۆر له جێ بوون.”
پرسی غه‌ززه یه‌كێكی دیكه بوو له‌و پرس و ته‌وه‌رانه‌ی سه‌رۆك بارزانی له چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا تیشكی خسته سه‌ر هه‌وڵه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و میسر و هاوبه‌شه‌كانیان بۆ ئاگربه‌ست و گوتی، ڕوونه ئه‌وه‌ی به ئه‌مه‌ریكا ده‌كرێت له سه‌رتاسه‌ری جیهان، به كه‌سی دیكه ناكرێت، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌م شه‌ڕه‌ی هه‌یه كاره‌ساته و ئه‌گه‌ر به ئه‌مه‌ریكا نه‌كرێت، باوه‌ڕ ناكرێت به هیچ كه‌سی دیكه بكرێت چاره‌سه‌ری ئاشتییانه بۆ ناوچه‌كه دابین بكات. هه‌رێمی كوردستان پێی خۆشه و پشتیگریی له هه‌ر هه‌نگاوێك ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری ئاشتییانه بێته كایه‌وه.
كه‌ناڵه‌كه پرسیاری كرد، ئاخۆ غه‌ززه چۆن ده‌توانێت چاو له هه‌رێمی كوردستان بكات، كه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕووی سته‌م و چه‌وسانه‌وه بووه‌ته‌وه، به‌ڵام ئێستاخاوه‌نی ئابوورییه‌كی باشه؟ سه‌رۆك بارزانی له وه‌ڵامدا گوتی، خه‌ڵكی كوردستان خاوه‌نی فه‌رهه‌نگێكی ده‌وڵه‌مه‌نده، كه بریتییه له پێكه‌وه‌ژیان و قبووڵكردنی یه‌كدی. به درێژایی مێژوو له كوردستان كێشه‌یه‌ك نه‌بووه له‌سه‌ر پرسی ئایینی یاخود مه‌زهه‌بی له‌گه‌ڵ هیچ گه‌لێكی دیكه و ئایین و مه‌زهه‌بێكی دیكه، ئه‌مه‌ش بۆ كوردستان زۆر یارمه‌تیده‌ر بووه، بۆ ئه‌وه‌ی چه‌ندین كێشه‌ی گه‌وره تێپه‌ڕێنێت، بۆ نموونه، ڕژێمی عێراق له حه‌فتاكان و هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م هه‌موو شتێكی دژی كوردستان كرد (ئه‌نفال، كه بووه هۆی بێسه‌روشوێنبوونی 180 هه‌زار كورد، هه‌روه‌ها كیمیاباران، كه له چه‌ند چركه‌یه‌ك پێنج هه‌زار ژن و منداڵ له هه‌ڵه‌بجه شه‌هید بوون، ته‌نانه‌ت سه‌رتاسه‌ری كوردستانی به چه‌كی كیمیایی بۆمباران كرد، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه زیانه زۆر گه‌وره بوو، پێش ئه‌م ڕووداوانه، فه‌یلییه‌كان، چونكه كوردن، ڕژێمی عێراق 12 هه‌زار گه‌نجی لێیان بێسه‌روشوێن كرد، هه‌روه‌ها هه‌شت هه‌زار بارزانی بێسه‌روشوێن كران. واته كۆی گشتیی 182 هه‌زار كه‌س له كوردستان بێسه‌روشوێن كران، كه زۆریان ژن و منداڵ بوون)، به‌ڵام له ڕاپه‌ڕینی ئاداری 1991ـی خه‌ڵكی كوردستان كه سوپای عێراق له جه‌نگیی كوه‌یت شكا، تۆڵه‌ی لێی نه‌كرده‌وه، به پێچه‌وانه‌وه هه‌موو ئه‌و سه‌ربازانه‌ی تاوانیان لێ كردبوو، ئازادیی كردن، “ئه‌مه شتێكی زۆر گه‌وره بوو و خۆم پێشبینیم نه‌ده‌كرد گه‌لی كورد به‌م ڕاده و ئه‌ندازه‌یه لێبوورده بێت و پابه‌ندی ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ی خۆی بێت!” گوتیشی: “ڕاستییه‌كه‌ی هه‌ندێك جار شه‌ڕ به‌رۆكت ده‌گرێت، بۆیه ناچاریت به‌رگریی بكه‌یت، له كاتێكدا شه‌ڕ له هه‌موو شتێك خراپتره، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له شه‌ڕ خراپتره، ئه‌وه‌یه مرۆڤ خۆی ڕاده‌ست بكات و به‌رانبه‌ر به زۆردار خۆی به ده‌سته‌وه بدات، به‌ڵام تۆ بچیت شه‌ڕێك دروست بكه‌یت، هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه، ئێمه هیچ كات نه‌چووینه شه‌ڕ دروست بكه‌ین، به‌ڵكوو به‌رگریمان كردووه و تۆڵه‌شمان نه‌كردووه‌ته‌وه و په‌نامان نه‌بردووه‌ته به‌ر تۆڵه‌كردنه‌وه، به‌ڵكوو گه‌لی ئێمه به‌رده‌وام لێبوورده بووه، ئه‌وان ده‌توانن له‌مه سوود له ئه‌زموونی كوردستان وه‌ربگرن.”
كه‌ناڵه‌كه پرسیاری ئه‌وه‌ی له سه‌رۆك بارزانی كرد، هه‌رێمی كوردستان بووه‌ته خاوه‌نی ئابوورییه‌كی پته‌و، ئه‌گه‌ر ته‌ماشای هه‌ولێر بكرێت، له هه‌موو لایه‌كه‌وه بووژانه‌وه ڕووی تێ كردووه و ئاوه‌دانه، ئاخۆ كلیلی سه‌ركه‌وتنی ئه‌م ئابوورییه چییه؟ سه‌رۆك بارزانی له وه‌ڵامدا تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی، هه‌موو مرۆڤێك ده‌بێت وڵاتی خۆی خۆش بوێت، خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانیش له‌م سۆنگه و ڕوانینه‌وه سه‌لماندوویانه وڵاتی خۆیان خۆش ده‌وێت. “حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌وانه‌ی له كه‌رتی تایبه‌تدا كار ده‌كه‌ن، هه‌مووان هه‌وڵیان داوه وڵاته‌كه‌یان ئاوه‌دان بكه‌نه‌وه. بۆ زانیاریی به‌ڕێزتان، 4500 گوندی كوردستان تاوه‌كوو ڕاپه‌ڕینی ئاداری 1991 له لایه‌ن ڕژێمی عێراقه‌وه وێران كرابوو و هه‌موو خه‌ڵكه‌كشی ئاواره كرابوو. هه‌ندێك جار كه ده‌چووم ته‌ماشای ئه‌و گوندانه‌م ده‌كرد، پێم وانه‌بوو قه‌ت بتوانین ئه‌م وڵاته ئاوه‌دان بكه‌ینه‌وه، ئێستا كه ده‌چم ئه‌و شوێنانه ده‌بینمه‌وه، مرۆڤ باوه‌ڕ ناكات ئه‌م هه‌موو گوند و ناوچانه ئاوه‌دان كراونه‌ته‌وه! ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌مه هه‌موو به هه‌وڵ و هیممه‌تی خه‌ڵكه‌كه بووه كه هاوكات دۆستانیشمان یارمه‌تییان داوین. ئێمه وڵاتێكی زۆر ده‌وڵه‌مه‌ندمان هه‌یه، به‌ڵام ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌مان نه‌بووه سوود له‌م ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌ی وڵاته‌كه‌مان وه‌ربگرین. بۆ نموونه عێراق كه له‌سه‌ر نه‌وتی كوردستانه و وه‌كوو ده‌وڵه‌ت دامه‌زرا، ئێمه خێرمان له‌م نه‌وته نه‌بینی، هه‌مووی ده‌كرایه پاره و به بۆمب و فڕۆكه و تانك ده‌درا و ئێمه‌یان پێ بۆردمان ده‌كرد. له دوای ڕووخانی ڕژێمی عێراق له ساڵی 2003، ده‌رفه‌تێكی زێڕین بۆ هه‌موو عێراق هاته پێش، ئێمه‌ش به هه‌موو هێزمانه‌وه چووینه به‌غدا و به بڕیاری په‌رله‌مانی كوردستان و به یارمه‌تی هاوپه‌یمانان و دۆستان عێراقێكی نوێ دروست بكه‌ین، تا به‌وه گه‌یشت ساڵی 2005 ده‌ستوورێك بۆ عێراق دابنرێت، كه بۆ ئه‌و كات و بۆ ئێستاش ئه‌م ده‌ستووره زۆر باشه ئه‌گه‌ر جێبه‌جێ بكرێت، به‌ڵام به داخه‌وه به ده‌ستوور پابه‌ند نه‌بوون. ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ی ئه‌مڕۆ كوردستان كه به‌ڕێزتان ده‌یبینن، به‌بێ ئاسته‌نگ و گرفت و ئالنگاری نه‌بووه، به‌تایبه‌تی كه به‌غدا له 2014ـوه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بڕیوه، نرخی نه‌وت دابه‌زی، پاشان كۆرۆنا هات، پێش ئه‌ویش شه‌ڕی داعش به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا هات، ئه‌مانه هه‌مووی هۆكار و ئالنگاری بوون بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م پێشكه‌وتنه‌ی هه‌یه تا ئه‌ندازه‌یه‌ك بوه‌ستێت و سست ببێت و وه‌كوو پێشوو نه‌مێنێته‌وه، كه ئێمه خواستمان بوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ئه‌مه بۆ هیممه‌تی خه‌ڵك ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه هه‌ر چه‌نده ئالنگارییه‌كان زۆر بوون، به‌ڵام خه‌ڵك له ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی نه‌وه‌ستا.”
كه‌ناڵی شه‌مش سه‌رنجی خسته سه‌ر پێشكه‌وتنی بواری په‌روه‌رده له هه‌موو هه‌رێمی كوردستان و مه‌به‌ستی بوو له زاری سه‌رۆك بارزانییه‌وه نهێنیی پێشكه‌وتنی ئه‌م بواره بزانێت، سه‌رۆك بارزانیش له وه‌ڵامدا جه‌ختی كرده‌وه، پێشكه‌وتنی هه‌ر وڵاتێك په‌یوه‌سته به ئاستی زانست، زانستیش به‌بێ په‌روه‌رده، په‌روه‌رده‌ش به‌بێ قوتابخانه و زانكۆ نابێت، ته‌نانه‌ت له سه‌رده‌می شۆڕشی ئه‌یلوولدا كه دۆخی شۆڕش و كوردستان به‌گشتی باش نه‌بوو و زۆر قورس بوو، به‌ڵام له‌ژێر بۆردمانی فڕۆكه‌كانی حكوومه‌تی عێراق خوێندن به‌رده‌وام و ئه‌شكه‌وته‌كان كرابوونه قوتابخانه و منداڵان تێیدا فێری زانست و په‌روه‌رده ده‌كران. “ئێمه هه‌ست به گرنگی خوێندن ده‌كه‌ین و میلله‌تێكی خوێنده‌وار، ده‌توانێت پێش بكه‌وێت و نه‌خوێنده‌وار هه‌ر له دواوه ده‌بێت.”
به‌بیرهێنانه‌وه‌ی سه‌رۆك جۆرج بۆش له لایه‌ن كه‌ناڵه‌كه‌وه، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی پرسیاره‌كان بوو كه ئاراسته‌ی سه‌رۆك بارزانی كرا و له وه‌ڵامدا گوتی: “سه‌رۆك بۆش جێی ئه‌وپه‌ڕی ڕێز و سوپاسه بۆ من و بۆ هه‌موو میلله‌تی كورد، دۆستێكی زۆر به‌ڕێز و گه‌وره‌یه.”
كه‌ناڵی شه‌مش مه‌به‌ستی بوو له باره‌ی كولتووری كوردییه‌وه بۆچوونی سه‌رۆك بارزانی وه‌ربگرێت و سه‌رۆك بارزانی له وه‌ڵامدا جارێكی دووباره‌ی كرده‌وه، كورد به‌و پێیه‌ی ده‌رفه‌تی پێ نه‌دراوه له بواره‌كانی سیاسی، بازرگانی و بواره‌كانی دیكه به ئازادیی كار بكات، بۆیه سه‌رنجی زۆری خسته سه‌ر كولتوور، كه له‌مه‌دا تا ڕاده‌یه‌ك ڕێگه‌ی لێ نه‌گیرا وه‌كوو ئه‌وه‌ی له بواره‌كانی دیكه ڕێگه‌ی لێ گیرابوو. ڕاستییه‌كه‌ی كورد خاوه‌نی كولتوورێكی ده‌وڵه‌مه‌نده كه هه‌ندێك تایبه‌تمه‌نده به خۆی.
كه‌ناڵی شه‌مش به سه‌رنجه‌وه باسی له پێشكه‌وتنه‌كانی كوردستان كرد له كاتێكدا مێژوویه‌كی پڕ له ئاسته‌نگ و ئالنگاریی هه‌یه. كه‌ناڵه‌كه مه‌به‌ستی بوو چیرۆكی سه‌ركه‌وتن و پێشكه‌وتنی كوردستان له دوای ساڵی 2025 و دوای ده بۆ بیست ساڵی دیكه به كوێ ده‌گات و كه‌شتی ئومێدی له چ كه‌نارێكدا له‌نگه‌ر ده‌گرێت. سه‌رۆك بارزانی بۆ كه‌ناڵه‌كه‌ی ڕوون كرده‌وه و گوتی: “باوه‌ڕێكی نه‌گۆڕم هه‌یه، مافی چاره‌ی خۆنووسین، مافێكی سروشتیی نه‌ته‌وه‌ی كورده، تاوه‌كوو ده ساڵی دیكه حه‌ز ده‌كه‌م كوردیش وه‌كوو هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه ڕۆژێك بێت ئازاد و سه‌ربه‌خۆ بێت، به‌ڵام ده ساڵی دیكه یاخود سه‌د ساڵی دیكه ئه‌وه‌یان نازانم و خوا ده‌زانێت.”
كه‌ناڵه‌كه تیشكی خسته سه‌ر كه‌سایه‌تی و ڕۆڵی سه‌رۆك بارزانی له پێشكه‌وتنی كوردستان و ڕوونیشی كرده‌وه، سه‌رۆك بارزانی له كاتێكدا سه‌ركرده‌یه‌كی خاكییه، ئایا له‌و ڕۆڵه‌ی هه‌یبووه له پێشكه‌وتنی كوردستاندا هه‌ست به هه‌ندێك شانازی یاخود هه‌ندێك ڕه‌زامه‌ندی ده‌كات؟ سه‌رۆك بارزانی له وه‌ڵامدا گوتی: “له ژیانمدا یه‌ك شتم نه‌كردووه باوه‌ڕم پێی نه‌بووبێت، له‌به‌ر ئه‌وه بیر ده‌كه‌مه‌وه له كوێ په‌شیمان ببمه‌وه، كه هیچ شتێك نییه لێی په‌شیمان بم، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مرۆڤ بگه‌ڕێته‌وه دواوه، زۆر شت هه‌یه ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌یزانم، ئه‌و كات بمزانیبایه، ڕه‌نگه به شێوه‌یه‌كی دیكه ڕه‌فتارم له‌گه‌ڵ بكردایه، به‌گشتی خۆشترین قۆناغ ده‌توانم بڵێم وه‌ختی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی ئاداری 1991 بوو، كه ده‌رفه‌تێكی دیكه بۆ خه‌ڵكی كوردستان هاته پێش و له سه‌ركوتكاری زۆری زۆرداران ڕزگاری بوو و ئه‌م دۆخه‌ی لێ هاته ئارا، كه ئه‌مه جوانترین قۆناغ بوو. پێشی ئه‌وه‌ش ئه‌و كاته‌ی منداڵ بووم، كه ته‌مه‌نم 10-12 ساڵ بوو، ساڵی 1958 باوكم له یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت گه‌ڕایه‌وه و شێخ ئه‌حمه‌د بارزانی مامم له زیندان ئازاد كرا و ماڵه‌كانی ئێمه جارێكی دیكه ڕێگه‌یان پێ درا، بگه‌ڕێینه‌وه شوێنه‌كانی خۆمان له ناوچه‌ی بارزان، ئه‌و كاتیش زۆر خۆش بوو، به‌ڵام ئه‌و كات من بچووكم، به‌ڵكوو ئه‌وه‌ی ڕاپه‌رین زۆر خۆش بوو.”