بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی دەڵێ، ھەموو ئامادەکارییەک بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی فۆڕمی خۆراک کراوە، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، لە داھاتوویەکی زۆر نزیکدا پرۆسەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، لە ھەر چوار پارێزگای ھەرێمی کوردستان ئامادەکارییەکان بۆ گۆڕینی فۆڕمی خۆراک کۆتاییان ھاتووە و لە داھاتوویەکی نزیکدا دەست بە دروستکردنی کارتی ئەلیکترۆنی دەکرێت، ئەوەش دەبێتە شوێنگرەوەی فۆڕمی خۆراک لە سەرتاسەری عێراق و ھەرێمی کوردستان، کە لە ژمارەیەک پارێزگای عێراق پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی فۆڕمی خۆراک دەستی پێکردووە.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی گوتیشی، ھەموو بریکارەکانی خۆراک لە ھەرێمی کوردستان خراونەتە نێو گرووپێکی تیلیگرام، لەو ڕێگەیەوە ڕێنمایی بە بریکارەکانی خۆراک دەدرێت، لە ڕۆژانی داھاتوودا پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی فۆڕمی خۆراک لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
شێخ کامیل ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە ماوەی دوو مانگدا ھەموو فۆڕمێکی خۆراک دەکرێتە ئەلیکترۆنی و ھەر ھاووڵاتییەکیش کارتی نیشتمانیی نەبێت، کارتی خۆراکی بۆ دروست ناکرێت، چونکە کارتی نیشتمانی کراوەتە بنەما بۆ دروستکردنی کارتی ئەلیکترۆنیی خۆراک.