ئەمڕۆ چوارشەممە 2025.5.7، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە ئامادەبوونى هێمن قادر، جێگرى پارێزگار و بە بەشدارى بەرپرسى نووسینگەى هەولێرى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆیى هەڵبژاردنەکان، لە پێناو داڕشتنى پلان و ئامادەکاریی بۆ بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنێکی ئارام بۆ پەرلەمانى عێراق و زەمینەخۆشکردن و فەرهەمکردنى ئازادی دەنگدەران لە کەشوهەوایەکی سەقامگیر لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنی هەڵبژاردنى پارێزگا بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، دواى گفتوگۆکردن سەبارەت بە دابینکردنى پێداویستییەکان و ئامادەکارییەکان لە بنکەکانى دەنگدانى تایبەت و بنکەکانى گشتیى دەنگدان لە ڕۆژانى بەڕێوەچوونى پڕۆسەکە، کە بڕیارە لە 11/11ـى ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، کۆبوونەوە ئەرک و کارەکانى هێزەکانی ناوخۆ و بەرگری شارستانی و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانى دیکەی دیاریکرد و ڕێکار و ڕێوشوێنی پێویستى بۆ جێبەجێکردنى بڕیارە و ڕاسپاردەکان داڕشت.
لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر، جگە لە دووپاتکردنەوە لە ئامادەباشیی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان، جەختی لەوەکردەوە، کە دەبێت پرۆسەی هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە سنوورى پارێزگاى هەولێر بەشێوەیەکى ئارام و لە کەشوهەوایەکی سەقامگیر و زۆر سەرکەتووانە بەڕێوەبچێت. بۆ ئەومەبەستەش ئامادەیی هەموو پاڵپشتی و هاریکارییەکى پارێزگاى هەولێری بۆ نووسینگەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە هەولێر نیشاندا.