دیندار زێباری: هاوکاریی نێودەوڵەتی بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان پێویستە

چوارشەممە، 07-05-2025، ستیڤن بێتنەر، کونسوڵی گشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەولێر، پێشوازی لە د. ديندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان کرد.

نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر چەند بابەتێکی پەیوەست بە ڕەوشی ماف و ئازادییەکان وەک بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، پێشخستن و پاراستنی مافەکانی ئافرەتان، ئازادیی ڕادەربڕین، بەرەنگاربوونەوەی وتاری ڕق و کینە و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: هاوکاری و هەماهەنگی لایەنی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکان پێویستە بۆ ئەوەی ڕاسپاردەکان جێبەجێ بکرێن، لەو ڕووەوەش ئەمەریکا دەتوانێت ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبێت بەتایبەتی لە بونیادنانی تواناکان، ئەنجامدانی وۆرکشۆپ و مێزگەرد لە ڕێگای ڕێکخراو و دامەزراوەکانیان، هەروەها هەوڵ بدرێت دامودەزگاکانی ئەمەریکا لە نزیکەوە ئاگادار بن لە رووی پابەندبوون بە ڕێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ.

هەر لەبارەی کۆبوونەوەکە، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند: لە دیدارەکەدا باسمان لە ئامادەکردنی پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی و ڕێوشوێنەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ ئەوەی بەپێی پێوەر و ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان کاریان لەسەر بکرێت، ئەوەشمان ڕوون کردەوە کە بەپێی ڕاپۆرتە بەراوردکارییەکانی نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، پرۆسەی جێبەجێکردنی پلانەکە بەشێوەیەکی گشتی پێشڤەچوونی زۆری بەخۆیەوە بینیوە لە گشت تەوەرەکان لە ڕووی دەرکردنی یاسا و ڕێنمایی تایبەت و هەنگاوی کرداری لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

دیندار زێباری، ئەوەشی ڕوون کردەوە، تیشک خرایە سەر بەشداریی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆکانی خولی (48)ی پانۆرامای خولی گشتگیر (UPR) کە لە مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ لە جنێڤ بەڕێوە چوو، و تێیدا (69) وڵات (279) ڕاسپاردەیان ئاڕاستەی عێراق و هەرێم کرد لەو چوارچێوەیەدا ژمارەیەک وڵات ستایشی حکوومەتی هەرێمیان کرد لە بابەتەکانی هەڵپەساردنی سزای لە سێدارەدان، پاراستنی مافی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان، بەشداری کارای ئافرەت لە کایەکانی دەوڵەت و بڕیاردان و بە هەنگاوی ئەرێنییان زانی.

لە بارەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ، دیندار زێباری گوتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستانگرنگییەکی زۆر بە ڕاپۆرتی ڕێکخراو و لایەنە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ دەدات، لەوانەش ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سەبارەت بە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ و ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ ئازادیی ئایینیی نێودەوڵەتی، لەم بوارەدا هەماهەنگی هەیە بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاریی ئه‌م هه‌ماهه‌نگییه‌ش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ وێنه‌یه‌كی واقیعی ده‌رباره‌ی ره‌وشی پێكهاته ئایینی و نەتەوەییە‌كان لە هەرێمی کوردستان بخرێتە ڕوو.

تۆڕی پەیوەندی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە دامودەزگاکانی هەرێم و پڕۆسەی هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی زانیاری و داتا لە پرۆسەی جێبەجێکردنی پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.