لە كۆنفرانسەكەی زانكۆی سۆران 51 توێژینەوەی زانستی پێشكەش كران

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

بە ئامادەبوونی، سەرۆكی زانكۆی سۆران و ئەندامانی ئەنجوومەنی زانكۆ و مامۆستا و قوتابیان، یازدەهەمین كۆنفرانسی قوتابی بە ناونیشانی “توانا و كارامەییەكانمان داهاتوومانن” كۆتایی بە كارەكانی هێنا.

لەدووەم ڕۆژی كۆنفراسەكەدا، پێشانگایەك لەلایەن، سەرۆكی زانكۆ كرایەوە، لە پێشانگاكەدا، چەند پۆستەر و بیرۆكەیەك و بەرهەمی قوتابیان نیشان دران.
دواتر ٤٣ توێژینەوەی زانستی لە لایەن قوتابیان لە فاكەڵتییەكانی ئاداب و ئەندازیاری و زانست و پەروەردە و یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكان و بەڕێوەبردن پێشكەش كران.
لە ماوەی دوو ڕۆژی كۆنفرانسدا، ٥١ توێژینەوەی زانستی لە بواری جیاجیا و ١٢ پۆستەر و چەند بەرهەمێكی دروستكراوی قوتابیان پێشكەش كران.
لە ڕاگەیێنراوێكی زانكۆی سۆراندا هاتووە كە كۆنفرانسی قوتابی، دەرفەتێكە لە ڕێگەیەوە قوتابیان بە توێژینەوە و بیرۆكە و بەرهەمە زانستییەكانیان، دەستنیشانی كێشەكان دەكەن و پێشنیازی گونجاو پێشكەش دەكەن. هەروەها هەلێكە بۆ كەرتی تایبەت و گشتی، تا لە نزیكەوە ئاگاداری كار و چالاكییە زانستییەكانی قوتابیانی زانكۆ بن و هەردوو لا باشتر سوود لە یەكتری وەربگرن.
لە كۆتاییدا لە لایەن، پ. ی. د. شێروان شەریف قورتاس، سەرۆكی زانكۆی سۆران، بڕوانامەی بەشداری بەخشرایە بەڕێوەبەرانی پانێل و پانلێستەكان و هەروەها سوپاس و پێزانینش بەخشرایە ئەندامانی لێژنەی ڕێكخەری یازدەهەمین كۆنفرانسی قوتابی.