حکوومەتی کوردستان گرنگی باشی بە کەرتی ئاژەڵداری و کشتوکاڵ داوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەھۆی بوونی کارگەی زۆم بۆ بەرھەمە شیرەمەنییەکان لە دەڤەری بارزان، خەڵکی ناوچە سنوورییەکان زیاتر بایەخ بە بەخێوکردنی مەڕ و ماڵات دەدەن، جگە لە ڕەخساندنی ھەزاران ھەلی کار بۆ ھاووڵاتییان، لایەنە پەیوەندیدارەکانیش، دەڵێن: بەھۆی گرنگیدانی حکوومەتی ھەرێم بە سامانی ئاژەڵ و کەرتی کشتوکاڵی، ئێستا خەڵکێکی زۆر ڕوویان لە بەخێوکردنی ئاژەڵ کردووە. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئیدارەی سۆرانیش، دەڵێت، کارگەی زۆم ڕۆژبەڕۆژ لە فراوانبووندایە و ئێستا کار بۆ کردنەوەی بنکەی تازەی وەرگرتنی شیر دەکەین.

بە پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، تا ئەمڕۆ چەندین بەرھەمی جیاوازی کشتوکاڵی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان، ئاستی بەرھەمھێنانیان لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان گەیشتووتە ئاستی خۆبژێوی.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەڵێنی ئەوەی بە جووتیارانی ناوخۆدا کە بەرھەمەکانیان لە ڕێی دۆزینەوەی بازاڕ لە دەرەوە، ھەناردەی دەرەوەی وڵات بکرێت، سەرۆکی حکوومەت بەڵێنەکەی بەجێگەیاند و توانرا بۆ یەکەمجار چەند جۆرێک لە بەرھەمی جووتیاران ڕەوانەی دەرەوە بکرێت و بازاڕی بۆ بدۆزرێتەوە، ئەوەش پێمان دەڵێت کە کشتوکاڵ لە ھەرێم ھەنگاوی گەورەی ناوە بەو پاڵپشتییەی حکوومەت کە بۆ بەرھەمی ناوخۆ دەیکات.
ڕۆژی سێشەممە ٣٠ ئایاری ٢٠٢٣ لە مەڕاسیمێکدا بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە گوندی ژاژووک لە سنووری قەزای مێرگەسۆر، کارگەی شیرەمەنی زۆم کرایەوە، ئەو کارگەیە لە ئێستادا ھەلی کاری بۆ زیاتر لە دوو سەد ھاووڵاتی ناوچەکە ڕەخساندووە، ئەو ژمارەیەش بەرەو ھەڵکشانە، سەرەڕای ئەوەی کارگەکە بەشێوەی ناراستەوخۆ ھەلی کاری بۆ زیاتر لە دوو ھەزار و حەوت سەد ئاژەڵدار ڕەخساندووە، لەڕێگەی کڕینی شیرەوە، لە ھەمان کاتدا دەبێتە ھۆی ئەوەی جووتیاران بەروبوومە کشتوکاڵییەکان بە ئاژەڵداران بفرۆشن، ئەمەش دەبێتە ھۆی بووژانەوەی کەرتی ڤێتێرنەری و ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ شارەزایانی ئەو بوارە، لە ئێستادا نزیکەی ٣٠ بنکەی کۆکردنەوەی شیر لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کراونەتەوە، دروستکردنی ئەم جۆرە کارگانە ڕۆلی دەبێت لە ھاوکاریکردنی حکوومەت بۆ کەمکردنەوەی داواکاری ھاووڵاتییان بۆ دامەزراندن.
کامەران حوسێن مامەند، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئاشکرای کرد: کارگەی زۆم لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زۆر گرنگە و یەکێکە لە کارگە ھەرە گرنگەکانی بواری شیرەمەنی کە ئێستا لە کوردستان ھەیە و لە ھەموو عێراقیشدا لە ڕووی کوالێتییەوە یەکەمە، چونکە لە کێبڕکێی نێوان ھەموو کارگەکان خەڵاتی یەکەمی پێدراوە لەسەر ئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستان، کە باشترین بەرھەمی کوالێتی و شیرەمەنیی ھەیە و یەکێک لە کارە باشەکانی ئەو کارگەیەش ئەوەیە، ئاژەڵەکان لەناو ژینگەی سرووشتیی ھەرێمی کوردستان دەژین، بۆیە ئەگەر بەراورد بە کارگەکانی دیکە بکەین، ئەو شیرەی ئەوان لەو ئاژەڵانەی وەردەگرن، لەناو کێڵگەکان بەخێو دەکرێن، بەڵام ئاژەڵەکانی ئەو کارگەیە لەناو سرووشتی کوردستانن، بۆیە ئێستا لە زۆرینەی قەزا و ناحیەکان کە ئاژەڵی لێیە، بنکەی کردووەتەوە و شیریان لێ وەردەگرن.
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، گوتیشی: کۆکردنەوەی شیریش ھەروا ھەرەمەکی نییە، بەڵکو تاقیگەیان ھەیە و شیر لە تاقیگە پێویستە دەربچێت و نابێت ئاوی تێدا بێت و تەنیا شیری مانگا کۆدەکەنەوە، بۆیە کۆمەڵێک مەرجیان ھەیە بۆ وەرگرتنی شیر و لیتری بە ٩٠٠ دینار لە ئاژەڵدارانی وەردەگرن و ھانی خەڵکیش دەدەن ئەوەی ئاژەڵێکی ھەیە زیاتری بکات و مانگای شیر زیاتر بەخێو بکرێت، چونکە بەرھەمەکەی ساخ دەبێتەوە و ئەمەش وادەکات ڕێژەی ئاژەڵ و بەرھەمی شیرەمەنی زیاتر بێت، بۆیە کۆمپانیایەکی نیشتمانییە و ھیچ ماددەیەکی پارێزراوی زیادکراو لەناو بەرھەمەکان ناکرێت و بەرھەمەکانیش دەدرێتە دوکانەکان کەی فرۆشتیان ئەوکات پارەیان لێوەردەگرن، بۆیە کاریگەری زۆری لەسەر ناوچەکە و ھەرێمی کوردستان دروست کردووە، ئێستا دەیانەوێت بۆ وەرگرتنی شیریش بنکەی زیاتر بکەنەوە کە جۆری بەرھەمیشیان زۆرە وەکو ماست و ماستاو و لۆر و پەنیر و بەرھەمی دیکەش.
بەرپرسانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، بەھۆی گرنگیدانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سامانی ئاژەڵ ئێستا خەڵکێکی زۆر ڕووی لە بەخێوکردنی ئاژەڵ کردووە، بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم بۆ لێخۆشبوونی گومرگی ھاوردەکردنی ئاژەڵ ئەو ئاژەڵانەشی گرتەوە کە بۆ بەخێوکردن ھاوردە دەکرێن، ئەمەش ھۆکارێکی دیکەیە تا خەڵک ڕوو لە بەخێوکردنی ئاژەڵ بکات، چونکە خەڵک پێشتر چاوی لە دامەزراندن و کارکردنی دیکە بوو، ئێستا ئاژەڵداری قازانجی زۆرە و ھەلی کاری بۆ دەڕەخسێت، ئەوەش وای کردووە خەڵک ڕوو لە ئاژەڵداری بکات، چونکە ھەم ئاژەڵەکانیان لە بازاڕ پارە دەکەن ھەم بەرھەمیشی ساخ دەبێتەوە.
باس لەوەش دەکەن، ئاژەڵداری چەند پێشبکەوێت کەرتی کشتوکاڵ زیاتر پێشدەکەوێت، چونکە ئەوەی ئاژەڵی ھەبێت پێویستی بە گەنم و جۆ و بەرھەمی دیکە ھەیە و کەرتەکە فراوانتر دەبێت، بۆیە ئەمەش خاڵێکی گرنگە بۆ ئەو کەسانەی ئاژەڵ بەخێودەکەن، بۆیە حکوومەت گرنگی باشی بە کەرتی ئاژەڵداری داوە و بەردەوامیش خەڵک ڕوو لە بەخێوکردنی ئاژەڵ دەکەن. ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دھۆک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: حکوومەتی ھەرێم، بەتایبەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی زۆر گرنگی بە کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری داوە، ئەوەش بۆ ئەوەیە کە سەرچاوەکانی داھات فڕە چەشن بکرێن، لە ھەمانکاتدا ھیچ کەرتێک وەکو کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری ھەلی کار ناڕەخسێنن.