وەزیری دارایی لەبارەی داهات و مووچە لەگەڵ تێمێكی وەزارەتی دارایی عێراق كۆبووەوە

ئەمڕۆ سێشەممە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی کرد لە تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان.

لەدیدارێکدا گفتوگۆ لە سەر بەرنامەی کاری تیمە هاوبەشەکان کرا کە ماوەی چەند ڕۆژێکە بە مەبەستی ئامادەکردنی ڕاپۆرتی وردبینی لە داهات و خەرجی سێ مانگی سەرەتای ساڵی 2025 لە هەرێمی کوردستانن.

وەزیری دارایی وەک هەمیشە ئامادەییی وەزارەت و بەڕێوبەرایەتییەکانی بۆ هاوکاری و هەماهەنگی دووپات کردەوە و ڕایگەیاند كە هەرچی داتا و زانیاری پێویست و بەردەست بێت دەخرێتە بەردەم تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری داراییی عێراق و هەرێمی کوردستان.

لە بەشێکی تری دیدارەکەدا وەزیری دارایی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراقی لەسەر ئاستی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی بۆ تیمە هاوبەشەکان ڕوون کردەوە کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئەوانەی تەمەنیان لە 60 ساڵ زیاتر بووە ڕەوانەی خانەنشینی کراون و بەشێک لەوانەشی کەسوکاری شەهید و زیندانی سیاسی بوون بە پێی بڕگەیەکی یاساکە خزمەتیان بۆ درێژکراوەتەوە.

هاوکات کورتەیەکیشی لەسەر دواین هەنگاوەکانی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچە لە ڕێی پرۆژەی (هەژماری من) خستەڕوو و ڕایگەیاند كە بەپێی ئەو پلان و بەرنامانەی دانراون لە ئەمساڵدا زۆربەی مووچەخۆران دەبنە خاوەن هەژماری بانکی خۆیان و پڕۆسەکەش بە باشی بەڕێوە دەچێت.

لای خۆشیانەوە تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری داراییی عێراق و هەرێمی کوردستان سوپاسی وەزیری دارایی و ئابوورییان کرد کە بە درێژایی چەند ساڵی ڕابردوو هاوکار و پشتیوانی بەردەوامیان بووە و بەردەوام دەرگای وەزارەت و بەڕێوبەرایەتییەکانی بەڕوویاندا کردۆتەوە.